لەسەر بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لەباكوری سوریا، مەكگۆرك رەخنەی توند لە ترەمپ دەگرێت
  2019-10-07       2701       

برێت مەکگۆرک، نوێنەری پـێشوی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەباكوری سوریا و دەشڵێت؛ ئەمشەو ترەمپ لەدوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكێكی بیانی، دیارییەكی بەخشییە روسیا، ئێران و داعش.

ئاوێنە: برێت مەکگورک ئەمڕۆ دوشەممە لە چەند تویتێكدا نوسیویەتی"دۆناڵد ترەمپ فەرماندەی باڵا نییە. بڕیاری سەرەڕۆیانە دەدات بەبێ ئەوەی زانیاری هەبێت یان تاوتوێی مەسەلەکە بکات. سەربازانی سوپا ڕەوانەی شوێنی مەترسیدار دەکات بەبێ ئەوەی پاڵپشتیان بکات. لەپڕ هەڵدەچێت و هاوپەیمانانمان جێدەهێڵێت کاتێک نەیاران فریوی دەدەن یان کە روبەڕوی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توند دەبێتەوە."

پاشان نوسیویەتی"بەکورتی و بەپوختی: ترەمپ ئەمشەو لە پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكێكی بیانی دیارییەکی بەخشییە روسیا، ئێران و داعش. شایەنی باسە، لێرە لە پەیوەندیەکانی دەرەوە هۆشداریم لەم بارەیەوە دابو و پـێشنیاری ئەڵتەرناتیڤم کرد بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستییەکان لەسەر ئەرزی واقیع و لەم کۆشکی سپییەشدا."

شەوی ڕابردو کۆشکی سپـی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نوسیویەتی؛ ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ بە ڕێگەی تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کرد. بەمزوانە تورکیا بەرەو پـێشەوە هەنگاو دەنێت لە پلانە لە مێژینەکەی بۆ باکوری سوریا. هێزەکانی ئەمەریکا پشتیوانی یان بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن، هێزەکانی ئەمەریکا لە پاش ئەوەی خەلافەتی داعشیان نەهێشت، چیتر لەو ناوچەیە نابن.

لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتوە"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا فشاری خستە سەر فەڕەنسا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ئەوانەی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعشیان لێ هاتبو و بەدیل گیران، تاوەکو وەریانبگرنەوە، بەڵام ڕەتیانکردەوە. چیتر ئەمەریکا لای خۆی دەستگیریان ناکات کە ڕەنگە چەندان ساڵ درێژەبکێشێت و زۆر لەسەر ئەمەریکا بکەوێت. ئیدی تورکیا لە ئێستاوە بەرپرسە لە هەمو چەکدارانی داعش لە ناوچەکە، ئەوانەی لەماوەی 2 ساڵی ڕابردو دەستگیرکران لەمیانەی شکستهێنان بە خەلافەتی داعش لەلایەن ئەمەریکاوە."

بەڵام برێت مەکگورک لەو بارەیەوە وتویەتی"دۆناڵد ترەمپ زانیاری نییە کە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لای هێزەکانی سوریای دیموکراتن، نەک هێزەکانی ئەمەریکا."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×