دەقی رێككەوتنەكەی نێوان ئەمریكاو توركیا
  2019-10-18       1092       

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، دوای كۆبونەوەیەكی درێژخایەن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیادا، مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ توركیا گەیشتونەتە رێككەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ لە باكوری سوریاو كشانەوەی هێزە كوردییەكان لەناوچە سنورییەكانی شەڕ.

ئاوێنە: مایک پـێنس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئەنکەرە رایگەیاند تورکیا بە ئاگربەست ڕازی بوە و تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی لە ماوەی 120 سەعات(5 ڕۆژ)دا کۆتایی پێدەهێنێت، پاش ئەوەی هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە دەکشێنەوە کە بڕیارە بکرێتە ناوچەی ئارام.

لە لایەکی دیکە مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند ئەوان ئۆپەراسیۆنەکە هەڵدەپەسێرن بەڵام کۆتایی پێناهێنن هەتا هێزە کوردییەکان لەو ناوچەیە نەکشێنەوە کە بڕیارە بیکەن بە ناوچەی ئارام.

ئەمەش دەقی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەیە:

1. ئەمەریکا و تورکیا جەخت دەکەنەوە سەر پەیوەندیـیەکانی نێوانیان وەک دو ئەندامی ناتۆ. ئەمەریکا لە نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنورەکانی باشوری تورکیا تێدەگات.

2. تورکیا و ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە لەسەر زەوی بە تایبەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەهایە هاوکاری نزیکتر هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکان.

3. تورکیا و ئەمەریکا بەردەوامن لەسەر پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا. لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو بۆ (یەک لە پـێناو هەمومان و هەمو لە پـێناو یەک). (یەک لە پـێناو هەمومان و هەمو لە پـێناو یەک) دەسەتەواژەیەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە.

4. ئەم دو وڵاتە بەڵێنیان دوپاتدەکەنەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمایەتیـیە ئاینی و نەژادیـیەکان.

5. تورکیا و ئەمەریکا پابەندن بە نەهێشتنی چالاکیـیەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەمە بریتی دەبێت لە هەماهەنگیکردن بەپـێی پـێویست لە بارەی بەندیخانەکانی دەستگیرکراوە داعشەکانی تێدایە و هەروەها لە بارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە ئاوارەبون کە جاران لە ژێر دەستی داعشدا بون.

6. تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتون کە شەڕی دژە تێرۆر دەبێت تەنها تێرۆرستان و شوێن و حەشارگەکانیان و چەک و کەلوپەلەکانیان بکاتە ئامانج.

7. لایەنی تورکی پابەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی مسۆگەربکرێت هەمو دانیشتوانی ناوچەی ئارام بپارێزرێن کە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێن، وە جەختی کردوەتەوە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی ناوچەکە بپـارێزێن.

8.هەردو وڵات جارێکی دیکە بەڵێنی خۆیان دایەوە بۆ پاراستنی یەکگرتویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەڕێوەچونی پـرۆسەی سیاسی بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان کە ئامانج لێی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی سوریا بەپـێی بڕیاری SCR2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان.

9.هەردو لایەن ڕازیبون لەسەر گرنگی و کاریگەری ناوچەیەکی ئارام بۆ نەهێشتنی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە نشتیمانیـیەکانی تورکیا، لەوانە گواستنەوەی چەکە قورسەکانی یەپەگە و تێکدانی سەنگەر و بنکەکانیان.

10.ناوچەی ئارام بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیاوە، وە هەردولا پەرە بە هاوکاریـیان دەدەن لە هەمو بوارەکاندا تاوەکو ئەمە جێبەجێی بکرێت.

11.لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدات لە ماوەی 120 کاتژمێر لە ناوچەی ئارام بکێشنەوە. لە پاش تەواوبونی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" دێت.

12.هەر کات ئۆپەراسیۆنی " کانی ئاشتی" ڕاگیرا، ئەمەریکا ڕازی دەبێت سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپـێنرێت بەپـێی فەرمانی سەرۆکایەتی کە لە 14 ی مانگی دەی 2019 دەرچوە. بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە ئەرێنیـیەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەپێی بڕیاری ژمارە SCR2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان. کاتێک ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" کۆتایی پێهات وەک ئەوەی لە خاڵی ژمارە یازدەدا هاتوە، سزا سەپـێندراوەکانی سەر تورکیا هەڵدەگیرێن.

13.هەردولایەن بەڵێنیان داوە پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئامانجەکان کە لەم ڕاگەیاندنەدا هاتون.

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×