یه‌كه‌م گروپى گه‌ریلا چه‌ك داده‌نێت
  2025-06-30       742       

میدیاى نزیك له‌پارتى ئاشكرایكردوه‌، لەچەند ڕۆژی داهاتودا ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک نیازپاکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لەتورکیا، چەک داده‌نێن، ڕاشیگه‌یاندوه‌، ڕێوڕەسمی چەکدانانەکە دەکەوێتە سەرەتای مانگی تەمموزو لەهەرێمی کوردستانیش دەبێت.
 
له‌و هه‌واڵه‌دا هاتوه‌، چاوەڕواندەکرێت لەچەند ڕۆژی کەمی داهاتودا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە پەیامێکی نوێ بڵاوبکاتەوەو دوای ئەوە پرۆسەی چەکدادانەکە دەستپێدەکات.
 
دوو سەرچاوەکە قسه‌یان كردوه‌و ده‌ڵێن، لەنێوان 03 بۆ 10ی تەمموز، ژمارەیەک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان بەتەواوی یەکلایی نەبوەتەوەو لەنێوان 20 بۆ 30 کەسدا دەبن، لەڕێوڕەسمێکدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەئامادەبونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
 
سه‌باره‌ت به‌چارەنوسی ئەو گەریلایانەی چەک دادەنێن، سەرچاوەکان وتویانه‌، "گەریلاکان لەڕێوڕەسمەکەدا چەکەکانیان دادەنێن‌و دەگەڕێنەوە ئەو شوێنەی ئێستا لێی دەژین، واتە ناگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆیان".
 
سەرچاوەکان باسیان له‌وه‌شكردوه‌، "ئەگەر گۆڕانی سیاسیی خێرای چاوەڕوانەکراو ڕونەدات، پلانی چەکدانانەکە لەکاتی دیاریکراودا وەک خۆی بەڕێوەدەچێت".
 
1ی مانگی 10ی ساڵى ڕابردوو، تورکیا دەستپێشخەرییەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لەتورکیا ڕاگەیاند، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە "پرۆسەی نەهێشتنی تیرۆر"و لەلایەن پەکەکەوە بە"پرۆسەی ئاشتی‌و دیموکراتی" ناودەبرێت.
 
دوای چەند سەردانێکی وه‌فدى دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەئیمراڵی، ڕێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەمساڵ داوای لەپارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەکدابنێت‌و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لەڕۆژانی 5و 7ی ئایارى ئه‌مساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست‌و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەو کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداریدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×