داگیرکردنی تاریکی: بێدەنگی، بیرەوەری، بیرچوونەوە
  2023-12-20       886       

نزار سابیر

 

داگیرکردنی تاریکی ڕۆمانێکی ڕۆماننووسی بەناوبانگمان، بەختیار عەلییە و لە ٢٠٢٠دا بڵاو بووەتەوە. ڕۆمانەکە لە ٧٢٢ لاپەڕەدا مێژووی کارەساتباری پرۆسەی وەرگەڕانی کەلتووریی ئینسانی کوردمان لە دەوڵەتی نوێی تورکدا لەڕێی بەسەرهاتی چەند کاراکتەرێکەوە بۆ کورت و کۆ دەکاتەوە. سەرنجکێشی و هاوکات کاریگەریی ڕۆمانەکە پێش هەر شتیك لەوەدایە، کارەساتەکەمان لە چاوی تورکەوە، کە لایەنە ستەمکارەکەیە، بۆ دەگێڕێتەوە. کورد، کە قوربانییەکەیە، تەنیا "ئەوانی دیکە"ێەکن، کە بە گشتی لە پەراوێزێکی پەرش و پچووکی ئیدراکی کۆمەڵگە دەستڕۆیشتووەکەی تورکدا دەردەکەون و دەنگیان لێوە نایە. ئەم دەنگلێوەنەهاتنە کڕۆکی مژاری ڕۆمانەکەیە.

چیرۆکەکە بەوە دەستپێدەکا، بەیانییەکیان عیسمەت ئۆکتای، کە تورکێکی نەژادپەرستی سەر بە ڕێکخراوی گورگە بۆرەکانە، لەخەو هەڵدەستێ و لەپڕ بۆی دەردەکەوێ زمانی تورکیی بیرچووەتەوە و لەجێی ئەوە بە زمانێک دێتە گۆ، دەوروبەرەکەی تێی ناگەن. هەرچەندە ئەم دیمەنە، دیارە، یەکسەر وەرگەڕانەکەی کافکامان بیر دەخاتەوە. بەڵام یەکسەریش ئەو جیاوازییە دەخاتە بەر زەینمان، کە لای کافکا شێوە وەردەگەڕێ و لای بەختیار عەلی زمان. دەستنیشانکردنی ئەم خاڵە، واتە زمان، بۆ لێوەدەرچوون بۆ تێگەیشتن لە کێشەکانی تورکیا بە گشتی و کورد لەوێ بەتایبەتی، پەیپێبردنێکی تەواو دروستە.

ناسیۆنالیزمی تورکی بە گشتی لەسەر بنچینەی ڕەچەڵەکی ئەتنی و ژێنێتیکیی وەک نەژاد و ڕەنگی پێست دانەمەزراوە، بەڵکو تورکبوون بە شێوەیەکی سەرەکی لەچاوی دەوڵەتدا پێش هەر شتێک زمانی تورکی و پاشان مەزهەبی سوننییە. هەرچەندە دوای دەرپەڕاندنی یۆنانییەکان و قڕکردنی ئەرمەنەکان هەوڵ هەبوون بۆ لەناوبردنی فیزیکیی کوردیش لە سەرەتاکانی دامەزراندنی کۆمارەکەدا، بەڵام، وەک مێژوونووسی بەریتانی داڤید مەکدوۆڵ دەڵێ، بارستایییە بەشەرییەکە لەوە گەورەتر بوو، قڕکردن لە ڕووی تەکنیکییەوە کاری کردە بێ. لەپاڵ ئەوەدا، بە بۆچوونی من، موسوڵمانبوون و زۆرینە-سوننی-بوونی کورد هۆکاری یەکلاکەرەوە بوون، کە ئەندازیارانی دەوڵەتە تورکییەکە تواندنەوەی کورد لە بۆتەی پرۆژە نەتەوەسازییەکەی خۆیاندا بە مومکین بزانن. زیا گیۆکئالپ، تێوریداڕێژی ناسیۆنالیزمی تورکی، دەنووسێ: "نەتەوە گرووپێکی نەژادی، ئەتنی، جوگرافی، سیاسی یاخۆ خۆبەخش نییە؛ بەڵکو پێکهاتووە لە تاکگەلێک، کە زمان و دین و ئەخلاق و ئێستاتیکایەکی هاوبەش کۆیان دەکەنەوە، واتە ئەوانەی هەمان پەروەردەیان وەرگرتووە."١ جگە لە زیا گیۆکئالپ خۆی، چەندان تورکی بە ڕەچەڵەک کوردی وەک ئینۆنۆ و ئەجاوید و ئۆزال، وەک دەزانین، بوون بە تورکی عەیارە ٢١ و گەیشتووشن بە سەروەزیری و سەرکۆماری. ئەمانە هەموویان، کارایانە و بەرکارانە، بە هەمان ئەو پەروەردە تورکییەدا تێپەڕیون، کە یەکێکی وەک عیسمەت ئۆکتایەکەی ناو ڕۆمانەکەی پێدا تێپەڕیوە. بەڵام تەجروبەی عیسمەت ئۆکتای دەریدەخا، پەروەردەکردن بە تەنیا بەس نییە. دەبێ لەپاڵ پرۆسەی پەروەردەکردندا بیرچوونەوەش هەبێ.

