وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی عێراق –تورکیاوە، دەشڵێت: ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان كاریگەری زۆری لەسەر سێ كۆمپانیای ئەمریكی هەبووە، كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە.
ئاوێنە: تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە دەستپێتکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا بەم شێوەیە زانیاری خستەڕوو، پێویستە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆریی عێراق -تورکیاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان كاریگەری زۆری لەسەر سێ كۆمپانیای ئەمریكی هەبووە، كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە.
وتیشی: ڕاگرتنی نەوت تەنیا ڕێگر بووە لە گەشەی ئابووری عێراق و بەرژەوەندی كۆمپانیا ئەمریكییەكان، هاوکات هۆكارێکیش بووە بۆ زیادبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا، بۆیە پێویستە بە زووترین كات ئەو پرسە چارەسەر بكرێت.
باسی لەوەشکرد: بۆڕی بەندەری جەیهان ڕێگەیەكی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەكان، ئەمەش سودی بۆ ئابووری عێراق و هەرێم و هەروەها كۆمپانیا ئەمریكیەكانیش هەیە.
جێگای ئاماژەیە، ساڵی ٢٠١٤ عێراق دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی توركیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد و ساڵی ٢٠٢٣ عێراق سکاڵاکەی لە دژی تورکیا بردەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا هەناردەی نەوت لە رێگای بەندەری جەیهانی توركیەوە ڕاگیراوە.