تۆڕی هاوپەیمانی 19 دەستگیركردن و لێپێچینەوە لە پەرلەمانتاران لەكاتی ئەركی پەرلەمانیدا، بەهۆی بیروڕایان رەتدەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەدات كە پێویستە ئەندامانی پەرلەمان بە ئازادی و سەربەخۆ ئەركی خۆیان بەبێ ترس لە لێپێچینەوە یان تۆقاندنیان ئەنجام بدەن و داواش دەكا دەستبەجێ پەرلەمانتاری كوردستان سیپان ئامێدی ئازاد بكرێت.
ئاوێنە: تۆڕی هاوپەیمانی 19، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی حوزەیرانی2025 ، لە پارێزگای دهۆك، هێزێكی ئەمنی، سیپان ئامێدی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێیان دەستگیركرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، پەرلەمانتارەكەیان "رفاندوە و بەرەو شوێنێكی نادیاریان بردوە" هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە پەرلەمانتارەكەیان "رەخنەی لە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گرتوە".
تۆڕی هاوپەیمانی 19 وتوشیەتی، بە پێی ماددەی 24ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان "ئەندام لە رۆژی سوێند خواردنی یاساییەوە پارێزبەندی پەرلەمانی دەبێت و ناتوانێت بەبێ مۆڵەتی پەرلەمان تەنازولی لێ بكات"، هەروەها " ئەندام ئازادیی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی لەكاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانیدا هەیە، بەشێوەیەك رەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكاندا بكات".
پێشتریش رۆژی پێنج شەممە 26ی حوزەیران، لە شاری سلێمانی، هێزێكی ئەمنی عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی هەڵوێستیان دەستگیركرد، هەمان رۆژ ئازاد كرا.
تۆڕی هاوپەیمانی19 جەختی كردۆتەوە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان "بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی پەرلەمانە و لە دەرەوەی وەرزەكانی یاسادانانیش دەستەی سەرۆكایەتی بڕیار لەسەر هەڵگرتنی دەدات." بنكەیەكی پۆلیس یان ئاسایش ناتوانێ ئەو پارێزبەندییە هەڵبگرێت.
تۆڕی هاوپەیمانی19، وتوشیەتی، دەستگیركردن و لێپێچینەوە لە پەرلەمانتاران لەكاتی ئەركی پەرلەمانیدا، بەهۆی بیروڕایان رەتدەكەنەوەو پێویستە ئەندامانی پەرلەمان بە ئازادی و سەربەخۆ ئەركی خۆیان بەبێ ترس لە لێپێچینەوە یان تۆقاندنیان ئەنجام بدەن، داواشی كردوە، دەستبەجێ سیپان ئامێدی ئازاد بكەن.