هەسەدە: توركیا لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكەیدا تەنها سێ گوندی كۆنترۆڵ كردوە
  2019-10-10       826       

هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، رایگەیاند، سوپای توركیا و میلیشیا هاوپەیمانەكانی لە ئۆپەراسیۆنەكەیاندا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان تەنها توانیویانە سێ گوندی بچوك كۆنترۆڵ بكەن.

ئاوێنە: مستەفا بالی، وتەبێژی هەسەدە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە كەناڵی "ئەلحوڕە"ی راگەیاندوە، هێزەكانی توركیا توانیویانە بچنە نێو گوندێك لە رۆژئاوای شارۆچكەی گرێ سپی و دو گوندی دیكە لە رۆژهەڵاتی شارۆچكەكە.

مستەفا بالی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و بۆردومانكردنی شارۆچكە سنورییەكانی چڕكردۆتەوە بەتایبەت هەردو شارۆچكەی سەرێ كانی و گرێ سپی بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە پێ بخاتە نێو ئەو دو شارۆچكەیەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئاژانسی هەواڵی رەسمی توركیا باسی لەوە كردبو كە 11 گوندیان لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكەدا كۆنترۆڵ كردون.

بەپێی قسەی مستەفا بالی، هێشتا شەڕ لە دەوروبەری ئەو گوندانە بەردەوامە كە توركیا كۆنترۆڵی كردون و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەو شەڕەدا چەندین سەربازی توركیاو میلیشیاكانی هاوپەیمانی ئەو سوپایە كوژراون.

وتەبێژەكەی هەسەدە ئەوەشی خستۆتەڕو كە جوڵەیەكی ئاوارەبونی بەرفراوانی دەیان هەزار مەدەنی لە شارۆچكە سنورییەكانی سوریا هەیە ئەوەش لە ترسی بۆردومانی تۆپ و فڕۆكەی هێزەكانی توركیا.

بالی ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئئوارەی ئەمڕۆ ژنێك و منداڵێك لەئەنجامی بۆردومانی توركیا لە گەڕەكێكی شاری قامیشلۆ شەهید بون.

مستەفا بالی، دۆخی مرۆیی لەو ناوچە سنوریانەی كراونەتە ئامانجی هێرشەكانی توركیا بە كارەسات ناوبرد ئەوەش لەدوای كشانەوە رێكخراوە مرۆییەكان.

ئەوەشی خستەڕو كە بۆردومانەكانی توركیا لە سەرێ كانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان كردۆتە ئامانج و ئەوەش بۆتە هۆی پچڕانی ئاو لە شاری حەسەكە بەتەواوەتی.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×