دوای ئەوەی سەرۆككۆماری ئێران یاسای راگرتنی هاوكاریی ئێرانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم خستە بواری جێبەجێكردن. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا كرد تەواوی سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوەو وەزارەتی درەوەی ئەڵمانیاش بڕیارەكەی ئێران بە "كارەسات" ناودەبات.
ئاوێنە: وتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئەڵمانیا لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای راگرتنی هاوكاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەلایەن ئێرانەوە بە "كارەسات" ناوبردو وتی، بۆ گەیشتن بە رێگە چارەیەكی دیپلۆماسی، پێویستە ئێران، هاوكار بێت لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
لەلای خۆیشییەوە گیدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێكدا لە تۆڕی ئێكس وتی، ئێستا كاتی سەپاندنەوەی سزاكانە بەسەر ئێراندا، من داوا لە هەر سێ وڵاتانی ئەوروپی، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا دەكەن كە تەواوی سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە.
وەزیرە ئیسرائیلییەكە بڕیارەكەی ئێرانی بۆ راگرتنی هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە "نەنگ" نوابردوە وتویەتی"ئەم هەنگاوە پێشێلكردنی تەواوەتی هەمو پەیماننامە و پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی ئێرانە لە بواری وزەی ئەتۆمدا."
گیدیۆن ساعر وتویەتی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ئێستا هەنگاوی یەكلاكەرەوە بنێت و تەواوی میكانیزمەكان بەكاربهێنێت بۆ راگرتنی خواستە ئەتۆمییەكانی ئێران.