ڕوانینێ له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئابوری ئه‌مرۆی‌ كوردستان

د.محەمەد ئەمین
  2020-05-12     125
ئابوری به‌مانا ئه‌كادیمییه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بریتیه‌ له‌هەموو  ئەم  چالاكیانەی‌ كه لەناو ئەم  قۆناغ‌و سیسته‌مانەدا ڕووئەدات، كه‌ كاڵاو خزمه‌ت گوزه‌رانیه‌كانی‌ تیا به‌رهه‌م دێ له‌گه‌ڵ داهات‌و قازانج له‌چوارچێوه‌ی‌ سیسته‌می بەڕێوەبردن‌و كارگێری بۆ رێكخستنی بنه‌ماو ره‌گه‌زه‌كانی ئابووری كه‌ سیسته‌می به‌رهه‌مهێنانی كاڵاكان، سه‌رمایه‌ی به‌كارهاتوو (هه‌ردوو سه‌رمایه‌ی مادی‌و مرۆی)، بازاڕو كرێی كار وه‌ ئیدارەو دابه‌ش بوونی‌ داهات له‌خۆ ئه‌گرێ له‌ژێر چه‌تری سیاسه‌تی ئابووری كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاراسته‌ ئه‌كرێت یان له لایەن دەزگاو دامەزراوەكانەوه بەتایبەت دامەزراوه پیشەسازی‌ و ئابووریە گەورەكانەوه  به‌پلەو ئاستی جیاواز  بەپێی‌ توانا , گەورەیی وه كاریگەریی‌ان لەسەر كایەكانی ئابووری, سیاسی وه كۆمەڵگا . كورتكراوەی‌ ئەمەش بۆ مانای‌  ئابوری‌ بریتیه لهتوانای‌ به‌دەستهاتوو هێنانی‌ پاره / دارایی  وه  ئیداره و چۆن و چەند  بەكارهێنانی‌ پاره.

هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌روەكوو  ئاماژەمان پێدا ,  هەر  دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره‌ یان بچووكی ئابووری بۆخۆی سیاسه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ له هەیكەلی‌  ڕێكخستن , چه‌ندایەتی‌ و جۆرایەتی‌ به‌رهه‌م , به بازاركردن ((marketing  وه‌ كێبركێی بازاڕا خۆی ئه‌بینێته‌وه‌ به‌ له‌به‌رچاو گرتنی سیاسه‌تی ئابووری گشتی وڵات به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به ‌باج ، گومرگ ، كرێی كار، سیاسەتی دارایی, سیاسەتی‌ پارەوه  مافی به‌كاربه‌ر وه‌ هەیه , ئه‌مرۆ له زۆر شوێنی‌ پێشكەوتووی دنیا به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی , تەندروستی‌ وه‌ ژینگه‌یش له‌خۆ ئه‌گرێت .

ئامانج له‌ سیاسه‌ت و سیسته‌می ئابووری
له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی ئامانج له‌ سیاسه‌ت و سیسته‌می ئابووری بریتیه‌ له‌ وه‌گه‌ڕخستنی هه‌موو توانا ماددی‌ و معنەویەكانی‌ وڵات كه‌ ئه‌توانرێ  بەكاربێن و كارا بكرێن له‌ ئابووری نیشتمانی وه‌كو به‌گه‌رخستن و به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌كانی سروشتی ، خاك ، ئاو ، هێزی كار وه‌ تواناو سه‌رمایه‌ی مرۆیی له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌مێ كه‌ باشترین وه‌ ته‌ندروسترین ئامانجی ئابووری هه‌بێ كه‌ به‌ كورت كراوه‌یی بریتی‌ بێ له‌ وه‌گه‌ڕخستنی هێزی كاری وڵات به‌ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی ئابووری كه‌ بتوانێ زۆرترین هێزی كاری وڵات له‌خۆبگرێت ، وه‌ ڕێژه‌ی بێكاری بگاته‌ نزمترین ئاست له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆ به‌جۆرێ زۆرترینی كاڵاو پێویستیه‌كانی به‌كاربه‌رانی وڵات له‌ ناوخۆدا به‌رهه‌م بێ وه‌ فه‌راهه‌م بكرێت ، كه‌ دوا ئامانجیش له‌مه‌ دابینكردنی ژیان و گوزه‌رانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یه‌ بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و وه‌ دابینكردنی داهات وه  ئاسایشی ئابووریه‌ بۆ گه‌ل و وڵات .