زۆر زوو بەر لەوەی گیۆکئالپ باس لە پەروەردەی هاوبەش یان ئێرنست گێلنەر لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا باس لە ستانداردکردنی کەلتوور و پەیداکردنی بیرەوەری و گیڕانەوەی مێژووییی هاوبەش بکەن، ئێرنست ڕێناردی پرۆفێسۆر لە سۆربۆن لە هەشتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا باس لە بیرچوونەوە دەکا وەک فاکتەرێکی گرنگ لە دروستکردنی نەتەوەدا. دەنووسێ:

"بیرچوونەوە – نەخێر، وەختە بڵێم: سەهووی مێژوویی – لە دروستکردنی نەتەوەدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ. ... ئەوەی نەتەوە پێکدەهێنێ، ئەوەیە، کە تاکەکانی زۆر شتیان لەگەڵیەکدا هاوبەش بێ؛ بەڵام ئەوەشە، کە هەموویان هەندێک شتیان لەبیرچووبێتنەوە. هیچ فەرەنسایییەک نازانێ، ئاخۆ (وەختی خۆی) بورگوندە، ئالانە، یاخۆ ڤیزیگۆتە بووە و هەموو فەرەنسایییەکیش دەبێ کوشتارەکەی بارتۆلۆمیو و کوشتارەکانی سەدەی سێزدەیەمیان لە باشوور بیرچووبێتنەوە. دە بنەماڵەی فەرەنسایی نادۆزیتەوە ڕەچەڵەکی فڕانکاییی خۆیان پێ ساخ بکرێتەوە."٢

کەمالییەکان بۆ بەگەڕخستنی پرۆسەی ئەو بیرچوونەوەیە لەگەڵ دامەزراندنی کۆماردا لە ١٩٢٣دا زمان و جلکی کوردییان قەدەغەکرد؛ لەگەڵ گۆڕینی ئەلفبێی عەرەبی بە لاتینی، فەرمانگەکانی نفووس ناو و ناسناوی تورکییان بەسەر خەڵکەکە و باو و باپیرانیاندا دابڕی؛ پاشان بە هەمان شێوە ناوی شاخ و شار و دەشت و دێهاتەکانی کوردستانیان گۆڕی بۆ تورکی؛ ئەمجا لیژنەیان نارد، گۆرانییە کوردییەکان کۆبکاتەوە و بە تورکی بە گوتنەوەیان بدا. هەرکێش ملی دانەدایە بۆ ئەو لەبیربردنەوەیە، دەبوو بە گیران و ئەشکەنجەدران یان کوژران لەڕێ لاببرێ. بەختیار عەلی لێدەگەڕێ دەوڵەت لە ساڵی ١٩٤٥دا یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی، تاریق ئارکسۆی، ڕابسپێرێ، بچێ بۆ کوردستان و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەوە بکا و دڵنیا بێ، کە ئەو بیرچوونەوەیە بە ئەنجام گەیشتووە.

ئاکسۆی دەمارگیرانە و دڵڕەقانە دەستبەکار دەبێ و بۆی دەردەکەوێ، کە هەرچەندە ڕێکارەکانی دەوڵەت بۆ سەپاندنی پەروەردەی هاوبەش و دروستکردنی بیرەوەریی هاوبەش توند لەکاردان، بەڵام دیسان ناتوانێ دڵنیا بێ، بیرچوونەوەکە وەک پێویست بەڕێوە دەچێ. ئەوەشی ئەو هەستەی لا بەهێز دەکا ئەو حاڵەتەیە، کە دەبینێ "کوردەکان" قسە ناکەن، دەنگیان لێوە نایە. ئەو بێدەنگییە ئەو تاریکییەیە، کە دەهری و هاری دەکا و دەیەوێ بە هەر نرخێک بووە داگیری بکا. ئەم بێدەنگییەی بەختیار عەلی لەم کارە ئەدەبییەدا بەرجەستەی کردووە، ڕاستییەکی مێژوویییە. من بەلایەنی کەمەوە بەسەر دوو گێڕانەوەی مێژوویی‌دا کەوتووم، کە باس لەو بێدەنگییەی کورد ەدەکەن.

