رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، لەدوای دەستپێكی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستیان بە شەپۆلێكی سەركەوت و دەستبەسەركردن كردوە بەتایبەت لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. دەشڵێت، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 300 هاوڵاتی كورد دەستبەسەركراون كە یەكێكیان لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراوە.
ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێک لە سەرکوت و دەستبەسەرکردن لە ئێران دەستیپێکردوە کە دەرەنجامەکانی بەتایبەت لە کوردستان بەرچاو بوە، بەشێوەیەک کە شارەکانی کوردستان بەشێکی جێی سەرنجن لە دەستبەسەرکردن، لەسێدارەدرانی سیاسی، کوشتن و بە سەربازیكردنی شارەكان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردودا زیاتر لە 300 هاوڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە یەک کەسیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە. هەروەها منداڵێک و لاوێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و سێ بەندکراوی سیاسیی کورد لەسێدارە دراون.
بەپێی بەڵگەكانی دەست ئەو رێكخراوە كەوتون، زیاتر لە 300 کەس لە شارەکانی کوردستاندا دەستبەسەر کراون و لە نێوان ئەو کەسانەدا ژمارەیەکی بەرچاو ژن و کچی مێرمنداڵ بۆ نمونە 18 کچی خوار تەمەن 18 ساڵ لە مەهاباد و شەش ژن لە قەسری شیرین، هەن.
هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە هەر لەو رۆژانەدا، چەند هاوڵاتییەكی كورد كوژراون لەوانە منداڵێکی 9 مانگان. ناسنامەی ئەوانەی كوژراون بەم جۆرەیە: فواد عەلیخانی، تەمەن 41 ساڵ و خەڵکی مایەشت لە دەستبەسەرگەی سوپا لە کرماشان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە. ئازاد ڕەعنایی، خەڵکی شارۆچکەی دوشانی سنە لە خاڵێکی پشکنینی سوپا لەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوەو هەروەها سەرمەد سەجادی، منداڵی تەمەن 9 مانگانی خەڵکی مەریوان، بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی سیستمی بەرگریی سوپای پاسداران کوژراوە.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا هەنگاو هێمای بۆ ئەوە كردوە كە هەر لەو ماوەیەدا سێ بەندکراوی سیاسیی کورد بەناوەکانی ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی (دو هاوڵاتیی خەڵکی شاری سەردەشت) و ڕەسوڵ ئەحمەد محەممەد (خەڵکی شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان)، ڕۆژی چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دراون.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بەشێوەی نهێنی جێبەجێ کراوە و بنەماڵەکانیان لە مافی دوایین چاوپێکەوتن، وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەکانیان و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بێبەش کراون.
هەروەك لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئەوەخراوەتەڕو كە لەو ماوەیەدا بەشێك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە سەربازیی كراون لەوانە: بە سەربازیكردن و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی جەنگ بۆ ناوچەکانی کوردستان، لە چوارچێوەیەدا تۆپخانە لە چیای "گەزن"ی باینگان سەر بە شاری پاوە جێگیركراوە و کاروانی سەربازی بۆ شاری بۆكان گواستراوەتەوە.
حاڵەتێكی دیكە لەو چوارچێوەیەدا وەك هەنگاو هێمای بۆ كردوە، جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکانە لە بینا پەروەردەییەکان لە شاری سەردەشت وەکو قوتابخانەی كچانەی کەوسەر و گۆڕینی دەوروبەری نەخۆشخانەی فاڕابی کرماشان بۆ شوێنی ئەنبارکردنی پرۆژێکتایلی شەڕ؛ کارێک کە بە کەڵکوەرگرتن لە قەڵغانی مرۆیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسراوە.
هەنگاو باسی لەوەش كردوە كە لە ئەنجامی کوژرانی زیاتر لە 70 کەس لە هێزە سەربازییەکان لە پارێزگای کرماشان، گوشار لەسەر سەربازەکان زیاتر بوە و سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران، هەڕەشەیان لێ کردون کە لە ئەگەری بەجێهێشتنی بنكە سەربازییەكان یان هەڵاتن لە خزمەتی زۆرەملێی سەربازی، روبەڕوی سزای لەسێدارەدران یان سزای قورسی دیکە دەكرێنەوە.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتوە، لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دادگای سنە بە ناردنی کورتەنامەیەک هاوڵاتییانی ئاگادار کردۆتەوە کە هەرچەشنە دڵخۆشی دەربڕینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاوانە و بەدواداچونی یاسایی بۆ دەکرێت و سەبارەت بە هەڵوێستیان بە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڕەشەی لێ کردبون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی سەرکوتی بەرفراوانی هاوڵاتییانی کورد، داوای کاردانەوەی دەستبەجێ، بەدواداچونی سەربەخۆ و ناچارکردنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە وەڵامدانەوە كردوە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەكانی مرۆڤ لەكوردستان.