كام سیسته‌م و سیاسه‌تی ئابووری ئه‌توانێت ژیان و خۆشگوزه‌رانی و ئاسایشی ئابووری بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و وڵات دابین بكات ؟

دوای قۆناغی پیشه‌سازی و فراوان بوونی ره‌هه‌نده‌كانی ئابووری وه‌ سنوره‌كانی ئابووری هه‌روه‌ها دروست بوونی چینی سه‌رمایه‌دارو كرێكار له‌ ئه‌نجامی پێشكه‌وتنی ره‌هه‌نده‌كانی زانست ، ته‌كنه‌لۆژی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، ئابووری وه‌ فكری سیاسی و فه‌لسه‌فی ، بوونی سیسته‌می سیاسی‌ به سیاسەت و  ناسنامەی‌  ئابووری بوو بە بابه‌تی هه‌ره‌ گرنگی ژیانی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی سیاسی ، ئایدۆلۆجی وه‌ فكری . دینامیكی ئابووری ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی ، فكری وه ئایدۆلۆجی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م دوو ڕوانگه‌ی له‌سه‌ر سیسته‌می ئابووری به‌رهه‌م هێنا كه‌ بریتیه‌ بوو له‌ سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیزم به‌م جۆره‌ش له‌ رووی ئایدۆلۆجیه‌وه‌ بۆ هه‌ریه‌كێ له‌م روانگانه‌ ئاده‌م سمیس وه‌ك تیئۆریستی وه‌ زانای ئابووری سه‌رمایه‌داری وه‌ كارل ماركس وه‌ك زانا و فه‌یله‌سوفی بواری سۆسیالیزم نوێنه‌رایه‌تیان ئه‌كرد .

كام له‌م دوانه‌ راست ئه‌كه‌ن وه‌ راستیان كرد په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌زموونی سیاسی ، ئابووری هەتا ده‌رونی ، قەرهەنگی‌ وه پا شخانی شارستانی تاك كۆمه‌ڵگا ، وه‌ هه‌روه‌ها دۆخ و ئاستی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌ .

هه‌ڵبه‌ته‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ هه‌ریه‌كێ له‌و دوو روانگه‌و زانایه‌ له‌ ژیانی ئه‌مرۆ به‌تایبه‌ت دوای رمانی سیسته‌می سۆسیالیستی له‌ كۆتایی ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو گۆرانی گه‌وره‌ی به‌سه‌رهاتووه‌ به‌له‌به‌رچاو گرتنی دیارده‌ی گلۆبالیزم ، په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندی ئابووری نیشتمانی گه‌لان و وڵاتان به‌ سیسته‌می ئابووری وه‌ دامه‌زراوه‌ ئابووریه‌ جیهانیه‌كان له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی به‌ بازاری ناوچه‌ی و جیهانی .

له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا كه‌ په‌رچه‌مداری بازاری ئازاد و سیسته‌می ئابووری سه‌رمایه‌دارین ، پێشكه‌تنی ئابووری هاورێك له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی فه‌رهه‌نگی ، فكری ، كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ هه‌تا هونه‌ری و ئه‌ده‌بی گه‌شه‌ی كردووه‌ به‌ جۆرێك فه‌رهه‌نگی هاوكاری (solidarity) وه‌ به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی ((Social responsibility  و مرۆیی كه‌م تا زۆر له‌ سیسته‌می ئابووری دا به‌هه‌موو تێبینیه‌كه‌وه‌ جێگه‌ی خۆی گرتوه‌ . ئه‌مجار له‌ رۆژئاوا به‌هۆی فه‌رهه‌نگی چه‌سپاوی داد و دادوه‌ری هه‌ندێ رێ و شوێن له‌به‌رچاو گیراوه‌ كه‌ هاوسه‌نگی له‌نێوان بازار و مافی به‌كاربه‌ر له‌به‌رچاو بگیرێ ، گرنگترین خاڵ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ قۆرخ كاری (monopolistic) بازار به‌ یاسا یاساغ كراوه‌ هه‌تا له‌ ئه‌مریكاش كه  به‌ سه‌رمایه‌دارترین وڵاتی جیهان و سه‌رده‌م ناسراوه‌ قۆرخ كاری یاساغ كراوه  . ئه‌مجار به‌یاسا گه‌نده‌ڵی وه‌ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌ ئامانجی دەستكەوتی ئابووری به‌ته‌واوی یاساغه‌و هه‌ركه‌سێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ ئیمتیازی ئابووری خۆی و نزیكانی یان گروپی خۆی به‌كاربهێنێت ئه‌وا یاسا ئاماده‌یه‌ بۆ رێگریكردن و سزادان ، كه‌ بۆ ئه‌مه‌ ده‌یان نموونه‌ی زیندوو هه‌یه‌ كه‌ چۆن یاسا سزای ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌دات كه‌ گه‌نده‌ڵی سیاسیان ئه‌نجام داوه‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان بۆ مه‌رامی كه‌سی خۆیان به‌كارهێناوه‌ .