ئۆرهان پاموک لە کتێبی (ئەستەنبووڵ – بیرەوەری و شار)دا ئاماژەیەکی سەرپێیی کورت بەو بێدەنگبوونە دەدا. دەگێرێتەوە: "وەک منداڵێک گەواهیدەری ئەم سڕینەوەیە کلتوورییە بووم. هەر کاتێک گوێبیستی ئەرمەنییەک یان یۆنانییەک دەبووی کە بە دەنگی بەرز بە زمانەکەی خۆی قسەی بکردایە لە شوێنە گشتییەکان، کەسێک هاواری دەکرد: تکایە هاووڵاتییان بە تورکی قسە بکەن! زۆر بە دەگمەن گوێبیستی کوردەکان دەبووی لەو ماوەیەدا لە شوێنە گشتییەکاندا خۆیان ئاشکرا بکەن."٣

بەڵام ئەو بێدەنگییە بە ڕوونترین شێوە لەبابەتێکی گۆڤاری ئەڵمانیی دێر شپیگڵ-‌دا ڕانوێنراوە، کە لەژێر سەرناوی "کوردەکان چیتر قسە ناکەن" لە یولیۆی ساڵی ١٩٨٢دا بڵاو کراوەتەوە. بابەتەکە پتر ڕاپۆرتێکە لەسەر ئەشکەنجە و بارودۆخی نائینسانانەی گیراوە کوردەکان لە زیندانەکانی تورکیادا. بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا لەسەر زاری شەرەفەدین کایاوە، کە مافپارێزێکی کوردە و خۆی یەکێک بووە لە گیراوەکان، هاتووە: "ئێستا لە تورکیا هەموو کەسێک، کە گومانی ئەوەی لێ بکرێ دژەڕژێمە یان وەک دژەڕژێم ناسرا بێ، مەترسیی ئەوەی لەسەرە فڕێ بدرێتە زیندانەوە. ئەمە بە تایبەتی کوردەکان دەگرێتەوە، کە دەکرێ چاویان بچێتە سەر، بۆ نموونە ئەگەر بێت و بە کوردی قسە بکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا تۆمەتی جوداخوازی بەسەر قسەکەرەکەدا ساخ دەکاتەوە و سزاکەشی لە پێنج ساڵ بەندکردن کەمتر نییە. ترسی ئەوەی لەڕێی زمانیانەوە ئاشکرا بن زۆر گەورەیە لەناو کوردەکاندا. بۆیە چیتر قسە ناکەن؛ بێدەنگبوونیش کاریگەریی خراپی لێ دەکەونەوە. لە زۆربەی گوندەوارەکانی ناوچە شاخاوییەکان لە سەدا هەفتای دانیشتووانەکە تورکی نازانن. بەو هۆیەوە ناتوانن بچن بۆ بازاڕی شارەکان شت بکڕن و بفرۆشن، مەگەر بە تەرجومانەوە."٤

بە حوکمی ئەوەی فۆکەسی ڕۆمانەکە پتر لەسەر وێنەبینیی تورکەکانە، ناچێتە سەر لێکدانەوەی ئەو بێدەنگییە و زیانە دەروونییەکانی لای ئینسانی کورد لە تورکیا. هەڵبەت ئەو بێدەنگییە هەروەها نیشانەی ئەو نادڵنیایییەشە، کە ئینسانی وەرگەڕێنراو تووشی دێ. گەورەبوون و ژیانی بەردەوام و ڕاهاتن بە شەخسییەتێکی دوانەیییەوە، بە شەخسییتەێکی ڕەسمی و ئاشکرا لەلایەک و شەخسییەتێکی ناڕەسمی و شاراوە لەلایەکی دیکەوە، سەرلێشێوان لەنێوان شوناسێکی دەرەکی و یەکێکی ناوەکی‌دا دەنێتەوە و ململانێی ناوخۆییی نائاگا و بەئاگا دەروونی ئینسان ماندوو و نەخۆش دەخەن؛ هەموو ئەوانەش ئەو کاریگەرییە خراپەیان لێ دەکەونەوە، کە شەرەفەدین کایا باسی لێوە دەکا.

