دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، هێزەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، توانیان دەستبگرن بەسەر كارگەیەكی ماددەی هۆشبەردا لە سنوری ناحیەی مەیدان و لەناوی ببەن و چوار تۆمەتباریشیان دەستگیركرد.
ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەهەماهەنگی و ئاڵۆگۆڕی زانیاری هەواڵگری نێودەوڵەتی و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، توانیان پاش چاودێکردن و بەداواداچونی ورد لەناوچەیەکی سنوری (ناحيەی ميدان) کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لەناوببەن."
دەزگای ئاسایشی هەرێم وتوشیەتی دەزگاكەیان "لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەخت ئەم ئۆپراسیۆنەی ئەنجامداوەو توانرا چوار تۆمەتبار دەستگیربکرێن و دەستبگرن بەسەر سەرجەم ئەو ئامێرانەی بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر بەکارهێنراون."