له‌ وڵاتانی دواكه‌وتوو له‌ رووی ئابووری ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، فه‌رهه‌نگی وه فكریەوه  لێپرسیاریه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هاورایه  به  ده‌ستكه‌وت و ئیمتیازی ئابووری و خۆ دەوڵەمەندكردن به ناشرعی‌ لەسەر حسابی‌ قوتی‌ خەلك و  بەرژەوەندی‌ گشتی‌ له‌م وڵاتانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌ن دارایی و ئیمتیازی ئابووری ئه‌وا خۆ خزاندنه‌ ناو سیاسه‌ت ئاسانترین رێگه‌یه‌ ، كه‌ هیچ هه‌وڵو زانین و داهێنانی ناوێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌ن دارایی و ده‌وڵه‌مه‌ندی ته‌نها خۆ بینینه‌وه‌یه‌ له‌ به‌ناو حیزبێكی ده‌سه‌ڵات كه‌ له‌م شوێنانه‌ حیزبی سیاسی و ده‌سه‌ڵات به‌ ته‌واوی كاراكته‌ری میلشیایی هه‌یه‌ .

له‌ هه‌ندێ شوێنی تر كه‌ خه‌ڵك بریار ئه‌دات لەسەر  جۆری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌  وه‌كو وڵاتانی سكاندناوی وه‌ هه‌ندێ وڵاتانی تری رۆژئاوا هه‌تا ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات و هه‌ندێ شوێنی تر بنه‌مای ئابووری تێكه‌ڵاو به‌كاردێنن به‌وه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌ت خاوه‌نداری كه‌رته‌ گه‌وره‌كانی ئابوور ئەكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ شوێنی كار وه‌ ئابووری وڵات هه‌موو نه‌كه‌وێته‌ ژێر ره‌حمه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت . له‌هه‌مان كاتیشدا لەم ولاتانه بازار ئازاده‌ بۆ ئەوانەی‌ كه‌ توانای داهێنان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ڵك له‌ هەمو توانای تاكه‌كان وه‌ربگیرێ وه بوار بدرێ به‌شداربن له‌ داهێنان و گه‌شه‌ی ئابووری وڵات له‌ كه‌رتی تایبه‌تیدا وه‌ تا له‌ناو كه‌رتی گشتیدا تواناكانیان ون نه‌بێت . به رای به‌نده‌ ئه‌م جۆره‌ ئابووریه‌ ( تێكه‌ڵاو ) ته‌ندروسته‌ بۆ وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌سه‌ندوو چونكه‌ له‌ وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌سه‌ندووبه‌ كوردستانیشه‌وه‌ ، ئاستی زانستی ، پیشه‌یی وه‌ نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی ئابووری وه‌ فێركردنی تۆكمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت زۆرترین هێزی كار به‌شێوه‌ی كاراو به‌ ئامانجدار رابێنرێ بۆ بازاری كار بوونی‌ نیه یان ئەگەر  هەشبێ زۆر لاوازه . لەم شوێتانه زۆربه‌ی خه‌ڵك ناتوانێ له‌گه‌ڵ بنه‌مای بازاری ئازاد هه‌ڵ بكات ، چونكه‌ هه‌ر وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا له‌ ووڵاتانی دوا كه‌وتوو له‌ رووی ئابووری ٫  كۆمه‌ڵایه‌تی ٫ بیری سیاسی‌ ٫ دیمكرا سی‌ ٫ ٫ مرۆیی و نیشتمانیه وه  بازارو كایه‌كانی ئابووری قۆرخ كراوه‌ ، وه‌ بوونی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هەموان  بوونی نیه‌ .

