هەمومان کراوین بە'ئایلا"!
  2019-08-17       2485       

د. شوان عەبدوڵا حەمەد


من پێموایە لەم ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ساڵەی هەڵکشانی گەورەی سەرمایەداریدا، ئەو گاڵتەجاڕی و بازرگانیکردنەی بە مرۆڤ و روحیەوە ئەکرێت لەسەردەمی لە خوێندا گەوزانی گلادیەیتەریشدا نەکراوە. ئەوسا یان رەش یان سپی، ۲ پیاوی کۆیلەیان ئەخستە بەرامبەری یەکتری بۆ دڵخۆشی و پێکەنینی کۆمەڵێک خانەدان. یەکێکیان یەکێکیانی ئەکوشت، تەواو. بەڵام ئەوەی ئێستا لە سایەی هەژمونی (هەیمەنە) مۆدێرنەتەی سەرمایەداریدا ئەگوزەرێت، خۆشت هەستی پێناکەیت کەی و چۆن بە کوشتت ئەدات. هەموو ژیانی لێکردوین بە ساحەی شەڕەشمشێری گلادیەیتەرەکان، لە هەر چوار لاوە فرۆشتوینی، ئنجا دور لە خۆشمی تیانیە. دە فەرمون با بەرێزێک بڵێت من نەکەوتومەتە ژێر سیحری سەرمایەداریەوە.. کێ وەک دگ دگە ڕاناکات بە دوای ژیاندا و هەر ناشیگاتێ؟


ئەوە بە گشتی بۆ مرۆڤ، ئنجا باسی ژینگە و ئاژەڵ و کەژ و کێو هەر ناکرێ، سەرمایەداری هەموو سەوزایی و داری ئەم گۆی زەویەی لەسایەی پیشەسازیگەراییەکەیەوە، لە دوکەڵدا خنکاند. ئاژەڵی کێوی هەمو قەتڵ و عام کرد و پێستەکەی کرد بە قەمسەڵە بۆ خانەدانەکان، هەمومانی بە دوکەڵەژەهری کارخانە و فرۆکە و ماشێنەکانی دوچاری شیرپەنجە و دەردەسەری کرد... سەرەتان باجی ئەجێ خێرلەخۆنەدیوەکەشی کوشت!


ئنجا لە ناو مرۆڤیشدا، سەرمایەداری بە تایبەت گۆڵی خۆی لە ژنان کردوە، وەک بڵێی جەرگ و دڵی ژنانی بڕیوە، راست و رێک لە ژنێتی خۆیانی خستون. فەرمون تەماشا بکەن، هەمو دنیای ژنی کردوە بە پارە، تەنانەت مەرجی خۆشەویستیە بێ مەرجەکەشی ئەمرۆ پارەیە. کورد ئەڵێت 'ژن بۆ جوانیەکەی و پیاو بۆ پارەکەی'. پێتان وانەبێت ئەمە تەنها بۆ کورد راستە، بەڵێ لای ئێمە کچە بە ئاڵتون و ماڵی جیا و تروتەشقەڵەی بێ روح، پاک و جوان خۆی هەراج ئەکات، بەڵام لە دنیای وولاتانی پێشکەوتو لە سایەی سەری سەرمایەداری و لیبرالیزمەکەیدا، ژن رۆژانە خۆی هەراج ئەکات. بۆ نمونە لە باڕێکەوە دەست پێ بکە، ژنە بەم هەمو نازداریەوە وەک گوڵەمێلاقە لەسەر ستولی باڕ بە خەندەیەکی فراوانەوە دانیشتوە، خۆ هەر کە سڵاوت لێکرد ئیتر، هەر لە پەرداخە شەرابی ئاڵەوە... ئەتخاتە سواڵ. لەوێشەوە مەرگەساتەکە دەست پێ ئەکات، ئەو بەردەوام خۆی ئەفرۆشێت و تۆش بەردەوام ئەبێت بیکڕیت. کاتێکیش دەخیلەکەت ئاشبەتاڵی لێکرد، خۆشەویستی و کۆڵ کۆڵێنیش خۆری ئاوا ئەبێت. من ئەم بە کاڵا کردنەی ژنان و (پیاوانیش) بۆ بەنج کردنی عەقڵ لەلایەن مۆدێرنەتەوە ئەگەڕێنمەوە.


هیچ کەس و شت و شمەکێک بە ئەندازەی ژن نەکەوتۆتە بەر شاڵاوی بە کاڵا کردن و کڕین و فرۆشتنی مۆدێرنەتەی سەرمایەداری، من شک نابەم. پیاو تەنها رەنجەکەی ئەکڕدرێت و ئەفرۆشرێت و بە تاڵان ئەبردرێت، بەڵام ژن جەستەی پارچە پارچە کراوە و هەر لە دەست و پەنجەی هەتا قژی و چاوی و مەمکی و قاچی و سمت و ران و لوت و گوێچکە و هەمو جەستەی ئەکڕدرێت و ئەفرۆشرێت و پارەی خۆی ئەکات. واتە تەشبیهات نەبێت وەک بەراز ریخۆڵەکەشی بە فیڕۆ نادرێت و ئەکرێت بە سۆسج. ئۆجالان لە کتێبی ژنۆلۆژیدا قوڵتر داخڵی کێشەکە ئەبێت و ئەڵێت 'ئەپرسن ئایا ژن روحی هەیە؟ ئەگەر هەیەتی، ئەبێت چەند بکات؟' واتە خەریکن بە تەواوی روحیشی ئەفرۆشن، ئەمەش هەموی بێ ئاگاداری خۆی و لە ژێر ناوی فاشن و مۆدێل و جوانی و هونەر و پەبڵیک فیگەر و ئەکتین و تەڕەماشا، کچی ئەو عالەمەیان هەمو توشی نەخۆشی ئەنەڕێکسیا (لاوازی لەڕادە بەدەر) کرد.


بە کورتی و بە کوردی هەر 'ئایلا' نیە و بە تەنیا، بەڵکو هەمومان کراوین بە 'ئایلا'!


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×