بەڵام تاریق ئاکسۆیی ناو ڕۆمانەکە "کاریگەرییە خراپە"کە لە شوێنێکی دیکەدا دەبینێ. ئەو لەو بێدەنگبوونەدا ئەوەندەی مانگرتن و خۆمەڵاسدان دەبینێ، ئەوەندە ترس نابینێ. بێدەنگبوونی کوردەکان وەک بێدەنگبوونی ئەو ورچە دەبینێ، کە لە چیاکانی کوردستان ڕاوی کردووە و لە ماڵەوە لە قەفەسی ناوە. ڕوو دەکاتە دوو کوڕەکەی و دەڵێ: "دەزانن بۆچی ئێمە هاتووین بۆ خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ؟ بۆ ڕاوی ئەم دڕندانە. بە وردی سەیری ئەو ئاژەڵە گەورەیە بکەن، مۆن و کپ. بەڵام هەرگیز ئەو کپی و ئارامییەی هەڵتنەخەڵەتێنێت. هەر یەکێک لە ئێمە بکەوێتە بەر دەستی هەلاهەلامان دەکا. ئێمە لێرەین تا ببینە پاسەوانی ئەوەی، ئەو ڕۆحە کێوی و دڕندە و ڕامنەکراوە بۆ هەمیشە لەم قەفەزەدا بمێنێتەوە."

بەڵام کپبوونی ئینسان جیاوازە. ئینسان، کە بە حەیوانی ناتیق دەناسێنرێ، نوتق نەکا، ترس و سەرلیشێوان لای بەرانبەر دروست دەکا. بێدەنگبوون لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی‌دا مانا فۆکۆیییەکە لەخۆ دەگرێ. میشێل فۆکۆ بێدەنگبوون وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ستراتیژییەک دەبینێ، کە دەترنجێتە ناو گوتار (دیسکۆرس)ی زاڵەوە و دڕی پێ دەدا. هەرچەندە فۆکۆ بێدەنگبوون پتر لە کۆنتێکستی تابووە سێکسییەکاندا شی دەکاتەوە؛ بەڵام گۆشەیەکمان بە گشتی پێ دەبەخشێ، کە جۆرێکی دیکە لە بێدەنگبوون ورد بینەوە. گریمانە باوەکە هەمیشە ئەوەیە، دەسەڵاتدار بۆ زاڵکردنی گوتاری خۆی نەیارەکانی دەمکوت دەکا؛ کتێبەکانیان دەسووتێنێ و ڕۆژنامەکانیان دادەخا و گوتارەکانیان سانسۆر دەکا؛ واتە بێدەنگیان دەکا. بەڵام فۆکۆ لەسەر ئەوە دەوەستێ، کە دەسەڵات ناتوانێ لەگەڵ بێدەنگی‌دا بژی. گوتاری دەسەڵات کاتێک بەجێ گەیشتووە، کە بگوترێتەوە و گوێی لە خۆی بێتەوە. بێدەنگبوون بۆشایییەکە، ڕووناکیی گوتار ناگێرێتەوە و بە تاریکی دەمێنێتەوە. تاریکییەک گوتار تەنیا دەتوانێ شکست بخوا تێی‌دا. بۆیە تاریق ئاکسۆی لە کۆتایی‌دا لەئاست ئەو ڕۆحە تاریکەی لە بێدەنگیی کوردەکاندا چاوتێبڕنەکردووانە و دەستپێنەگەیشتووانە خۆی مات داوە، شکست دەخوا و سەرشێت و ماندوو لە چیاکانی کوردستاندا خۆی بە بەستنەوە دەدا تا دەبێتە خۆراکی کێوی و دڕندە.

شکستی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کەلتووریی تورکی و میکانیزمە تۆتالیتارەکانی بە تایبەتی لەو شوێنەی ڕۆمانەکەدا بە ئەوپەڕی ڕەمزییەتی خۆی دەگا، کاتێک لە چوارچێوەی پەتایەکی بەربڵاودا عیسمەت ئۆکتای و هەزاران خەڵکی دیکە لەپڕ زمانی تورکییان بیر دەچێتەوە و دەگەڕێنەوە سەر زمانە ئەسڵەکانی دایک و داپیرانیان، کە کوردی و ئەرمەنی و یۆنانی و ئەوانەن. بەمە وەک بڵێی بەختیار عەلی تەحەدای تێورییە کۆمەڵناسانەکەی گیۆکئالپ بکا و بڵێ: دەی فەرموو! دوای دەیان ساڵ لە سەپاندنی پەروەردەی هاوبەش خەڵک، لەبری کوردی، تورکییان بیر دەچێتەوە.

