وتەبێژی سەربازیی عادل عەبدولمەهدی: رێگەنادرێت خۆپیشاندەران هەڵكوتنە سەر بانكی ناوەندی
  2019-11-07       1521       

لیوا عەبدولكەریم خەڵەف، وتەبێژی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، نابێت رێگە بە خۆپیشاندەران بدرێت هەڵبكوتنە سەر بانكی ناوەندی لە شەقامی رەشید لەناوەڕاستی بەغدا.

ئاوێنە: لیوا عەبدولكەریم خەڵەف، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی "روسیا تودەی"دا، رایگەیاند"هیچ پەیوەندییەك لەنێوان هێرشكردنە سەر بانكی ناوەندی و داخوازی خۆپیشاندەراندا بونی نییە."

جەختیشی كردەوە"ئەم جۆرە رەفتارانە لەهەمو دنیادا رەتكراوەن."

بەپێی قسەی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق "كوژرانی هەندێك لەخۆپیشاندەران لەڕۆژانی خۆپیشاندانەكاندا لەسەر دەستی سەربازان بوە." لەگەڵ ئەوەش وتی"هەندێكی دیكەیان لەسەردەستی كەسانی نەناسراو كوژراون و ئەو دۆسیەیەش لەبەردەم یاسادایە."

عەبدولكەریم خەڵەف، هێمای بۆ ئەوەش كرد كە چونی ئەو هێزە چەكدارەكان بۆ سەر شەقامەكان پەیوەندی بەوەوەیە كە هێزە ئەمنییەكان ئامادەیی خۆپیشاندانی گەورەیان نەبوە.

جەختیشی كردەوە كە ئەو بۆمبی غازی فرمێسكڕژێنانەی دژبە خۆپیشاندەران بەكارهێنراون "رێگەپێدراون و لەزۆر وڵات بەكاردەهێنرێن."
 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×