ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێت

محمد ئەمین پێنجوێنی
  2019-11-08     1391
چیرۆکی( ١٩)
بەبۆنەی ڕۆژی (کۆبانی) یەوە
ئێمەیش لەسەرکەوتنی کۆبانی ئاگەدار بوین ....!!
کۆبانی‌و شەڕڤانەکانیان یەکەم هێزبون بەتیرۆری داعشیان گوت نـــا، نـــا. ئێوە دەبێت بڕوخێن‌و نەمێنن. ئێوە شێرپەنجەن لە لەشی مرۆڤایەتیدا دەبێت ڕیشەکێش بکرێن.

کۆبانی لەژێر دروشمی سەکەوتن، یان سەرکەوتن،یان سەرکەوتن بڕیاری بەرخۆدانی هەتا مردنی دا . شەڕ درێژەی کێشا، شەڕ گەرم بو، هەموو دنیا و ئەو دەوڵەت و هێزانەی لە ناوچەکەدا بوون، چاویان لەوە بوو بزانن ئایا شەڕڤانەکانیش وەک هێزە عێراقی و کوردییەکان دەبەزن ، چەک فڕێ دەدەن و دەیقووچێنن. 

ئاخر دوو (فرقە )، لە سوپای عێراق کە بە هەموو چەکێکی مۆدێرن و تەکنەلۆژیای سەردەم پڕچەک بوون، دوو ( هێز)ی پێشمەرگە لە بەرامبەر ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ چەکداری تیرۆر هەڵبێن، گەمەیەکی سەرسوڕ هێنەر بوو،گاڵتە نەبوو.
لە دیدی شارەزا و شرۆڤەکارانی سەربازیشدا جێگەی پرسیار بوو. ئەنجامەکەشی جینۆسایدی (ئێزیدی) یەکان و هەراج کردنی نامووس و کەرامەتیان بو

لە دیدی شارەزا و شرۆڤەکارانی سەربازیشدا جێگەی پرسیار بوو. ئەنجامەکەشی جینۆسایدی (ئێزیدی) یەکان و هەراج کردنی نامووس و کەرامەتیان بوو. هەر لەبەر ئەمە هەموو جیهان چاوی بڕیبووە کۆبانی. شەڕ درێژەی کێشا بەرخۆدانی شەڕڤانان هەموو هێز و دەوڵەتانی تووشی شۆک کرد. هەموو سەرسامی خۆیان بەرامبەر بەم داستانە بێ وێنەیە هێنایە زمان. بەتایبەتی ئەمەریکا و ئەوروپا، بۆیە هێزی هاوپەیمانان کەوتنە ئەوەی چۆن پەیوەندی لەگەڵ شەڕڤاناندا دروست بکەن.

بۆ ئەمە، بەرپرسێکی بڵند لە باشوور پێوەندی پێوە کردم و گوتی: هاوپەیمانان دەیانەوێت، پێوەندی لەگەل شەڕڤاناندا بکەن و داوای زانیاریی دەکەن لەسەر چۆنیەتی شەڕ. بەندە ئەوکاتە تێکەڵیم هەبوو، ئاگەداری ڕەوشەکە بووم لە کۆبانی، هەر لەو کاتانەدا لە وڵاتێکی ئەوروپاوە کەسایەتییەکی کورد بە تەلەفۆن ئاگەداری کردم کە(ئەمریکییەکان داوای تەلەفۆنی تۆیان لە من کردوە ئەیانەوێت قسەت لەگەڵدا بکەن).

بەڵام کێشەکە بۆ من ئەوە بوو کە زمانی (ئینگلیزی)م، نەدەزانی، پاش چەند تەلەفۆنێک کەسێکیان هێنا بە عەرەبی قسەی دەکرد، ئیتر کارەکە ئاسان بوو.
گوتی ئێمە دەمانەوێت یارمەتی کۆبانی بدەین و کەسێکمان دەوێت لە ناو شەڕەوە بە ئینگلیزی لەگەڵی بئاخڤین.

تا بەڕاستی (احداسیات ) مان بداتێ وبزانین، ئێمە دەتوانین چی بکەین بۆ کۆبانی، چونکە ئێمە نامانەوێت کۆبانی وەکو شەنگالی لێ بێت .

من ئەم پەیامەم گەیاندە شەڕەڤانەکان و بە تەلەفۆن پێوەندیشیم بە هەڤاڵ ( صالح موسلیم ) ەوەکرد، کە لە وڵاتێکی ئەرووپا بوو، زۆرر سەرسام بوو بەو هەواڵانەی کە من پێم گەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا کارەکان جێبە جێ کران. لەڕێگە بەرپرسێکی باڵای (یەکێتی)ەوە پەیوەندییان بۆ من دروست کرد لەگەڵ ژوورێکی ئۆپەراسێۆن ( عملیات ) (ئەمەریکی، عێراقی و کوردی) لە کوردستان٫ ئیتر بە بەردەوامی ڕەوشی بەرخۆدان و بەرگری دەگەیشتە ژووری (عەملیات) .لە ڕێگەی ئەو پێوەندییە سێ قۆڵییەوە.

