ئەمریكا 10 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی زانیاری دەربارەی دو سەركردەی قاعیدە تەرخان دەكات
  2019-11-07       1423       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، دو پاداشتیان بەبڕی 10 ملیۆن دۆلار دیاریكردوە بۆ ئەو كەسانەی زانیاری دەدەن لەبارەی دو سەركردەی رێكخراوی قاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی.

ئاوێنە: مایكڵ ئیڤانۆف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاسایشی دیپلۆماتی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتەكەیان پاداشتێكی بەبڕی شەش ملیۆن دۆلار دیاریكردوە بۆ ئەو كەسانەی زانیاری دەدەن لەبارەی سەعد بن عاتیف عولقی، سەركردەی رێكخراوی قاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەبی.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كرد كە وەزارەتەكە پاداشتێكی بەبڕی چوار ملیۆن دۆلار دیاریكردوە بۆ ئەوانەی زانیاری دەدەن دەربارەی ئیبراهیم ئەحمەد مەحمود قوسی، كە پێشتر هانی چەند هێرشێكی دژ بە ئەمریكا داوە.

رێكخراوی قاعیدە لەنیمچە دورگەی عەرەبی یەمەنی كردۆتە بارەگای سەرەكی خۆی، كاتێك دەركەوت كە هەردو لقی قاعیدە لە سعودیەو یەمەن لەساڵی 2009 یەكیان گرت.

رێكخراوی قاعیدە لەرابردودا چەندین هێرشی دژ بە باڵیۆزخانەكان و گەشتیاران ئەنجامداوە بە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل و پشتینی بۆمبڕێژكراو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، رێكخراوەكە خاوەنی چوار هەزار چەكدارەو دارایی رێكخراوەكە پشت دەبەستێت بە دزیی و بەخشینی دارایی لەلایەن پشتیوانانییەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×