میدیای ئێران ستایشی هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی لەماوەی جەنگی 12 رۆژەدا دەكات
  2025-06-30       832       

میدیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ستایشی چەند هەنگاوێكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەماوەی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەكات و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی هۆشداری داوەتە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە هەرێم نیشتەجێن و رێگری لە جوڵەكردنیان كردوە.

ئاوێنە: ئاژانسی تەسنیم، سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راپۆرتێكدا ستایشی چەند هەنگاوێكی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردوە كە بەپێی ئاژانسەكە لە بەرژەوەندیی ئێران لەماوەی جەنگی 12 رۆژەدا گرتونییەتە بەر.

یەكەم هەنگاوی نێچیرڤان بارزانی كە ئەو ئاژانسەی سەربە سوپای پاسدارانی ستایشی كردوە، راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە كە لە رۆژی یەكەمی هێرشەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران دەریكردو وەك تەسنیم ئاماژەی پێداوە، نێچیرڤان بارزانی "لە خێراترین كات" و "لە یەكێك لە هەستیارترین ساتەكانی مێژوی ئێراندا" هەڵوێستی رونی خۆی نیشانداوەو ئیدانەی هێرشەكەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران كردوە.

ئاژانسی تەسنیم لە راپۆرتەكەیدا هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لە دوەم هەنگاویدا لەماوەی جەنگی 12 رۆژەدا، نێچیرڤان بارزانی، بەجدی هۆشداری داوەتەوە حزبە كوردییەكانی ئێرانی نیشتەجێی هەرێم كە لەسەر بنەمای رێككەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، مافی هیچ جوڵەو چالاكییەكی سەربازییان لە سنورە هاوبەشەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان نییە.

بەگوێرەی ئەو ئاژانسە ئێرانییە، سێیەمین هەنگاوی خێرای سەرۆكی هەریمی كوردستان، ناردنی هێزی سەربازی و ئەمنی زیاتر بوە بۆ سەر سنورەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان و بەوەش لەسەر بنەمای رێككەوتنە ئەمنییەكە، رێگری لە جوڵەو چالاكی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات كردوە.

رۆژی دوشەممە 16ی حوزەیرانی 2025، نێچیرڤان بارزانی و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا. ئاژانسی تەسنیم پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی وەك هەنگاوی چوارەمی نێچیرڤان بارزانی لەماوەی جەنگی 12 رۆژەدا ستایش كردوەو ئاماژەی بەوەداوە كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا نێچیرڤان بارزانی پابەندبونی هەرێمی كوردستانی بە جێبەجێكردنی رێككەوتننامە ئەمنییەكەی نێوان عێراق و ئێران دوپاتكردۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×