پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بۆ هەڵگرتنی سزای سەر ژمارەیەک بانک، سەردانی ئەمریکا دەکات
  2025-06-30       647       

ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پارێزگاری بانکی ناوەندیی، بۆ هەڵگرتنی سزای سەر ژمارەیەک بانک، سەردانی واشنتۆنی کردوە. 

ئاوێنە: چەند ڕۆژێکە د. عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بەسەردانێکی ڕانەگەیەنراو لەئەمریکایە، پێشتریش هیچ لایەنێکی فەرمی قسەی لەسەر ئەو سەردانە نەکردبوو، ئەمەش جۆرێک گومانی دروستکردبوو.

له‌وباره‌یه‌وه‌ حوسێن عەلاوی ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەوە ئاشكرایكردوه‌، ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزادرابون، ئێستا پێداچونەوەیان بۆ کارەکانیان کردوەو شێوازی کارکردنیان گۆڕیوە، بۆیە پارێزگاری بانکی ناوەندیی دەیەوێت بڕوا بەبەرپرسانی ئەمریکا بهێنێت سزاکانی سەر ئەو بانکانە هەڵبگرێت.

به‌وته‌ى عه‌لاوى، "پێشتر لەسەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران هەمان داواکاریی پێشکەش بەبەرپرسانی کۆشکی سپی کردبوو، ئێستا عەلی عەلاق دەیەوێت وەڵامی ئەو داوکارییەی دەستبکەوێت".

ڕاوێژکارەکەی سودانی لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "حکومەت ڕێکاری گرنگی بۆ ڕێگریی لەچونەدەرەوەی دۆلار گرتوەتەبەر، بەو هۆیەوە بردنەدەرەوەی دۆلارو سپیکردنەوەی پارە لەعێراق بەتەواوەتی سنوردارکراوە".

لەعێراق 43 بانک لەپرۆسەی تەوتینی موچەی فەرمانبەران بەشدارن کە 20یان سزای ئەمریکایان لەسەرە كه‌ بریتین له‌:
1- بانکی ڕاجح
2- بانکی عەرەبی ئیسلامی
3- بانکی عبر
4- بانکی جنوبی ئیسلامی
5- بانکی ئەربیل
6- بانکی هودا
7- بانکی تەیف
8- بانکی ئیتیحاد
9- بانکی ئاسیا
10- بانکی ئیستیسمار
11- بانکی شەرق ئەوسەت
12- بانکی ئاشور
13- بانکی سۆمەر
14- بانکی سیقە
15- بانکی زەین
16- بانکی عالەم
17- بانکی قابز
18- بانکی ئەنسار
19- بانکی قرتاس
20- بانکی موستەشار

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×