باڵیۆزی بەریتانیا: هێرشەكەی سەر كۆرمۆر هەوڵێكی قبوڵ نەكراوە
  2024-04-27       221       

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئیدانەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكات و دەڵێت، ئەمە هەوڵێكی قبوڵ نەكراوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و ئابوری لە رێگەی توتدوتیژییەوە.

ئاوێنە: ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"ئیدانەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكەین. ئەمە هەوڵێكی قبوڵ نەكراوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسی و ئابورییەكان لەڕێگەی توندوتیژییەوە."

باڵیۆزی بەریتانیا جەختیشی كردۆتەوە كە "دەبێت لێپێچینەوە لە بەرپرسانی هێرشەكە بكرێت." و وتشیەتی"سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەكان دەكەین و هیوای زو چاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین."

ئێوارەی دوێنێ هەینی، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار کارمەند کوژران کە خەڵکی یەمەنن بە ناوەکانی: عەلی عەبود ئەحمەد لەدایکبوی 1978، یوسف یاسر حەمود لەدایکبوی 1986، عیسام محەمەد ئەحمەد لەدایکبوی 1983، عەوەز عەبدە عەلی لەدایکبوی 1986.

هەر دوای هێرشەکە، هەردو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×