چاوەڕوانی...!!
  2025-07-02       125       

ھێمن مەحموود

 

چاوەڕوانیم خوێندەوە، وەک (ئارام کاکەی فەلاح) ی چیرۆکنووس و نووسەری ڕۆمانەکە دەڵێت ئەم ڕۆمانە لە سەرەتای کارەکان و بەرھەمەکانیەتی و ساڵی ١٩٩٢ لە ستۆکھۆڵم چاپ و بڵاویکردۆتەوە.

 

من کاک ئارام لە ساڵانێکی زۆر زووە دەناسم، تەنانەت یەکجاریش پێکەوە دانیشتووین و دەمەتەقێمان پێکەوە ھەبووە، ئێستاش ھەر لەم فەیسبووکەوە ھاوڕێین بەڵام ڕاستییەکەی ماوەیەکی زۆرە قسەمان پێکەوە نەکردووە.

کاک ئارام چیرۆکنووسێکی بەتوانا و ورد و جواننووسە، من ھەر لەڕێگەی چیرۆکەکانیشەوە ناسیوومە، وەک ڕۆمان ئەمە یەکەم بەرھەمیەتی بیخوێنمەوە.

چاوەڕوانی چیرۆکی گەنجێکە کە دەبێتە قوربانی سیاسەت و ململانێی سیاسی باوک و مامەی، چیرۆکە مێردمنداڵێکە کە جەنگ و ململانێ سیاسییەکان ھەر لە تەمەنێکی زووەوە وای لێ دەکات بکەوێتە ماڵی مامەی و ھەڵوەدای عەشقێکی ناکام بێت کە ھەر لە منداڵییەوە تووشی دەبێت و تا گەورەبوون بەرۆکی بەرنادات، عەشقی نەرمین کە دوای ئەوەی کۆلێژی پزیشکی تەواو دەکات ئیدی بەختیاری خۆشەویستی کە خوێندکاری بەشی مێژووە پشتگوێ دەخات و پێی وایە ئەو قسە ھەلەق و مەلەقانەی دەیکات نیشانەی شێتییە و دەستی لێبەردەدات.

لەم کتێبەدا کار لەسەر مێژوو کراوە و شێخ مەحموود پاشا و پاڵەوانی ناو خەونی کوردان لە ھەندێک دیمەندا ڕۆڵی دراوەتێ و چەقۆی ژەھراوی و غەدری مێژوو لێی خراوتە زوو.

(ئارامی کاکەی فەلاح) لە وەسف و دروستکردنی وێنەدا زۆر لێزانە و دەستێکی باڵای ھەیە، زمانێکی سادەی بێ گرێ، دیمەنی جوانی خەیاڵڕفێن، ھەستی ناسک و مرۆڤدۆستانە ھەر وەک خۆی، جا ئەوەی ئارامی لەنزیکەوە دی بێت دەزانێت چەندە لەسەرخۆ و ھێمن و بێدەنگ و سۆزدارە.

ڕاستییەکەی بە ھیوام لە فرسەتێکی دیکەدا ڕۆمانەکانی دیکەی بخوێنمەوە، بەڵام ئەم ڕۆمانەی ئەگەر وەک سەرەتا تەماشا بکەین ڕۆمانێکی ناسک و خەیاڵ ئامێزە، ھەرچەندە نەیتوانیوە زیاتر ئاشنای ژیانی پاڵەوانەکەمان بکات و چارەنووسی کەسە نزیکەکانی ئاشکرا بکات و زۆر بەخێرایی زەمەنی تێپەڕاندووە بێ ئەوە وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکان بداتەوە.

زمانی نووسینی کاک ئارام زۆر ناسکە، ھێندە ناسک مرۆڤ ئەگەر دەستی بداتێ ڕەنگە بشکێت، ئەوەتا لە شوێنێکدا دەنووسێت: دەبمە دەریا، ھەناسەکانم بە شەپۆل، خەیاڵم دەبێتە کەشتی، منداڵیم بە دەریاوان، تاسەم بەسەرەتاتکێ، دڵم بە قیبلەنوما، چاوەکانم بە دووربین، خۆیشم لەخۆم جیا دەبمەوە و دەبم بە ڕۆحێکی تەنیا و دوورە دەست، ھەر شڵپ و ھوور، ھاژوھووژمە و سەوڵ لێدەدەم و بە خۆم ناگەم، تەنیا دوو ھۆ تەنیاییان بە من بەخشی.

یان لە شوێنێکی تردا دەڵێت: ھەموو چرکەیەک کە تێدەپەڕی تەمەنێک بوو، ھەموو چرکەیەک موویەکم سپی دەبوو، تا کاتژمێر شەش من فریاکەوتم، دوو جاران لە ھۆش خۆم بچم، دوو پاکەتیش بکێشم و بیکەمە دیاری ھەناسەم. من عاشق بووم، تا سەعات شەش من چەند جارێک خەونم بینی و چەند جارێک بە مەرگ شاد بووم.

ئەوەی چیرۆکەکانی ئارامی خوێندبێتەوە ئیدی پێویست بەوە ناکات بزانێت خەیاڵی نووسینی چۆنە، تێ دەگات ئەوەی ئارام دەنووسێتەوە دونیایەکی جوانتر و ژیانێکی ناسکتر و سادەتر و جیاوازتر و خەیاڵڕفێنترە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×