پەروەردەی کەرکوک: 80 هه‌زار كه‌س فۆڕمی دامه‌زراندنیان پڕكردۆته‌وه‌
  2019-09-19       637       
كه‌ركوك، قه‌ڵای مێژویی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

گۆران بابان، كه‌ركوك


په‌روه‌رده‌ی گشتی كه‌ركوك، زیاتر له‌ 80 هه‌زار فۆڕمی پێگه‌یشتووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ته‌نیا دوو هه‌زار و 800 هه‌لی دامه‌زراندن، بۆ ئه‌وه‌ش لیژنه‌یه‌كی له‌ نوێنه‌ری سێ پێكهاته‌ی پارێزگاكه‌ پێكهێناوه‌ تا بڕیار له‌ لیستی ناوه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان بده‌ن.



به‌پێی یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ و له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌ 27ی ئاب به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له‌ مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله‌ وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بوو.

عومەر قادر، جێگری بەڕێوه‌بەری گشتی پەروەردەی پارێزگای کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "تا كۆتاییهاتنی واده‌ی دامه‌زراندن، زیاتر لە 80 هەزار كەس فۆڕمی دامەزراندنیان پڕكردۆته‌وه‌ بۆ دوو هه‌زار و 841 پله‌ی وه‌زیفی".

له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌، لیژنه‌یه‌كی له‌ سێ پێكهاته‌ی كه‌ركوك پێكهێنراوه‌، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیار له‌ لیستی ناوه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان بۆ دامه‌زراندن.

"ئه‌و لیژنه‌یه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی عه‌بد توعمه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ (عه‌ره‌ب) و نه‌وزاد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری (كورد) و سه‌وسه‌ن جه‌دوع، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری توركمانی پێكهاتون" به‌وته‌ی عومه‌ر قادر، كاری ئه‌و لیژنه‌یه‌ واژۆی كۆتاییه‌ له‌سه‌ر لیستی دامه‌زراندنه‌كه‌.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ كه‌ ورده‌كاری هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچون بۆ ناوه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان، له‌رێی لیژنه‌ی فه‌رعیی میلاكاته‌وه‌ ده‌بێت.

دامه‌زراندنه‌كه‌ی كه‌ركوك، به‌پێی رێكاره‌كانی په‌روه‌رده‌ بڕیاره‌ سه‌دا 50ی بۆ وانه‌بێژ بێت، له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاوگرتنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیان، ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ر چوار به‌شی خوێندنی عه‌ره‌بی، كوردی، توركمانی و سریانی.
عەبد عەلی توعمە، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی كه‌ركوك پێشتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی هیچ واسیته‌ و ده‌ستتێوه‌ردانێك له‌ پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌دا نییه‌، له‌رێی لیژنه‌یه‌كی پێكهێنراوه‌ له‌ پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌، پرۆسه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و یه‌كلاییده‌كرێته‌وه‌.
له‌ دیاریكردنی ناوی دامه‌زراواندا به‌پێی رێكاره‌كان، ده‌بێت كار به‌ خاڵ ب‌كرێت، ئه‌و خاڵانه‌ش له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك داده‌نرێن كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌بڕوانامه‌، ساڵانی خزمه‌ت، باری خێزانی، منداڵ و كه‌سوكاری قوربانیان، دواتر خاڵه‌كان كۆده‌كرێنه‌وه‌ و خاوه‌نی زۆرترین خاڵ هه‌ڵده‌بژێردرێت.
به‌وته‌ی جێگری بەڕێوه‌بەری گشتی پەروەردەی پارێزگای کەرکوک، لیستی ناوه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و جیاكردنه‌وه‌یان، ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن وه‌ك پاڵێوراو تا په‌سه‌ندبكرێت و فه‌رمانی وزارییان بۆ ده‌ربكرێت.
عومەر قادر وتی "پرۆسەی ئەمجارە موقابەلەی تێدا ناكرێت، واته‌ پێش دامەزراندنەكە چاوپێكەوتن لەگەڵ پێشكەشكاری دامەزراندنه‌كه‌ ناكرێت و راستەوخۆ داده‌مەزرێت".
هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد كۆی پرۆسه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ته‌نیا بۆ دوافه‌رمانی دامه‌زراندنه‌كه‌ ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا، "پرۆسه‌كه‌ له‌ یه‌ك بازنه‌دایه‌ و زۆر ئاڵۆزه‌، بۆیه‌ ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێت و دیارنییه‌ كه‌ی ناوی دامه‌زراێنراوان راده‌گه‌یه‌نرێت".
لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق، وه‌ك عومه‌ر قادر ده‌لێت؛ به‌ڵێنیداوه‌ له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020یشدا، هاوشێوه‌ی ئه‌مساڵ قۆناغێكی تر له‌ دامه‌زراندن بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ته‌رخانبكه‌ن.
له‌ ساڵی 2013وه‌، په‌روه‌رده‌ی گشتی كه‌ركوك ده‌رچوانی كۆلێژ و په‌یمانگاكانی دانه‌مه‌زراندووه‌، له‌ ئێستاشدا هه‌زاران كه‌س چاوه‌ڕێی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانجار ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی خوێندنی كوردی، عه‌ره‌بی، توركمانی و سریانی.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×