سیسته‌م و ره‌وشی ئابووری ئەمرۆی‌ كوردوستان چیه‌و چۆنه‌ ؟

له‌ژیر رۆشنایی هه‌موو ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌توانین بڵێین كه‌ سیسته‌می ئابووری له‌ كوردستانی باشوور ئەم پێناسه‌‌ی نیه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئابووری دروست بووببێت .

ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌ی ئابووری ده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ( سۆسیالی ) ته‌مه‌شای بكه‌ین ، شتێك نه‌ماوه‌و نیه‌ بەناوی ئابووری ده‌وڵه‌تی كه‌ رۆڵی هه‌بێت له‌به‌خۆگرتنی هێزی كار له‌ بواری به‌رهه‌م هێنانی نیشتمانیدا ، وه‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئابووریانه‌ی كه‌ له‌كاتی رژێمی روخاوی پێشوودا وه‌كو ئابووری ده‌وڵه‌تی یان كه‌رتی ده‌وڵه‌تی / گشتی بوونیان هه‌بوو دوای روخانی رژێم هه‌موویان به ناوی‌ بازاری‌ ئازادو كه‌رتی تایبه‌ت هەموویان تالان كران له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی . ئەمرۆ  گروپه‌ چه‌كداره میلیشیاكان  بوون به‌ خاوه‌نی كه‌رته‌كانی ئابووری ده‌وڵه‌ت ٫ ئەمەی‌ كه‌ سوودی راسته‌وخۆو خێرای هەبوو ‌بێ بۆخۆیان به‌كاریان هێنان ئه‌وه‌ی تریشی ته‌واو وێران بوو یان فرۆشتیان به‌ ئه‌رز و ئامێر و هه‌موو ده‌زگاكانەوه وه‌ پاره‌كه‌شی بۆ حیزب و گروپه‌ چه‌كداره‌كان بوو نه‌ك  بۆ خەڵك و  دەوڵەت  بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌بوارێكی ترا به‌كاربێته‌وه‌ بۆ سوودی‌  خه‌ڵك .

كاتێك كه‌ كه‌رتی ئابووری ده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌بوو تاڵان كراو نه‌ما ، له‌هه‌مان كاتیشدا كه‌رتی تایبه‌ت نه‌یتوانی ببێته‌ بنه‌ما بۆ ئابووری نیشتمانی وه‌ جێگری كه‌رتی گشتی بكرێته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كاراو گونجاو كه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی شوێنی كار بۆ لاوان و خه‌ڵك وه‌ هه‌روه‌ها ببێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ داهاتی‌ نیشتمانی كه‌ بتوانێت پێویستیه‌ داراییه‌كانی وڵات دابین بكات وه‌كو مووچه‌و پرۆژه‌كانی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و دروستكردن و په‌ره‌پێدان له هەموو بوارەكانی‌ ژیانا بەهۆی‌ گەندەڵی و داگیركردنی‌ بازار لەلایەن  میلشیاكانەوه . ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ به‌ناو حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ له باشوور  هه‌م له‌ روانگه‌ی ئابووری ده‌وڵه‌تی هه‌م له‌ روانگه‌ی ئابووری بازاری ئازاد شكستێكی گه‌وره‌ی هێناوه بەڵگه‌ی ئەم شكستەش وێران بوونی‌  تەواوی‌ كه‌رته‌كانی ئابووری وڵاته هەر له كه‌رتی كشتوكاڵ ، پیشه‌سازی ، خزمه‌تگوزاریه وه تا پشتگوێ خستن و له ناوچون و بیرچونەوەی‌ هەموو پیشەیەكی‌ كوردەواری وەكوو  چنین ، رستن ، جۆلایی وه دەرمانسازی‌ و … هتد . بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌رته گرنگانه‌ی ئابووری هه‌ر له‌ كشتوكاڵه‌وه‌ بگره‌ تا ئه‌گاته‌ پیشه‌سازی ، خزمه‌تگوزاری وه گه‌شتوگوزاری توانا ویست ، به‌رنامه‌ ، كار ، دڵسۆزی ، روونی ( شفافیه‌ت ) ی زۆری پێویسته‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه مرۆ  ئه‌مانه‌ هیچیان نین .

