موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، داواکارییەکانی ئەمجارەی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان، تەندروست و سروشتین و، شۆڤێنی نین.
ئاوێنە: موسەننا ئەمین لە لێدوانێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 400 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەبێت، بەغداد داوای 150 ملیار دیناری دەکات، واتە بەغداد بە (35% و 40%)ـی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رازییە، بەڵام حکومەتی هەرێم نایدات.
وتیشی، سودانی دەڵێت من لە سەروو پەرلەمان، حکومەت و دادگاوە نیم و، خەرجنەکردنی مووچە لەسەر وتەی دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایی عێراقە.
لە سەرەتای مانگی حەوت نزیکدەبینەوە و تاوەکو ئێستاش، چارەنووسی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە نادیاری ماوەتەوە.