بەپێی میدیا عێراقییەكان، ئەو دادوەرانەی دادگای فیدراڵی كە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كردبو، گەڕانەوە سەر كارەكانیان لە دادگاكە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەك لە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوە، هەر شەش دادوەرە سەرەكییەكەو سێ دادوەرە یەدەگەكەی دادگای فیدراڵی كە بەم دواییانە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كردبو، دەستلەكاركێشانەوەكانیان كشاندۆتوەو بەشێوەیەكی رەسمی دەستیان بە كار كردۆتەوە، ئەوەش لەدوای دانانی سەرۆكێكی نوێ بۆ دادگاكە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كردوە، دوای ئەوەی جاسم عەبود، سەرۆكی پێشوی دادگای فیدراڵی رەوانەی خانەنشینبون كراو دادوەر مونزیر ئیبراهیم كرایە سەرۆكی دادگاكە، ئەو دادوەرانە بڕیاریان دا بە كشاندنەوەی دەستلەكاركێشانەوەكانیان و دەستكردنەوە بە كاركردن لە دادگاكە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، گەڕانەوەی دادوەرەكان لەچوارچێوەی پەك نەخستنی باڵاترین دامەزراوەی دەستوری وڵاتدایە.