هه‌ڵه‌كانی سیاسه‌تی ئابووری كوردستانی باشوور
یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌ كوشنده‌كانی باشوور ئه‌مه‌ بوو كه‌ له‌ دوای 1991 وڵات كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی حیزبی كه نەك هیچ هیواو ئامانج و مەبەستی‌ نیشتمانیان نەبوو به  دروستكردنی پایه‌ی ئابووری نیشتمانی ، به‌ڵكو زیاتر وه‌ك ده‌رفه‌تێك وه‌ فرسه‌تێك  تەماشای‌ ولاتیان كرد ، مەغۆل ئاسا وه هەتا  ئیستاش لەهیچ تاوان و تالانیەكی‌ ئابوری‌ دەستیان نەپاراستوه ، بەرهەمی‌  ئەمەش  ئا ئەمەیه كه ئەمرۆ ئەی‌بینین ولات بەرەو  تاریكی‌ و  ئایندەیەكی‌ نادیار  ئەروات . 

دوای رووخانی رژێم وه‌ رژانی پاره‌ی زۆر له‌ به‌غداوه‌،ئه‌مجار قۆناغی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت و ده‌ست كه‌وتنی پاره‌ی نه‌ختینه ‌(cash) /نقد/ ی‌ زۆر  وای كرد كه‌ ئه‌م هه‌سته لای‌ بەناو بەرپرسان / میلشیاكان دروست بێت كه‌ مادام پاره‌ی نه‌وت هه‌یه‌ و پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ دێت پێویست به‌ كه‌رته‌كانی تری ئابووری ناكات . وه‌ هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ هه‌ڵه‌یه‌ش بوو كه‌ وای كرد خه‌ڵكی كوردستان تووشی ئه‌م حاڵه بێده‌رامه‌تیه‌ بن كه‌ ئه‌مرۆ هه‌مووان توشی بوون له‌ ئه‌نجامی فه‌شه‌لی سیاسه‌تی نه‌وت و هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ له‌ گرێ به‌سته‌ نه‌وتیه‌كان. هه‌ڵه‌یه‌كی تری كوشنده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ سیاسه‌ت و ستراتیجییه‌ك نه‌بووه‌ له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌و داهاتی نه‌وت كه‌ بتوانێ به‌كاربێ بۆ دروست كردنی ژێرخانی ئابووری بۆ كه‌رته‌كانی تری‌  ئابووری وه‌كو كشتوكاڵ وه‌ پیشه‌سازیكردن و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ ، دامه‌زراندنی بنه‌ما و دامه‌زراوه‌ و دامه‌زراندنی نەخشەی‌ به پیشه‌سازیكردن ولات وه‌ په‌رەپێدانی كه‌رتی خزمه‌تگوزاری و به‌ پیشه‌سازیكردنی ئه‌مجار په‌ره‌پێدان و چاككردنی وه‌ فراوان كردنی كه‌رتی گه‌شتوگوزارو له‌گه‌ڵ ژێرخانه‌كه‌ی .

ئێستا نه‌وت وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی یان كاڵایه‌كی بازرگانی مامەڵەی‌ له‌گه‌ڵا ئەكرێ وه به‌كاردێ تا له‌زوترینكاتدا زۆرترین بڕ بفرۆشرێ و زۆرترین داهاتی تیا ده‌ست بكه‌وێت ئه‌میش نه‌ك بۆ حكومه‌ت و خه‌ڵك به‌ڵكو ‌ بۆ ئه‌وانەیه ‌كه‌ به‌هێزی‌ میلشیایی خۆیان كردۆته‌ خاوه‌نی نه‌وتی وڵات و ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی نه‌وتا گرتووه‌ هه‌ر له دۆزینەوه ، ‌گرێ به‌ست ، پشكه‌كانی نه‌وت ، ده‌رهێنان وه فرۆشتنی و تا ئه‌گاته‌ داهاته‌كه‌ی كه تا ئێستاش نه‌ خه‌ڵك و نه‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی  بەناو حكومی ئه‌زانێ بری داهاته‌كه‌ی چه‌نده‌ ؟ به‌چه‌ند فرۆشراوه‌ وه‌ كێ خاوه‌نی پشكه‌كانی نه‌وته‌ له‌ پشكه‌كانی بازاری جیهانی وەکێ  وه بەچ مافێ خۆی‌ كردۆته خاوەنی نەوت و سامانی‌ ولات   ؟  . 

