ئاسایش: سێ كەس لەسەر كوشتنی هاوڵاتییەكی خەڵكی توركیا لە هەولێر دەستگیركران
  2024-05-02       277       

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لەسەر تاوانی كوژرانی هاوڵاتییەك لە كۆمەڵگەی مەلائۆمەر كە خەڵكی توركیا بوە، سێ تۆمەتبار دەستیگركراون كە یەكێكیان بكوژی تاوانەكەیەو خەڵكی توركیایەو پێشینەی تاوانیشی لەو وڵاتە هەبوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەڕێکەوتی 29/4/2024 لەکۆمەڵگای مەلائۆمەری سەربە شاری هەولێر تاوانێکی کوشتن ڕویدا، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کوژراوەکە ناوی (ئیسماعیل)ەو خەڵکی وڵاتی تورکیایە، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژراوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانمان بەدواداچون کراو توانرا ناسنامەی کەسی بکوژ بەناوی (م. خ. ط)، کە ئەویش خەڵکی وڵاتی تورکیایە، دەستنیشان بکرێ، دواتر بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان تۆمەتبارو هاوکارێکی تری تۆمەتبار بەناوی (ج. أ. أ.) دەستگیرکران، کە بەنیازبون هەڵبێن بۆ دەرەوەی شاری هەولێر."

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە"هەروەها تۆمەتباری سێیەمیش بەناوی (ج. م. ن.) کە بەهامان شێوە هاوکاری بکوژبوە بۆ هەڵاتنی، لەلایەن هێزەکانمانەوە لەناوشاری هەولێر دەستگیرکرا."

بەپێی راگەیەندراوەكەی ئاسایشی هەولێر "تۆمەتباری سەرەکی (م. خ. ط.) لە لێکۆڵینەوەکان دانی بەوەدا ناوە کە پێشینەی تاوانی هەیەو لەوڵاتی تورکیاش تاوانێکی تری کوشتنی ئەنجامداوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×