دۆخی ئاوارە سوننەكان بەدەست دەسەڵاتدارانی شیعەوە خراپتر دەبێت
  2019-09-04       1232       

ئا: ئاوێنە

 

تا دێت دۆخی ئاوارە سوننەكان بەدەست دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراقی خراپتر دەبێت، بەپێی راپۆرتێكی هیومان رایت وۆچ، تا ئێستا دو هەزار ئاوارە لە كەمپەكان دەركراون بە پاساوی ئەوەی په‌یوەندییان بە داعشەوە هەیە.

هیومان رایت وۆچ لە راپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممه‌ چواری ئەیلول  بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژەی بەوە كردووە كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی خۆجێی موسڵ، هەندێك خێزانیان لە كەمپەكان ناچار بە گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان كردووە ئەگەرچی ناوچەكانیان مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە، هەندێكیش لەوانە لەلایەن دراوسێكانیانەوە بە بوونی په‌یوەندی لەگەڵ داعش تۆمەتبار كراون.

هیومان رایت وۆچ دەڵێ، ''هەموو ئاوارەیەك وەك هەر هاوڵاتییەكی عێراقی مافی جموجوڵ و گۆڕینی شوێنی مانەوەی هەیە، ناكرێت دەسەڵاتداران بێ راوێژ بە خۆیان، ناچاریان بكەن و بۆ شوێنێكی مەترسیدار بیانگوازنەوە''.

ئەو رێكخراوەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بە بڕیارێكی حكوومەتی خۆجێی سەڵاحەدین كردووە بۆ داخستنی كەمپەكانی ئاوارەكان و ناچاركردنی ئاوارەكان بۆ گەڕانەوەیان بۆ پارێزگاكانی خۆیان، هاوكات لە مووسڵیش هەمان دۆخ هەیە و بەرپرسانی شارەكە نامەیان بۆ رێكخراوە مرۆییەكان ناردووە كە كەمپەكان دادەخرێن كە ئێستا 38 هەزار و 40 كەس لە كەمپەكانی سنوری مووسڵ دەژین.
 
فەرمانبەرانی رێكخراوە مرۆییەكان لە كەمپەكان بە هیومان رایت وۆچیان راگەیاندوە ''كە لە 21ـی ئابی رابردوو بڕیارەكە لە كەمپەكانی مووسڵ جێبەجێ كراوە و لە یەك كەمپیشدا بە بڕیاری سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی سەربازی، 36 خێزان كە 150 كەس دەبوون و زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون و هەموویان خەڵكی ئەنبار بوون، لە كەمپ دەركراون و بە زۆر رەوانەی ئەنبار كراونەتەوە''.

ئەگەرچی رێكخراوە مرۆییەكان هەوڵیان داوە رێگری لەو بڕیارە بگرن، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن سوودی نەبووە، یەكێك لە فەرمانبەرانی رێكخراوە مرۆییەكانیش لە رومادی دەڵێ، یەكێك لەو خێزانانەی لە كەمپی حەدیسەی سنووری شارەكە بە زۆر رەوانەی زێدی خۆی كراوە، لەلایەن خەڵكی ناوچەكە هەڕەشەی كوشتنی لێ كراوە كە پێوەندییان بە داعشەوە هەبووە، ئەمەش وایكردووە هەر  16 خێزان كە ئێستا لە قوتابخانەیەكی ناوچەكە دەژین، هەمیشە لە ژێر هەڕەشەدا بن.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، هێزە تەناهییەكان 151 خێزانی تر كە 610 كەسن و هەمویان خەڵكی حەویجەن، بە زۆر لە كەمپ دەریان كردوون، ئەگەرچی هێشتا ناوچەكانیان ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە داعشی لێ ئەنجام دەدرێت، بەڵام دواتر دەسەڵاتدارانی كەركوك رەزامەند بوون لەسەر مانەوەیان.

ئێستە دەسەڵاتدارانی  عێراق گوشارێكی زۆریان خستووەتە سەر ئاوارەكان، بەگوێرەی كارمەندێكی رێكخراوێكی مرۆیی بێت، ئەوا 671 كەس لە كەمپەكانی مووسڵ بە زۆر راگوێزراون بۆ كەمپەكانی سەڵاحەدین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×