مسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران ئەمڕۆ واژۆی لە سەر "یاسایی راگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" كردوە و بە فەرمی گشتاندنی بۆ كرد بەمەبەستی جێبەجێكردنی.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە سەرۆک کۆماری ئێران، گشتاندنی بۆ یاسای راگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كرد، کە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کرابو.
ئەم یاسایە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هاتە ئاراوە، پەرلەمانتاران پرۆژە یاسایەکیان لەژێر ناوی هەڵپەساردنی هاوکاری نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە پەرلەمان پێشكەشكرد و پەسەند کرا.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو، پەرلەمانی ئێران یاساكەی پەسەند كرد و ڕۆژی پێنجشەممە نێردرا بۆ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە بەمەبەستی پەسەندكردنی، دوای هەفتەیەك ئەمڕۆ پزیشكیان پەسەندیكرد و گشتاندنی بۆ یاساكە كرد.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پێنجشەممەی ڕابردو لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X"، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی دەقی یاساكەی پەرلەمان كە بۆ مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئەو وڵاتەی ناردوە، دەڵێت، "دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، یاسای ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیەندرا".
وتیشی، "ناکرێت درێژە بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بدەین، کە بە ئامادەکردنی زەمینە بۆ شەڕ و دەستدرێژی، وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکان و خزمەتکاری ڕژێمی ناشەرعی ئیسرائیل مامەڵە دەکات، تا ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان دەستەبەر بکەین".