2019-09-01   942     
سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوی عێراق داوای له ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ کرد له‌سه‌ر هێرشی ئه‌مدواییه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر خاکی وڵاته‌که‌ی بێته‌ده‌نگ نه‌بێت و په‌ڕاوی لێکۆڵینه‌وه‌ی دژی ڕژێمی زایۆنی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بکاته‌وه.
ئاوێنه: ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆکی مینبه‌ری عێراق و سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی ئه‌و وڵاته هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر هێرشی ئه‌مدواییه بۆ سه‌ر کۆگای چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی حه‌شدی شه‌عبی ئاشکرا کرد و ڕایگه‌یاند: پێویسته حكوومه‌تی عیراق سكاڵای یاسایی پێشكه‌ش به ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بكات سه‌باره‌ت به ده‌ستدرێژییه‌كانی ئيسرائيل ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل دانی به ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرش و په‌لاماره‌كاندا نا له عێراق.
ناوبراو له به‌یاننامه‌یێكدا وتی: دانپێدانانه‌كه‌ی نه‌تانیاهۆ پێشێل كردنی سه‌روه‌ریی عێراقه و پێویسته به هه‌ڵوێستێكی توند له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و هێزه سیاسییه‌كانه‌وه ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه و ڕه‌تیشی كرده‌وه عێراق قبووڵ بكات خاكی وڵاته‌كه‌ی بكرێته گۆڕه‌پانی جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت.
عه‌لاوی جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێكی توند كرده‌وه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌رانبه‌ر به‌و ده‌ستدرێژی و گێچه‌ڵكردنانه به‌و پێیه‌ی مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یێكی ڕاسته‌قینه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایش و ئاشتیی جیهانی و پێشێلكارییێکی ڕوونه بۆ یاسا و به‌ڵێننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
شایانی باسه؛ له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا چه‌ند فڕۆکه‌یه‌کی نه‌ناسراو چه‌ند جبه‌خانه و بنکه‌یێکی سه‌ربازیی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبییان له عێراق بۆردومان کرد و گومان ده‌کرێت هێرشه‌کان له‌لایه‌ن درۆنه‌کانی ئیسرائیله‌وه ئه‌نجام درابێت چوونکه سه‌رۆک وه‌زیرانی ڕژێمی زایۆنی به هێما به‌رپرسیارێتیی ئه‌و کاره‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرتووه.