"سەرپەرشتیاری ئەو گروپە شاخەوانییەمان دەستگیركرد كە ئەمڕۆ چوبوونە سنووری قەرەداغ"
  2024-05-03       243       

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەستگیركردنی سەرپەرشتیاری ئەو گروپە شاخەوانییەش ئەمڕۆ چووبوونە قەرەداغ روونكردنەوە دەدات.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" سەرپەرشتیاری ئەو گرووپە شاخەوانییەی ئەمڕۆ لە قەرەداغ بوون دەستگیركرا".

وتیشی:" سەرپەرشتیارەكە، بە ماددەی 411 بە گوێرەی یاسای سزادانی عێراقی و بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە". 

ئاماژەی بەوەشكردووە:" سەرپەرشتیارەكە لەگەڵ تیمەكەدا بووە ئەمڕۆ و بەهۆی ئەوەی سەرپەرشتیارە، بەرپرسیارە لە سەلامەتییان، كە لە كەشوهەوایەكی وەك ئەوەی ئەمڕۆ، لە كاتێكدا ماوەی هەفتەیەكە هۆشداریی دەدرێت، گرووپەكەی بردووە بۆ شاخەوانی".

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە كۆی 12 شاخەوان كە روویان لە سنووری ناحیەی سێوسێنانی قەرەداغ كردبوو بۆ شاخەوانی، چوار شاخەوان بەهۆی لافاوەوە گیانیانلەدەستدا و هەر ئەمڕۆ تەرمەكانیان دۆزرایەوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×