عەلی حەمە ساڵح چەند زانیارییەک لەبارەی تەوتینی موچە و داهاتی ناوخۆ ئاشکرا دەکات
  2024-05-03       525       

بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی موچە چەند گرفتێک بو لەو لیستانەی لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە نێردرابو، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و عێراق نییە لەسەر بە نیشتمانیکردنی موچە، حکومەتی عێراق داوای ترلیۆنێک و 400 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ دەکات و حکومەتی هەرێمش وتویەتی لەبەردەستدا نییە ئەو پارەیە.

عەلی حەمە ساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی موچە بونی چەند گرفتێک بو لە لیستی موچەی فەرمانبەران کە لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە رەوانەی وەزارتی دارایی عێراق کرابو، دواتریش حکومەتی بەغدا داوای دوبارە پێداچونەوەی کرد بە لیستەکاندا.

عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێم  و بەغدا، حکومەتی عێراقی پێداگری لەسەر دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دەکات لە رێگەی تەوتین، حکومەتی هەرێمیش سورە لەسەر ئەوەی پڕۆژەی هەژماری من جێبەجێ بکرێت.

حکومەتی عێراقی داوای ترلیۆنێک و 400 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم دەکات
ئەوەشی خستەڕو، گرفتێکی دیکە ئەوەیە حکومەتی عێراقی داوای ترلیۆنێک و 400 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەو برە پارەیەی لەبەردەستدا نییە.

باسی لەوەشکرد، بڕیارە چەند رۆژێکی دیکە هەمواری یاسای بودجە بچێتە پەرلەمانی عێراق و هەموارەکە زیاتر دەستکاری کردنی تەرخانە داراییەکانە، بەڵام پێویستە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بابەتی موچە ئاگاداربن، بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەش وەرزی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مانگێک درێژ دەکرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×