وتەبێژی هەسەدە: هێزەكانمان بەتەواوەتی لە "سەرێكانی" كشانەوە
  2019-10-20       1827       

وتەبێژی هەسەدە رایگەیاند، لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئاگربەستی كاتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، شەڕڤانانمان بەتەواوەتی لە شاری "سەرێكانی" لە رۆژئاوای كوردستان كشانەوە.

ئاوێنە: كینۆ گابریێل، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند، لەچوارچێوەی رێككەوتنی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا لەگەڵ لایەنی توركی و بە نێوانگیری ئەمریكا، ئەمڕۆ شاری سەرێكانی لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە بەتەواوەتی چۆڵكرا.

جەختیشی كردۆتەوە"ئیدی هیچ شەڕڤانێكمان لەنێو شارەكە نییە."

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە كە شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری "سەرێکانی" لە رۆژئاوای كوردستان کشاونەتەوە، ئەوەش دوای بردنەدەرەوەی دوایین کاروانی بریندار و شەهیدەکانیان بەهاوكاری خاچی سوری نێودەوڵەتی.

هەر ئەمڕۆ مانگی سوری کورد ئاشکرای کرد؛ بە هاوکاریی خاچی سوری نێودەوڵەتی تیمەکانیان چونەتە سەرێکانی و (30) بریندار و تەرمی چوار شەهیدیان لە نەخۆشخانەی سەرێکانی دەربازکردوە و گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەرمان لە قامیشلۆ.

پێشتریش مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند: تورکیا رێگە بە دەربازبونی برینداران و قوربانیان و هاوڵاتیانی مەدەنی نادات لە سەرێکانی و رێگریشە لە کشانەوەی هێزەکانمان لەو شارە کە چەند رۆژێکە لە ژێر گەمارۆییەکی قورسی مرۆیی و سەربازیدایە.

رۆژی 9ی ئەم مانگە، سوپای تورکیا و چەکدارانی گروپە توندڕەوەکانی سوریا هێرش و پەلامارەکانیان بۆ سەر سنوریەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد.

رۆژی (17)ی ئەم مانگە ئەمەریکا و تورکیا رایانگەیاند: گەیشتونەتە رێککەوتنی ئاگربەست لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و تا (120) سەعات شەڕ و پێکدادان دەوەستێنرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو رێککەوتنە هێرش و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانی و گوندەکانی دەوروبەری بەردەوام بو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×