ئایا پارتی سەدەیەك بە 3 سەرۆك بەڕێدەكات؟
  2019-08-17       2209       

ئا: ئاوێنە


73 ساڵە پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن باوك‌و كوڕێكەوە بەڕێوەدەبرێت، ئاماژەكان روەو ئەوەن لەقۆناغی داهاتوشدا مەسرور بارزانی ببێت بەسەرۆكی پارتی، ئەگەر رەوتی روداوەكان وا بکەونەوە ئەوا سێ نەوەی بارزانی (باپیرو باوک‌و کوڕێک) سەدەیەك لەتەمەنی پارتی بەڕێدەكەن.



پارتی 73 ساڵی تەمەنی بەڕێكرد، بەدرێژایی ئەم 73 ساڵە تەنها مستەفا بارزانی باوك‌و مەسعود بارزانی كوڕ سەرۆكی ئەم پارتە بون. هاوكات لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، مەسعود بارزانیش 73 ساڵی تەمەنی بەڕێكرد، لەم 73 ساڵەی تەمەنی مەسعود بارزانیدا، 40 ساڵی سەرۆكی پارتی بوە، واتە لەنیوەی تەمەنی زیاتر!


مەسەلەی سەرۆكایەتی لەناو پارتیدا، زۆر دەمێكە بۆ ماڵی بارزانی یەكلابوەتەوە‌و قابیلی هیچ مشتومڕێک نییە، "پارتی‌و بارزانی" ناوێكی ئەوەندە تێهەڵكێشن كە لێك جودا كردنەوەیان ئەستەم‌و مەحاڵە. 


لەناو پارتیدا ـ كە پارتێكی دیموكراتییە ـ ئەزمون سەلماندویەتی كەس نابێ‌ بەسەرۆك‌و بازنەی یەکەمی بڕیاردان ئەگەر بارزانی‌و جامانە سور نەبێ‌.
هیچ سكرتێرێكی ئەم پارتە هەر لەهەمزە عەبدوڵاو ئیبراهیم ئەحمەدەوە بگرە تا دەگات بەحەبیب محەمەد كەریم‌و عەلی عەبدولا‌و فازڵ میرانی نەیانتوانیوە بە"خۆشی‌و ناخۆشی" ئەم رێسایە بگۆڕن.


لەئێستا‌و ئایندەشدا جێگەی هیچ ئەندام‌و هەوادارێك لەم پارتەدا نابێتەوە كە لەكوڕی "جەنابی سەرۆك"دا، سەرۆكی داهاتو نەبینن.


پارتییەكان هەمیشە ئەم قسەیەیان بەسەر زارەوەیە كە "بارزانی قوتابخانەیە"، مەسعود بارزانیش زۆرجار رایگەیاندوە كە "من خۆم بەقوتابیی قوتابخانەیەكی پیرۆز دادەنێم"!


مەسعود بارزانی لەكتێبەكەی (بارزانی ‌وبزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)‌و لەچەندین وتار‌و لێدوان‌و چاوپێكەوتنیدا بەشێوەیەكی ئاشكراو شاراوە رایگەیاندوە كە "هیچ كەسێك بەهاوشانی خۆمان نازانین"، تەنانەت هەندێكجار ئەم نوسین‌و قسانەی بۆنی ئەوەیان لێوە دێ‌ كە تەنها خۆیان بە"رەسەن"‌و خەڵكی تریش بە"ناڕەسەن" دەزانێت.


بارزانی‌و پارتییەکان نەك ئەم سەرۆكایەتییە تەنها لەناو پارتیدا بەشەرعی‌و رەوا دەزانن بۆ ماڵی بارزانی، بەڵكو لەئاستی كوردستانیشدا بەهەمانشێوە، بنەماڵەی بارزانی لەساڵی 1964ەوە تا ئەمڕۆ شەڕیانە لەسەر ئەوەی كێ‌ سەرۆك‌و خاوەنی بڕیاری سیاسی كورد بێت؟ ئەوان هیچ كەسێكیان لەخۆیان بەشایستەتر نەزانیوەو ناشزانن. هەر كەسێك لەماوەی ئەم 50 ساڵەدا هەوڵی دابێت سەرۆكایەتییان لەدەست دەربهێنێت سەرسەختانە كاریان لەسەر تێكشكاندنی كردوەو سەرۆکایەتی‌و دروستکردنی بڕیاری سیاسییان بۆ خۆیان پاوەن کردوە.


مەسرورو نێچیریڤان هەردوكیان نەوەی سێهەمی ماڵی بارزانین، هەردوكیان رۆڵێكی گرنگ لەژیانی سیاسی پارتی‌و كوردستانیشدا دەبیننن کە دو پۆستی گرنگیان بەدەستەوەیە، هەرچەندە تا ئێستا تەواو رون نییە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی لەقۆناغی داهاتودا بە بەری کامیان دوراوە، بەڵام رەوتی روداوەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی مەسرور بەپشتیوانی باوكی بەرەو لوتكەی هەڕەمی دەسەڵاتی پارتی هەنگاو دەنێت‌و سەرۆكایەتی بەمیرات لەمەسعود بارزانییەوە بۆ بەجێدەمێنێت.


کەواتە: ئایا پارتی سەدەیەك بە 3 سەرۆك (باپیر‌و باوك‌و كوڕێك – مەسرور مەسعود مستەفا - بارزانی) بەڕێدەكات؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×