هه‌ر ئه‌م ناروونی ، گەندەڵی‌ گەورەو ترسناك وه نه‌بوونی سیاسه‌تی نیشتمانی له‌مه‌ر نه‌وت بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو كایه‌كانی ژیان بوه‌ستێ وه‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و وڵات له‌ ئێستاو داهاتوودا لێڵ و تاریك بێ . ترسناكی ئه‌م حاڵه‌ هه‌ر بۆ ئه‌مرۆ نیه‌ به‌ڵكو كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیان , ئاستی عه‌قل , فكر , فه‌رهه‌نگی نه‌وه‌كانی داهاتووش . كاتێ كه‌رته‌كانی ئابووری وێران ئەبێ ئه‌وا كه‌رتی په‌روه‌رده , فێركردن , ته‌ندروستی وه‌ كایه‌كانی هونه‌ری , فه‌رهه‌نگی , ئه‌ده‌بی وه كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌گه‌ڵ خۆیا وێران ئه‌كات وه تاكو كۆمه‌ڵگا ئه‌گێرێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگای سەرەتایی / فگری كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆی هه‌ره‌شه‌ی جددیه‌ له‌سه‌ر بوون و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌و وڵات وه‌ك یه‌كه‌یەكی‌ بەردەوامی‌ ژیانی‌ مرۆوی و شارستانی . ئەمەی‌ ئیستا  رووئەدات دژی‌ خەڵكی‌ كوردوستان  بەهەموو  پێوەرێ  ئەنجامدانی‌ تاوانی‌ كۆمەڵكوژیه به ئابووری وه بەدەستی‌ تاوانی‌ كوردی‌ خۆی‌ .

سه‌رئه‌نجام : ئه‌مرۆ ئابووری كوردستانی باشوور نه  لەسەر ‌ بنه‌مای ئابووری  ده‌وڵه‌تیه‌ وه نە له‌سه‌ر بنه‌مای بازاری ئازاد كه‌ هه‌لی یه‌كسان و  داد پەروەرانه  بۆ هه‌مووان فەراهەم  بکات وه‌ هه‌موان بتوانن تواناو دارایی تیایا سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن به‌ڵكو بازار به‌ته‌واوی قۆرخ كراوه‌ وه‌ به‌ گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری قۆرخ كاران و تالانچیان  بازاری ئازاد به‌كاردێ و سوودی لێوه‌رئه‌گیرێ بەجۆرێ  كه تالانی‌ ،  فەساد وه تاوانی‌ ئابووری بۆته سیماو  ناسنامەی‌ ئابووری ولات .   هه روەكوو ئەبینین  نه‌وتیش  به‌هۆی نه‌زانی ، قۆرخ كاری ، فەساد و تالانی‌  له تەواوی‌ فایلی‌  نتوتدا له A تا  Z نه‌یتوانی ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی ئابووری نیشتمانی كه‌ هاوڵاتیان له‌ سێبه‌ریدا هه‌ست به‌خۆشگوزه‌رانی و ئاسایش بكه‌ن  به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی نه‌وت ببێته‌ رووناكی بۆته ئاگر  ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك ئه‌سوتێنی و بۆته تاریكی و تارمایی و كابووسی ژیان  ‌.

نەبوونی ئابووری ده‌وڵه‌تی و ناكارابوونی ئابووری بازاری ئازادو فه‌شه‌لی سیاسه‌ت و ئابووری نه‌وت كاره‌ساتی دارایی و ئابووری و بژێویان بۆ خه‌ڵك و وڵات دروست كردووه‌ كه‌ هه‌ره‌شه‌ی جددیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی‌ ژیانی‌ خەڵك ،  وه هه‌موو شتێك به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ دارمانی‌ بەردەوام ئه‌بات ئیتر پرسیار ئه‌مه‌یه‌ چی بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی ئابووری راستبكرێته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی و دابینكردنی ژیانێكی شه‌ره‌ف مه‌ندانه‌و سه‌ربه‌خۆیانه‌ باسێكی تره‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رچی زووتره‌ به ‌جددی كار بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ی بكرێت له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان ؟.

وەلام هەرچییەك بێ ، بوونی‌ سستەمێكی‌  دیمكراتیك ، بەشداری‌ خەڵك له بریاری‌ سیاسی‌ ، ئابووری‌  ، پرسه چارەنووسسازەكان وه  گەرانەوەی‌ خاوەنداریەتی‌   ولات و سامان بۆ خەلك مەرجه بۆ  چارەسەریی  بنەرەتی‌ و  هەمیشەیی هەموو ‌گرفتەكان لەوانه ئەم ‌گرفته ئابورییه كوشندەییەی‌ ئەمرۆ كه بۆته كابوسی‌ ژیانی‌  هاوڵاتیان .  

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×