ڕاستە لە دەرەوەی ئەم ڕۆمانە پەتایەکی لەو جۆرە نییە، تورکی لەبیر خەڵکی وەک عیسمەت ئۆکتای بباتەوە. بەڵام شکستی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی تورکی بۆ تورکاندنی کورد لە ئەحمەد کایا و هەموو ئەو کوردانەدا بەرجەستە دەبێ، کە لەم دەساڵانەی دواییدا وەک ماسی سەلەمۆن دژ بە تەوژمی پەروەردەی لەبیربەرەوانەی دەوڵەت کەوتنە مەلەکردن بۆ چوونەوە سەر کانیاوەکانی زمان و کەلتووری خۆیان. هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا تا ئەندازەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووە لە ئیدارەدانی جووڵانەوەی سیاسیی کورددا؛ بەڵام شکستی پرۆژەی ئایدۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی تورکی، هەم بە ڤێرزیۆنە کەمالییەکەی و هەم بە ئەردۆگانییەکەی، لەو پارانۆیایەدا خۆی دەنوێنێ، کە وەک نەخۆشییەکی درێژخایەن بەرۆکی شەخسییەتی سیاسیی تورکی گرتووە، بە شێوەیەک هێشتا دوای سەد ساڵ وشەی کوردستان تەنانەت لای ئینسانی سادەی تورکیش کاردانەوەی هیستیری دەنێتەوە و دەوڵەتی بەهێزی تورک نەک هەر لە هەموو بوونێکی سیاسیی کورد لەدەرەوەی سنووەرکانی خۆی، بەڵکو لە کۆرسێکی زمانی کوردییش دەترسێ، ئەگەرچی لە ژاپۆنیش بێ. کاربەدەستانی دەوڵەت هێشتا کۆڵیان نەداوە لەو وەهمەدا بژین، کە تاریق ئاکسۆی لە ١٩٤٥دا تێیدا دەژیا: وەهمی داگیرکردنی تاریکی.

داگیرکردنی تاریکی چیرۆکی خەباتێکی میحنەتباری بێهوودەیە، کە تێیدا، هاوشێوەی گێڕانەوەکانی سمایل بێشکچی، جەللاد بە دەست ئەشکەنجەدانی قوربانییەکەیەوە شل و کوت و هەناسەسوار بووە. چیرۆکی ئەو پاسەوانەیە، کە وەک مەحەمەد ئۆزۆن دەڵێ، لە زیندانی گیراوەکەیدا گیری خواردووە؛ چیرۆکی هێزێکی داگیرکەرە، کە دەیەوێ بە سەربازگە و زیندانە زۆرەکانی' داگیرکران لەبیر داگیرکراوەکانی بەرێتەوە؛ چیرۆکی ئەو ئایدۆلۆژیستەیە، کە دەیەوێ چارەنووسی هەبوون و نەبوون لە دنیای دەرەوەی خۆیدا بە ناوهێنان و ناونەهێنان لە زماندا ببڕێنێتەوە؛ وەک ئەو ئاغا مایەپووچەی لە چیرۆکێکی حەسەنی قزڵجی‌دا لێفەشڕێکی بە دەستەوە ماوە بیدا بەخۆیدا و ناشیەوێ واقعە تاڵەکە قبووڵ بکا، بۆیە لە زمان دەیکاتە دەرێ و دەڵێ: بیهێنە، ئەمما ناوی مەبە!

داگیرکردنی تاریکی شاکارێکی ئەدەبیی گەورەیە، حەز دەکەم هەموو کەسێک بیخوێنێتەوە.

1. The Principles of Turkism, Ziya Gökalp, 1924, Istanbul

2. Was ist eine Nation, Rede am 11 März 1882 an der Sorbonne, Ernst Renan

3. ئۆرهان پاموک، ئەستەنبووڵ – یادەوەرییەکان و شارەکە، وەرگێڕانی بەڕێز کەریم، ل.٢٦٣ - ٢٦٤

4. Der Spiegel 28/1982, „Die Kurden sprechen nicht

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
هه‌رێم داهاتە نانەوتییەکان ڕادەستی‌ بەغداد ده‌كات
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×