شارەزایەكی كاروباری ئێران پێشبینی كرد، هەموو ئاماژەكان دەرخەری ئەوەن ئیسرائیل هەفتەی داهاتوو هێرشێكی نوێ بۆ سەر ئێران دەستپێبكات، بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریكا، كە ئەوەش هێرشێكی وێرانكەر دەبێت.
ئاوێنە: ئیبراهیم موتەقی، شارەزای كاروباری ئێران سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ میدیاكانی ئێران ڕایگەیاند، "لە ڕوانگەی منەوە، هەموو ئاماژەكان، دەرخەری ئەوەن ئیسرائیل جارێكی دیكە هێرش دەكاتە سەر ئێران، ئەم هێرشەش “بە پاڵپشتی ئەمریكا” ئەنجام دەدرێت".
ئەو شارەزایە هۆشداریشیدا لەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل لە قۆناغی یەكەم و لە قۆناغی دووەمدا وێرانكەر دەبێت.
هاوكات، ئیسرائیل لە ١٣ـی حوزەیران هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی بۆ سەر ئێران دەستپێكرد و هەردوولا بە بەردەوامی هێرشیان دەكردە سەر یەكتر و شەڕەكە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ بەردەوام بوو، تا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ٢٥ـی حوزەیران ئاگربەستی ڕاگەیاند.
جێگای ئاماژەیە، دەزگای فریاكەوتنی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشە مووشەكییەكانەوە ٢٨ كەس كوژراون و زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ كەسی دیكەش برینداربوون، حكومەتی ئێرانیش بڵاوی كردەوە، ٦٢٧ هاوڵاتی و فەرماندەی سەربازی وڵاتەكەیان كوژران و زیاتر لە پێنج هەزار كەسی دیكەش بریندار بوون.