40 رۆژ رۆیشت‌و پارێزگاری كەركوك دیارینەكرا
  2019-08-20       710       

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو


وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت هیچ هەنگاوێكی نوێ لەئارادا نییە لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، ئەوەش لەكاتێكدایە 40 رۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتیی و پارتی بۆ كاندیدكردنی تەیب جەبار، بۆ پۆستی پارێزگاری شارەكە.

لەتیف شێخ عومەر، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "جارێ هیچ هەنگاوێكی نوێ نەنراوە بۆ ئەو پرسە... لە ئێستادا لێدوانمان لەسەر ئەو پرسە راگرتووە و نامانەوێت هیچ بڵێین".

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای 21 مانگ له‌ مشتومڕ و ناكۆكی، 11ی ته‌مموزی 2019 بڕیاریاندا به‌ كاندیدكردنی ته‌یب جه‌بار بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، وه‌ك كاندیدی هاوبه‌شی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.

 

یەكێتی چەند جارێك جەختیكردۆتەوە كە هەڵبژاردنی پارێزگار هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا، ئەوەش لەكاتێكدایە 41 رۆژیش بەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا تێدەپەڕێت.


لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی وتی "گفتوگۆكان بەردەوامن و ماونەتەوە"، ئامادەنەبوو زانیاریی زیاتر بدات.

 

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی وەفدی دانوستكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پرسی ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "گفتوگۆكانمان دەستپێكردۆتەوە... بۆ ئەوە رێككەوتنمان كردووە كە بگەینە ئەنجام، گفتوگۆی زیاتر لەچەند رۆژی داهاتوودا دەبێت لە نێوان یەكێتیی و پارتی لەلایەك و پێكهاتەكانی تری شارەكە لەلایەكی تر".
هەروەها وتی "لەگەڵ بەغداش دەبێت لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی زیاتر بكرێت".


لەبارەی پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكەوە كە لە ئێستادا 40 رۆژ بەسەر وادەی رێككەوتنەكەدا تێپەڕدەبێت، شاخەوان وتی "گفتوگۆكانی چەند رۆژی داهاتوو گرنگ دەبێت و پێویستە ئەنجومەنی پارێزگی كەركوكیش هەندێك رێكار هەن بیگرێتەبەر لەوانە راگەیاندنی ناوی كاندید و كاتی كۆبونەوە".


ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك، بە میدیای حزبەكەی راگەیاندبوو كە بەپێی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی دەبێت لە ماوەی 45 رۆژدا پارێزگاری كەركوك دابنرێت.

 

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە١١ی تەموزی رابردوەوە، بەفەرمی یەكێتی‌و پارتی "تەیب جەبار"یان وەك كاندیدی لیستی برایەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك دیاریكردوە.

تەیب جەبار، ساڵی 1954 لەگوندی تەپەلوی باشوری خۆرهەڵاتی كەركوك لەدایكبوە، لەساڵی 1963ەوە لەگەڵ خێزانەكەی رویانكردوەتە كەركوك‌و لەو شارەدا نیشتەجێ‌ بون.

تەیب، ساڵی 1976 کۆلیژی ئەندازیاری بەشی بیناسازی لەزانکۆی سلێمانی تەواو دەكاو پاش گەڕانەوەی لەسەربازی، داوا دەكات لەشارەكەی خۆی "كەركوك" دابمەزرێت، بەڵام لەبەرئەوەی كورد دەبێت، پێیدەڵێن "بۆ دامەزراندن یان دەبێت باشور یان باكوری عێراق هەڵبژێریت".

تەیب سلێمانی هەڵدەبژێرێت‌و لەساڵی ١٩٧٨ تا ١٩٩٢ وەک ئەندازیار فەرمانبەر دەبێت لەبەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی، كە لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی گەورەی وەك شەقامی بازنەیی سلێمانی‌و چەندین پڕۆژەی عێراقیش دەكات.


لەساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٧ بریکاری وەزارەتی ئەشغال و نیشتەجێکردن دەبێت لەکابینەی یەکەم و دوھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان‌. ساڵی ١٩٩٧ خۆی خانەنشین دەكا‌و لەوەبەدوا رو دەكاتە كاركردن لەكەرتی تایبەت. 

تەیب جەبار كە كاتێكی زۆری بۆ نوسین‌و خوێندنەوە تەرخان كردوە‌و لەساڵی 1970ەوە شیعر‌و رەخنەی ئەدەبی دەنوسێ‌، یەكەم دیوانە شیعری خۆی لەساڵی 2008دا بڵاوكردوەتەوە‌و خاوەنی چەندین کتێبی رەخنەیی‌و نوسینە لەبواری ئەندازەی شارو ئاوەدانی.

تەیب كە لەكۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوەوە لەشاری سلێمانی نیشتەجێیەو وەک پیاوێکی پاک‌و ئەندازیارێکی دەستڕەنگین ناسراوە، تا ئێستاش بەشێك لەخوشك‌و براو كەسە نزیكەكانی لەناو شاری كەركوك نیشتەجێن. ئەو لەناو هەمو پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکوکدا دۆست‌و هاوڕێی نزیکی هەیەو جگە لەزمانی دایك، زمانەكانی توركومانی‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی دەزانێ‌.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×