قوباد تاڵەبانی: گەشبینین لە ماوەیەكی نزیكدا كێشەی موچە چارەسەر بكرێت
  2025-06-30       340       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، گفتوگۆكانی وەفدە دانوستانكارەكانی بەغداو هەرێم لە چەند رۆژی رابردودا ئەرێنی بون و گەشبینن بەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا بگەنە رێككەوتن و كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارسەر بكرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداو چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردولا تاوتوێ کران.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم وتی، گفتوگۆکانی نێوان وەفدە دانوستانکارەکانی هەردولا لە چەند رۆژی رابردودا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچون و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە رێککەوتن و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت.

جێگری سەرۆك وەزیران جەختیشی كردەوە كە هەمو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغداو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی فەرەنسای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە بواری گەشەپێدانی ناوچەیی. لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەکرد، رێژەیەکی زۆری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە شار و شارۆچکە کەمتر گەشەسەندوەکانە، هەربۆیە گەشەپێدانی ئەو ناوچانە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەمو لایەکدایە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×