ئاڵا تاڵەبانی: بە تەوتینكردنی موچە خەڵكی ئێمە كەرامەتی پارێزراو دەبێت
  2025-06-29       804       

ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق رایگەیاند، بە تەوتینكردنی موچە خەڵكی ئێمە كەرامەتی پارێزراو دەبێت و بەزەحمەتیشی دەزانێت سبەینێ بەغدا موچە بنێرێت. لەبارەی ئاساییبونەوەی كێشەكانی رابردویشی لەگەڵ پارتی دەڵێت"من سوپاسی كاك مەسعود و سوپاسی هەر لایەنێكی سیاسی دەكەم كە رێزم لێ بگرێت."

ئاوێنە: ئاڵا تاڵەبانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، كێشەی موچە من پێموایە بەشێكی كێشەی سیاسییە بەڵام بەشێكی پەیوەندی دۆخی ئابوریی عێراقەوە هەیە، عێراق ئەمڕۆ كێشەی ئابوریی هەیەو ئەوەی پێی دەوترێت نەختینە لە عێراق زۆر كەم بۆتەوە ئەوەش لە ئەنجامی گوشاری ئەمریكا لەسەر بانكەكان.

وتیشی، وەفد لەنێوان هەردولا هەیەو پێموایە بەگوێرەی یاسای بودجەو بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت هەردولا رێكبكەون چونكە لەوە زیاتر نەبونی موچە كێشەی گەورە دروست دەكات.

ئاماژەی بەوەشدا "بەزەحمەتی ئەزانم سبەی بەغدا موچە بنێرێت، تەنانەت ئەگەر ئاگاداربن لە ئێستادا موچەی حەشدی شەعبیش توشی كێشە بوە كە موچەكانیان خەرج نەكراوە."

ئاڵا تاڵەبانی پێشیی وایە نزیك بونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر گوشار دەخاتە سەر رێككەوتنەكان و نزیكبونەوەی لایەنەكان.  وتیشی" بەڵام من پێموایە هەر دەبێ رێكبكەون. دەبێت هەردولا پابەندبن بە رێككەوتنەكان. بەشێكی ئەمەش یاسایەو دەبێت جێبەجێ بكرێت."

وتیشی، ئەوەی لەنێوان بەغداو هەرێم هەیە كۆمەڵێك ماددەیە لەنێو یاسای بودجە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت ئەوەی دیكەیان بڕیاری دادگای فیدراڵییە، من وتومەو دوبارەی دەكەمەوە من لەگەڵ تەوتینم."

هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئەگەر لەگەڵ دەستور و جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵین دەبێت تەوتین جێبەجێ بكرێت و ئەوەش لە بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێمدایە، چونكە خەڵكی ئێمە ئەوكات كەرامەتی پارێزراو دەبێت وەكو هەمو فەرمانبەرێكی دیكەی عێراق، كی كاردی دەبێت و هەژماری لە بانكەو مانگانە موچەكەی لە هەژمارە بانكییەكەی دادەبەزێت.

ئاڵا تاڵەبانی كە پێشتر لەلایەن پارتییەوە زۆر دژایەتی دەكرا، لە كۆتاییەكانی مانگی چواری ئەمساڵدا ئامادەی بۆنەیەك بو لەهەولێر كە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بانگهێشت كرابو لەوێ مەسعود بارزانیشی بینی و سڵاویان لەیەك كرد.

ئاڵا تاڵەبانی لەوبارەیەوە وتی"كاتێك كێشەمان لەگەڵ پارتی هەبوە، لەگەڵ پارتی نەبوە، من رەخنەم لە سیاسەتی حكومەتی هەرێم گرتوە لە پرسی نەوت و داهات و مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بەم رۆژە نەگەین كە دو مانگە خەڵك موچەی نییە. هەڵبەتە كێشمەكێشی سیاسی هەبوەو لەبەرئەوەی من سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بوم، ئەو كێشانە گواستراونەتەوە بۆ كێشەی شەخسی و پارتی بە شەخسی دژایەتی منی كردوە."

وتیشی"من ئەمڕۆ هیچ پۆست و پلەیەكم لەناو هیچ حزبێكی سیاسی نییە و كەسێك سەربەخۆم، بۆیە بانگكراوم بۆ بۆنەیەكی ئاسایی، من سوپاسی كاك مەسعود و سوپاسی هەر لایەنێكی سیاسی دەكەم كە رێزم لێ بگرێت، هەمو كێشەیەكیش دەبێت كۆتایی بێت و بەتایبەتی من لەگەڵ ئەوە نیم كە كێشە بە شەخسی بكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×