ئایا ژوری عەمەلیاتی ئیدارە كردنی خۆپیشاندانەكانی عێراق لەسلێمانییە؟
  2019-10-26       4292       

ئا: ئاوێنە

 

رۆژنامەیەكی نزیك لەحزبوڵای لوبنان ئاماژە بەوە دەكات خۆپیشاندانەكانی عێراق لەلایەن واشنتۆن‌و ئەبوزەبییەوە سەرپەرشتی دەكرێ‌‌و ریاز-یش لەروی داراییەوە پاڵپشتی دەكات، رۆژنامەكە دەڵێت "ئەركی بەدواداچونی مەیدانی ئەم خۆپیشاندانانە بەدو ژووری عەمەلیات سپێردراوە كە یەكێكیان لەباڵوێزخانەی ئەمەریكادایە لەبەغداو ئەویتریشیان لەشاری سلێمانییە لەهەرێمی كوردستان".



رۆژنامەی الاخبار-ی لوبنانی كە رۆژنامەیەكی نزیك لەحزبوڵا‌و رژێمی ئەسەدە لەسوریاو گوزارشت لەدیدو بۆچونی ئەوان دەکات، لەراپۆرتێكیدا سەبارەت بەخۆپیشاندانەكانی عێراق تیشكی خستوەتە سەر ئەوەی ئامانج لەم خۆپیشاندانانە ئەنجامدانی كودەتایەكی سیاسییە لەدژی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی‌و هێزە هاوپەیمانەكانی ئێران لەعێراق، كە زۆر بەوردی نەخشەو پلانی بۆ كێشراوە لەئەمەریكاو ئیمارات‌و سعودیەوە بگرە تا دەگات بەشاری سلێمانی.


راپۆرتەكە كە بەپێی چەند زانیارییەكی ئەمنی عێراق ئامادە كراوە ئاماژە بەوە دەكات واشنتۆن‌و ئەبوزەبی‌و ریاز، هەریەك لەعێراق‌و لوبنان-یان كردوەتە ئامانج، بەو پێیەی یەكەمیان دەسەڵاتی تیایدا سەر بەئێرانەو دوەمیشیان حزبوڵا تیایدا باڵادەست‌و زاڵە.


راپۆرتەكە باس لەوە دەكات ئەو سێ‌ وڵاتە دەیانەوێ‌ حكومەتەكەی عەبدلمەهدی بڕوخێنن کە هەردو ئیتیلافی فەتح‌و سائیرون پشكی شێریان هەیە لەم حكومەتەدا، بۆ ئەم مەبەستەش ئیمارات سەنتەری پیلانەكەیە كە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی "تەحنون بن زاید ئال نەهیان"‌و راوێژكارە فەلەستینییەكەی "محەمەد دەحلان" كە پێشتر سەركردەیەكی دیاری ئەمنی بزوتنەوەی فەتح بوە، رۆڵی سەرەكی لەداڕشتنیدا دەبینن.


بۆ ئەنجامدانی ئەم كارەش 150 ملیۆن دۆلار تەرخان كراوە، سعودیە دەیدات‌و لەجێبەجێكردنیدا پشت بەرێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەستراوە كە لەلایەن باڵوێزخانەی ئەمەریكاوە سپۆنسەر دەكرێن، زیاتر لە50 هەزار رێكخراوی لەوجۆرە لەعێراقدا هەن.



بەدواداچونی ئەم جموجۆڵە لەروی مەیدانیەوە بەدو ژوری عەمەلیات سپێردراوە، یەكەمیان لەناو باڵوێزخانەی ئەمەریكادایە لەبەغدا‌و لەلایەن كارمەندێكی (CIA)  بەڕێوەدەبرێت بەناوی «agent N». ئەویتریشیان لەهەرێمی كوردستاندایە‌و بەدیاریكراوی لەشاری سلێمانی.


راپۆرتەكە ئەوە رونیدەكاتەوە كە ئەمەریكا بڕیاری سزادانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی داوە لەبەرئەوەی هەڵوێستی سەبارەت بەسزا ئابورییە سەپێنراوەكانی سەر ئێران پێچەوانەی هەڵوێستی ئەمەریكا بوە‌و هەماهەنگی زیاتری لەگەڵ ئێران كردوە. لەمەسەلەی حەشدی شەعبی-دا ئاسانكاری بۆ كردون‌و تێهەڵكێشی هێزە چەكدارەكانی عێراق بن. هەروەها دەروازەی قائم – البو كەمالی سنوری عێراق‌و سوریای كردوەتەوە‌و رێگەی بۆ بەستنەوەی تاران – بەغدا – دیمەشق – بەیروت خۆش كردوە. چەندین فەرماندەی گرنگی نزیك لەئەمەریكای لەهێزە چەكدارەكان‌و دەزگا ئەمنییەكاندا دور خستوەتەوە.


سەرنجڕاکێش ئەوەیە راپۆرتەكەی الاخبار ئاماژە بەوە دەكات لەئاستی سیاسیدا، بەرهەم ساڵح-ی سەرۆك كۆمار بەدور نییە لەهەمو ئەوەی كە رودەدات، ئەو دەیەوێ‌ ببێت بەتاكە سەركردەی كورد لەڕێگەی قۆستنەوەی ئەم هەلەوە، گرەو لەسەر ئەوە دەكات عەبدولمەهدی لەژێر گوشاری جەماوەرو میدیاكاندا دەست لەكار بكێشێتەوەو دەسەڵاتەكانی بدرێت بەوو ببێتە خاوەنی بڕیاری راستەقینە لەعێراقدا، ئەمەش گرەو كردنێكە كە بەشدار بون لە"پیلانگێڕییەكە"ی دژ بەعەبدولمەهدی تیا دەخوێنرێتەوە، وەك رۆژنامەی الاخبار دەڵێت "كە هیچ شتێك بەرهەم‌و عەبدولمەهدی پێکەوە كۆ ناكاتەوەو تەنانەت پەیوەندییەكانیشیان گرژو ئاڵۆزە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×