یەكێتی بە "زۆرەملێ" ئابونە لە لیوا یەکگرتووەکان وەردەگرێت
  2019-09-16       1272       

ئا: كەركوك ناو، ئاوێنە


یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب و بە زۆرەملێ ئابونە لەو پێشمەرگانە دەستێنێت كە بەلایەنگر و ئەندامی خۆی دەزانێت لەنێو ئەو لیوا یەكگرتوانەی بە رۆڵ و كۆمەكی هاوپەیمانان رێكخراونەتەوە؛ ئەو كارە بەپێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگە و یاسای كاری حزبایەتی لە هەرێمی كوردستان رێپێدراو نییە.


ئەو دەستتێوەردانەی یەكێتی، سێ مانگە لەنێو لیوا یەكگرتوەكاندا دەستیپێكردووە، پێچەوانەی دەیان رێنمایی و بڕیاری سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و تەنانەت سكرتێری كۆچكردوی حزبەكەشە كە چەندین جار دژایەتی خۆی بۆ كاری رێكخستن و حزبایەتی لەنێو هێزەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش دەربڕیووە.


هێمن نوری، لە لیوای یەكی هێزەكانی پێشمەرگە، هەفتەی رابردوو بۆ جاری سێیەم لەسەریەك بڕی سێ هەزار دیناری لێ وەرگیرا و بە (كەركوك ناو)ی وت "كەسێك لەلایەن ئامر فەوجەكەمانەوە نێردرابوو، سریە بە سریە دەگەڕاو ناوی ئەو پێشمەرگانەی دەخوێندەوە كە پێشتر لەڕێی یەكێتییەوە دامەزرێنرابون، هەریەكە و بڕی سێ هەزار دیناری لێسەندین بەناوی ئابونەوە".


هێمن ناوی خوازراوە، وەك خۆی وتی "دەترسم دورمبخەنەوە یان لەكارەكەم دەرمبكەن، زیاتر وتی "پێمخۆش نییە ئەو پارەیە بدەم، بەڵام ناچارم و بەو سێ هەزارە خۆم لە سزادان پاراست".

 

هەفتەی رابردوو كە موچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشكرا، دەیان پێشمەرگەی نێو هەردوو لیوای یەك و دوو پەیوەندییان بە (كەركوك ناو)ەوە كرد و نیگەرانی خۆیان نیشاندا لە لێسەندنی ئەو بڕە پارەیە، هەموو پێشمەرگەكانیش یەكێتی بون.


ئەو پێشمەرگانە پێشتر سەر بە هێزەكانی 70ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بون و دواتر لە چوارچێوەی هەردوو لیوای یەك و دوو-دا لەگەڵ بەشێك لە هێزەكانی 80ی پارتی و بە هەوڵی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكا و ئەڵمانیا رێكخرانەوە.


پێشڕەو نوری، لە لیوای دووی هێزەكانی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ی وت "با دەنگدەری یەكێتیش بم، بەڵام قەت كاری حزبایەتیم نەكردووە، بە نوێنەری ئامر فەوجەكەم وت: بە بڕیاری كێ پارە وەردەگرن، وتی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەكێتی".


مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتی، وەرگرتنی ئابونە لە پێشمەرگە پشتڕاستدەكاتەوە، بەڵام رەتیدەكاتەوە بە زۆرەملێ بێت.


مستەفا چاوڕەش، لێپرسراوی ئەو مەڵبەندە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب ئابونە لە پێشمەرگەكانمان وەردەگرین، بەڵام بە زۆرەملێ نییە و ئەوە یاسای حزبە".

 

دوو سەرچاوەی باڵاش لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی ناڕەزایی بەشێك لە پێشمەرگەكان گەیشتۆتە وەزارەت و بۆ ئەو مەبەستەش وەزیر ئاگاداركراوەتەوە.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق، "نواندنی كاری حزبایەتی لە دامودەزگاكانی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ قەدەغەیە" و بەپێی یاسای وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیش، ئەركی پێشمەرگە "پاراستنی كیانی سیاسیی هەرێم و سیستەمی حوكمە دیموكراتییەكەی و پارێزگاریكردن لە دەزگا دەستورییەكانی"، نەك كاری حزبایەتی.


وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریداوە بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە بكات و سزای ئەو كەسانە بدات ئەو كارە دەکەن، وەك جەمال ئیمینیكی، سەرۆك ئەركانی سوپای پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ی وت.


جەمال ئیمینیكی، بە پێچەوانەی مستەفا چاوڕەش، جەختیكردەوە "بەپێی یاسا نابێت ئابونە لە پێشمەرگە وەربگیرێت و وەرگرتنی کارێکی نایاساییە... ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین، بەڵام بەدواداچونی وردی بۆ دەكەین سزایان دەدەین".

 

زۆرینەی حزبەكان بەر لە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، ئابونەیان لە پێشمەرگە وەردەگرت، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، پارتی دیموكراتی کوردستان لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی داعش وەرگرتنی ئابونەی لەنێو لیوا یەكگرتووەكان راگرتووە.


وەرگرتنی ئابونە و كاری حزبایەتی لەناو ریزەكانی پێشمەرگە لەكاتێكدایە، لە ئێستادا سێ تیمی سه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریکا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لە گفتوگۆدان بۆ دانانی پلانێك لەپێناو یه‌كخستنەوەی تەواوی هێزەكان، ئەوەش بەوتەی جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و كاندیدی ئەو حزبە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان.


لە ساڵی 2014دا مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشوی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لە رێنماییەكی حەوت خاڵیدا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، داوایكرد، بە هیچ جۆرێک کاری رێکخستن و حزبایەتی لەناو وەزارەت نەکرێت و جەختیكردەوە "ئەو کەسەی بیەوێت لەناو وەزارەت حزبایەتی بکات با دەست  لە کار بکێشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ لای حزبەکەی خۆی".

 

لە خاڵێكی رێنماییەكەدا دەڵێت پێویستە هەرچی زوتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕێکوپێکی یەکبخرێتەوە. "بە شێوەیەک کە نابێت حزبایەتی تێدا بێت".


حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2010دا دەستیكرد بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، تا ساڵی 2013 توانرا 14 لیوا یەكبخەن. بەڵام پرۆسەكە بەهۆی شەڕی داعش، ململانێی سیاسییەكان و قەیرانی داراییەوە پەكیكەوت، ئەوەش بە وتەی جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە.


جەبار لە لێدوانێكیدا كە ماڵپەڕی وەزارەتەكە بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت ئێستا 43 هەزار ئەفسەر و پێشمەرگە لەنێو ئەو لیوایانەدا یەكخراون.

 

یەكخستنەكە نەبووە هۆی دورخستنەوەی دەستی حزب لە ناو ریزەكانی پێشمەرگە، ئەوەش لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا بە تەواوی دەركەوت، كاتێك پێشمەرگەكانی پارتی لەنێو لیوا یەكگرتووەكان بۆ سنوری هەولێر و ئەوانەی یەكێتیش بۆ سنوری سلێمانی كشانەوە بە بڕیاری فەرماندەكانیان.

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×