عراقچی: بەردەوام دەبین لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم
  2025-07-02       265       

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەڵام هیچ سیاسەتێكی بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نییەو دەشڵێت، دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ زیانی گەورەی پێگەیشتوە.

ئاوێنە: عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سی بی ئێس رایگەیاند، ئیمە بۆ پیشەسازیی پیتاندنی یۆرانیۆم زەحمەتی زۆرمان كێشاوە، هەم زاناكانی ئیمە زەحمەتی زۆر و هەوڵی زۆریان داوە، هەم خەڵكی ئێمەش بەرگەیان گرتوەو لەپێناو پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر لە 20 ساڵە لەژێر سزای زۆر قورسداین.

وتوشیەتی، ئێستاش كە لەپێناو پیتاندنی یۆرانیۆمدا جەنگاوین و 12 رۆژ جەنگی قورسمان لەبەر ئەم بابەتە هەبوە. بۆیە بەهیچ شێوەیەك كەس ناتوانێت ئەم پیشەسازییە وەلابنێت. ئەمە شانازی و شكۆی نەتەوەیی ئێمەیەو بێگومان بەردەوام دەبێت.

لەبارەی قەبارەی زیانەكان كە بەر دامەزراوەی فۆردۆ كە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمە، عراقچی وتی، هیچ كەسێك زانیاریی وردی نییە لەبارەی ئەوەی كە چی لە دامەزراوەی فۆردۆ رویداوە. تا ئەو شوێنەی من بزانم، قەبارەی زیانەكان لەو دامەزراوەیە زۆر زۆر و گەورەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە كە رێكخراوی وزەی ئەتۆمی وڵاتەكەی خەریكی لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی دامەزراوەی فۆردۆیەو ئەنجامەكەشی دەخاتە بەردەم حكومەت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندوە كە لە هێرشەكەی ئەمریكادا بۆ سەر ئێران هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئەسفەهان، فۆردۆ و نەتەنز لەناوبراون بەڵام بەشێك لە میدیاكانی ئەمریكا لەسەر بنامەی بەڵگەنامەیەكی دزەپێكراوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەكەیان باس لەوە دەكەن كە ئەو سێ دامەزراوە ئەتۆمییەی ئێران زیانیان بەركەوتوە بەڵام لەناونەبراون.

ئێران هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر وڵاتەكەی بە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەزانێت و لەبەرامبەر ئەوەدا خەریكی پێداچونەوەیە بە سیاسەتەكانی خۆیدا لە پەیوەست بە هاوكاریكردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، یاسای راگرتنی هاوكاریی وڵاتەكەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم خستە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو یاسایە هەفتەی رابردو و یەك رۆژ دوای دەستپێكردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لە پەرلەمانی ئێران پەسەندكراو دەستبەجێش لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێرانەوە پەسەندكرا.

بەپێی یاساكە، حكومەتی ئێران پابەندكراوە بەوەی كە هەر جۆرە هاوكارییەك لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رابگرێت تا ئەو كاتەی گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی دامەزراوەو زانا ئەتۆمییەكانی ئێران دەكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×