بەغدا؛ خۆپیشاندان دەستی پێكردەوەو خۆپیشاندەرێكیش كوژرا
  2019-10-05       853       

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لەبەغدا پایتەخت خۆپیشاندان دەستی پێكردەوەو خۆپیشاندەرێكیش بە گوللـە كوژرا.

ئاوێنە: ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس بڵاویكردەوە، دوای ماوەیەكی كەم لە دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان لەسەر رێگەیەك كە دەچێتەوە سەر گۆڕەپانی تەحریر لە نزیك وەزارەتی نەوت، تەقە بە ئاڕاستەی خۆپیشاندەران كراوەو خۆپیشاندەرێك بە گوللـە كوژراوە.

لەلایەكی دیكەوە میدیا عێراقییەكان باس لەوە دەكەن پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پێنجەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا، سەدان خۆپیشاندەر لەچەند ناوچەیەكی مەدینە سەدر و شەقامی فەلەستینی بەغدا كۆبونەتەوە وەك ئامادەكارییەك بۆ جوڵان بەرەو گۆڕەپانی تەحریر.

هەروەها ئەمڕۆش خۆپیشاندانی بەرفراوان لە دیوانیە بەڕێوەچوە وێڕای ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژی پێنجشەممەوە لەو شارە راگەیەندراوە.

هەر ئەمڕۆش لە ناسریە، چەند شایەتحاڵێك بە كەناڵی ئەلحوڕە-یان راگەیاندوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر لە ناوەڕاستی شارەكە كۆبونەتەوە ئەوەش دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ لەو شارە.

بەپێی دوایین ئاماری كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لەعێراق، لە خۆپیشاندانەكاندا 93 كەس كوژراون و نزیكەی چوار هەزار كەسیش بریندار بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×