یەکێتی‌و خەونی کۆنگرە
  2019-09-05       875       

هاوڕێ جەمال


 گومانی تێدا نیە ئەوەی کە حزبی سیاسی، نوێ دەکاتەوە کۆنگرەیە لەپاڵ ھەندێک رێوشوێنی تر وەک چاکسازی ناوخۆیی و جێبەجێکردنی پەیڕەوی نێوخۆ.


 ئێستاش گەر لەواقعی کوردستان بڕوانین، حزبەکان ھەریەکەیان پرسی کۆنگرەی کردۆتە ئەو عەسا سحرییەی کە ئەندام و لایەنگرەکانیان  ھیواو  ئاواتی  گەورەیان  لەسەر ھەڵچنیوە، بەوەی کە کۆنگرەی حزبەکەیان دەتوانێ سەرلەنوێ خوێنی گەش و نوێبەدەمارەکانی جەستەی حزبەکەیاندا بگەڕێنێ.


ھەرچی پەیوەستە بەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، ئەم حزبە بەدرێژایی تەمەنی چل و چوار ساڵەی خۆی تائێستا سێ کۆنگرەی بەستووە کە ھیچ کام لەو کۆنگرانە لە زەمینەیەکی لەباری حزبی ئەنجام نەدراون، لە کاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەبێ ھەر سێ ساڵ جارێ کۆنگرە ببەستێ، واتە ئەزموونی ئەم حزبە لەگەڵ کۆنگرەو نوێبوونەوە ئەزمونێکی ھەژارانەیە، جێگەی سەرسوڕمانەلە ئێستادا کادیرەکانی حزب کۆنگرەیان کردۆتە عەلاگەیەک و تەواوی کێشەکانی حزبەکەیان پێداھەڵواسیوە.


 ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی ئەمڕۆ لە ھەموو رۆژێ زیاتر وەدیھێنانی خەونی سیاسی و حیزبیانەی خۆیان بەستۆتەوە بەبەستنی کۆنگرەی حزبەکەیان، بەتایبەتی دوای کۆچی دوایی مام جەلال سکرتێری حزبەکەیان، کە پاش خۆی، یەکێتی رووبەڕوویگەورەترین کێشە بۆتەوە کە ئەویش غیابی مەرجەعە .


 گەر بەچاوێکی نوقاویشەوە سەیری ململانێ و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی بکەین لەوە تێئەگەین کە ئەو حزبە گرفتاری چەندین کێشەی وەک تەکەتول و فرە مینبەری و باڵباڵێنی شەخسی و بنەماڵەییە، ئەمانە سەرەڕای ئەوەی ھەر خودی ئەو حزبە خۆی لەناوخۆیدا بوەتە چەندین بلۆکی ئابووری گەورەو گچکە کە مەحاڵە کۆنگرە سەرقاپی ھەموو ئەو تەنگژانە بنێتەوە. چونکە دواجار ئەوانەی تەحەکوم بەئەنجامەکانی کۆنگرەوە دەکەن ھەر ئەوانەن کە ئێستا لە مەوقعی بڕیاردان لەناو ئەم حزبە.

خۆ ئەگەر ئەندامانی یەکێتی کە ھەڵپەی بەستنی کۆنگرەیانە، تمووحی ئەوەیان بێ کە سکرتێرێکی نوێ لەدوای مام جەلال بۆحزبەکەیان ھەڵدەبژێرن، کە بەمەش کێشەی مەرجەع چارەسەردەکەن، ئەوا لەمەشا بەھەڵەدا چوون چونکە چەندین جار لەسەر زاری بەرپرسانی ئەو حزبەوە گوێ بیستی ئەوە بوین، ئەو ھەڤاڵەی کە دوای مام جەلال دەبێتە سکرتێری یەکێتی ھەمان دەسەڵاتی ئەوی نابێ، کە ئەمەش ئاماژەیەکی ناراستەوخۆیە کە سکرتێری داھاتو بەقەدەر ئەوەی سکرتێرێکی رەمزییە ئەوەندە کاراکتەرێکنیە بۆ حەسم کردنی ناکۆی و ململانێکان.کە پێم وایە تەنھا کاراکتەرێکی خاوەن دەسەڵات لەرێی تەفویزی کۆنگرەوە،کە ئەمەش بۆ خۆی مەحاڵە، بەھۆی ئەو ھۆکارانەی لە بونیادی ئەم حزبەدا ھەن و لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، دەنا ھیچ کاراکتەرێکی تر دادیپەرتەوازەیی ماڵە گەورەکە نادا. 


 دەکرێ بڵێیین کۆنگرەی یەکێتی گەر ئەنجامیش بدرێ زیاتر قەبەکردنی پێکھاتەو رێکخستنی حزبی لێدەکەوێتەوە، بەنمونە زیادکردنی ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندو مەکتەبی سیاسی کە ئەم زیادکردنەش لە ژێر ئاڕاستەی کوتلەکانیسەرەوەی ئەو حزبە نابێ دەرچێ بەشێوەیەک ھاوسەنگی ھێزیان لێ تێک بدا، کە پێموایە ھەر ئەوانەشن زیاتر ئەمڕۆ دەھۆڵیکۆنگرە دەکوتن تا لە رێگەیەوە لە پۆست و غەنیمەکانی حزب سودمەندبن.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×