ڕۆژێک هەرچی ئامێری ئەلیکترۆنی هەبوو لەلای من هەمووی لەکار کەوت !!
ئەو هەڤاڵە دەسترۆیشتووەی (یەکێتی )م ئاگەدار کردەوە، گوتی: دەرفەتێکم بدەرێ بزانم چییە؟ بەڵام تۆ شوێن و جێگەکەی خۆت بە جێ بهێلە. بە تەلەفۆن و ژمارەی دیکە کارەکەت بکە. هەر وامان کرد پاش نزیکەی ١٠ کاتژمێر ئامێرەکان کەوتنەوە کار. مەمنا دەوڵەتێکی زلهێز کە لە کوردستاندا دەزگەی هەواڵگرییان هەیە، ویستبوویان بزانن ئەم هەموو کۆنێکشنە چییە لەم گەڕەکەدا.

ئێستەش ئەو نامەیەی شەڕڤانەکانی ناو (کۆبانی)م ماوە کە دەڵێت: ئێمە لە یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەدا گەمارۆ دراوین و بڕیارمانداوە بەرخۆبدەین و بە دووا فیشەک. ماڵئاوایی لە کوردو کوردستان بکەین!!

من، ئەم نامەیەم گەیاندە هەموو لایەک، ناوەرۆکی نامەکەو وەرگێڕدراوە ئینگلیزییەکەی نامەکە، لە ژووری (ئۆپەراسێۆنەوە) گەیشتە پایتەختی ئەمەریکا و دەوڵەتە ئەوروپیەکان.

ئەگەر بڵێم زیاتر لە بیست ڕۆژ، شەوی دوو یان سێ کاتژمێر کاتم هەبووە بۆ خەوتن
ئیتر کەوتینە کۆکردنەوەی پێداویستی شەڕ و ئەو شمەکانەی ئەوان داوایان کردبوو. لە سلێمانی ٨ تۆن لەلایەن (یەکێتی)ەوە کۆکرایەوە،(پارتی)چوارتۆن، هاوپەیمانانیش ھەشت تۆن، گشتی بیست تۆن ژووری(ئۆپەراسێۆنەکان)کۆوەکرا، تورکەکان بەمەیان زانی، ویستیان ڕێگری لە ناردنی بکەن،بەڵام( فەڕەنسی) یەکان پێداگری زۆریان کرد بۆ ناردنی. هاوپەیمانان پاش چەند ڕۆژ گفتوگۆ بڕیاریاندا بە فرۆکە هەر بیست تۆنەکە وەکو یارمەتی شەڕ بخەنە خوارەوە.هەر بیست تۆنەکە زۆر بە دیقەت کەوتبوونه ناو سەنگەری شەڕڤانانەوە، ئەوەی جێگەی سەرسامی بوو، پەڕەشووتێک کەوتبووە ناو سەنگەری داعشەکانەوە من زۆر غەمبار بووم پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسە باڵاکەی یەکێتی کرد گوتی دووایی باسی لێوەدەکەین. تومەس ئەمە کاری ( CIA )بووە. بۆ هەر پارچە چەکێک( GPS) لێیان بەستووە، بەو هۆیەوە زۆر حەشارگەی( داعش )یان بۆ فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئاشکرا کرد.

ئیتر پاش ئەم ئۆپەراسێۆنە، دەوڵەتی تورک ناچار بوو ڕێگە بدات هێزی پێشمەرگە بچێت بۆ یارمەتی کۆبانی. تورکەکان لەوە دەترسان کە پرسی کۆبانی بکرێت بە کێشەیەکی نێودەوڵەتی. ئەو کاتەی کە تفاقی شەڕ لە ئاسمانەوە بەر دەدرانەوە و دەکەوتنە دەست شەڕڤانان، بەرپرسەکەی یەکێتی لە دەرەوەی کوردستان بە تەلەفۆن پێی گوتم ئەمشەو تێر بنوو، کۆبانی ناکەوێت.

دووا نامە کە لە (کۆبانی)و هەڤاڵانەوە بۆم هات دەڵێت: ئەو یارمەتییانە، مۆڕاڵی شەڕوانانی زۆر بەرز کردەوە و گیانی بەرخۆدانی گەیاندە ئاسمان ...
سەرنج.....
١- بۆیە ئێستا ئەم نهێنیانەم ئاشکرا کرد وتم نەکا لەگەڵ خۆمدا ببیانبەمە ژێر گڵ !!
٢-زۆر وردەکاری تر هەن لە بیرەوەرییەکانی تردا باسیان لێوە دەکەم.
٣- لەسەر داوای خۆیان ناوی ئەو کەسایەتییانەمان نەهێنا، کە باسمان لێوە کردوون.
٤- فەرەنسییەکان، ئەمە یەکەمجار نییە هەڵوێستی مێژویی و مرۆڤانەیان بەرامبەر دۆزی کورد هەیە،بۆ نمونە مەسەلەی دژە فڕین و ناوچەی ئارام بۆ باشوور پێشنیاری فرانسۆ میتران و فەرەنسا بوو. ئێستاش هەڵوێستی زۆر باشیان بەرامبەر بە ڕۆژئاوا هەیە .......-
چەپێک گوڵ و چەپکێک نێرگز بۆ ئێوەی ئازیز. هەزار چەپکە گوڵ بۆ ( ژەنڕاڵ ) منیش لەپردی باشوور- باکوور پەریمەوە بۆ ڕۆژ ئاوا !

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×