دوای ئەوەی بۆ چەند کاتژمێرێک بەندەری ئوم قەسر دەستی بەکارەکانی کرد دووبارە لەلایەن خۆپیشاندەران داخراوە
  2019-11-07       653       
بەرپرسانی بەندەری ئوم قەسر بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دەیان خۆپیشاندەر جارێکی دیکە دەروازەی بەندەرەکەیان داخست، ئەوەش دوای ئەوەی تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێک بەندەرەکە دەستی بەکارەکانی کردەوە.

ئاوێنه‌: کارکردن لە بەندەری ئوم قەسر زیاتر لە هەفتەیەکە داخراوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران بۆ گوشار کردنە سەر حکوومەت رێگەی بەندەرەکەیان گرتووە. کە ئەو بەندەرە به‌ شادەماری ئابووری عێراق هەژماردەکرێت و کاڵا سەرەکییەکانی وەک دانەوێڵە، رۆنی رووەکی و شەکر لەو دەروازەیەوە هاوردە دەکرێت.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە زۆربەی خۆپیشاندەران دەروازەی بەندەرەکەیان کردەوە و کارکردن لە بەندەری ئوم قەسر دەستی پێکردەوە، بەڵام بەرپرسانی بەندەرەکە بە رۆیتەرزیان راگەیاند، کەسوکاری ئەو خۆپیشادەرانەی لەو هەفتەیەدا کوژراون، جارێکی دیکە گەڕاونەتەوە و دەروازەی سەرەکی بەندەرەکەیان داخستووە.

بەڵام بەرپرسانی بەندەرەکە هۆکاری چۆڵکردنی دەروازەکەیان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە بۆ رۆیتەرز ئاشکرا نەکردووە.

لەو بارەیەوە گوتەبێژی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، داخستنی بەندەری ئوم قەسر لە باشووری عێراق زیانی زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندووە.

عەبدولکەریم خەڵەف لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی پەککەوتنی بەندەری ئوم قەسر زیانێکی زۆر بە وڵاتەکە گەیشتووە و بەهۆیەوە سەدان بارهەڵگر لە کارەکانیان وەستاون و ئەوەش زیانێکی زۆری بە ئابووری عێراق گەیاندووە.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×