"كاریگەی ئەو هەوا فێنكەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە زیاتر دەبێت"
  2025-07-02       1056       

شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی دەكات لە رۆژانی داهاتودا كاریگەری ئەو بارستە هەوا فێنكەی كە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە زیاتر ببێت و پلەكانی گەرما زیاتر نزم ببنەوە. دەشڵێت، لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوەوە كاریگەری هەوا فێنكەكە لاواز ئەبێت بەڵام تا نزیكەی ناوەڕاستی ئەم مانگە پێشبینی گەرمای بەهێز و بەتین ناكرێت.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەممشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە شەپۆلێکی بەتینی گەرما زۆرێکی وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە و لەهەمان کاتیشدا بارستە هەوایەکی سارد لە باکوری رۆژئاوای روسیاوە کاریگەریەکانی درێژبوەتەوە بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بوەتە هۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرماو هەستکردن بەکەشێکی فێنک لەشەودا کە ئەمەش بۆ مانگی تەمموز حاڵەتێکی نایاب و دەگمەنە.

وتوشیەتی، کاریگەری ئەو بارستە هەوایە بەردەوامی ئەبێت و لە رۆژانی داهاتوودا بەتایبەت هەینی و شەممە کاریگەرییەکانی زیاتر ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرما بەرێژەی 3 تا 4 پلەی دیکە نزمدەبنەوە و کەشەکە فێنکتر ئەبێت بەجۆرێ لە ناوچەکانی سنوری گەرمیانیش پێشبینی ئەکرێ پلەی گەرمی لەرۆژدا بۆ خوار 40 پلەی سەدی نزمببێتەوە و لەسەنتەری پارێزگاکانی هەرێمیش بۆ 33 تا 35 پلە .

ئاماژەی بەوەشداوە، کاریگەری ئەو بارستە هەوایە لە رۆژی یەکشەمەی داهاتوەوە 6/7/2025 لاواز ئەبێت بە شێوەیەکی هێواش لەسەر ناوچەکانمان دوردەکەوێتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، سەبارەت بە شەپۆلەکانی گەرماش بەگشتی تا نزیکەی ناوەڕاستی مانگ پێشبینی گەرمای بەهێز و بەتین و ناکرێت و بەشێوەی ئاسایی گەرمای هاوینە دوای ئەو فێنکییە بەردەوامی ئەبێت .

ئاراس جەبار ئەوەشی خستۆتەڕو، هەر لە رۆژی یەکشەممەوە 6/7/2025 بەهۆی دورکەوتنەوەی پاڵەپەستۆکەی باکور بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، چالاکبونی بەهێز لە بای باکوری رۆژهەڵات ئەبێت لەسەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و خێرایی باکە لە نێوان 20 تا 60 کم لە کاتژمێرێکدا چالاک ئەبێت و بۆ ماوەی چەند رۆژێکی دیاری نەکراو بەردەوامی ئەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×