په‌رله‌مانی‌ عێراق چه‌ند یاسایه‌كی په‌سه‌ندكرد
  2019-11-19       637       

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر په‌رله‌مانی‌ عێراق یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی‌ پله‌باڵاكان‌و یاسای دەستەی دەستپاکی‌‌و یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌سه‌ندكرد، به‌پێی‌ یاساكه‌ش پێویسته‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داهاتی خۆیان ئاشکرا بکەن.

ئاوێنه‌: ئەمشەو پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی دەنگدان‌و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر چەند پرۆژە یاسایەكی گرنگ، كۆبونەوەی ئەنجامدا، له‌دانیشتنه‌كه‌دا یاسای هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی‌ پله‌باڵاكان‌و یاسای دەستەی دەستپاکی‌‌و یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ندكرا.

به‌پێی‌ یه‌كێك له‌بڕگه‌كانی‌ هەمواری یاسای دەستەی دەستپاکی، پێویسته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و وه‌زیره‌كان، سه‌رۆك‌و ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌كان داهاتی خۆیان بۆئەو دەستەیە ئاشکرا بکەن.

به‌پێی یاساكه‌ نابێت سه‌رۆك كۆمار له‌پێنج ئۆتۆمبیل زیاتری هه‌بێت، جێگره‌كانیشی له‌چوار ئۆتۆمبیل زیاتریان نابێت، وه‌زیره‌كانیش ته‌نها 3 ئۆتۆمبیل‌و جێگره‌كانیان 2 ئۆتۆمبیل‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان یه‌ك ئۆتۆتۆمبیل.

هاوكات به‌پێی‌ یاسای په‌سه‌ندكراوی‌ هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی‌ پله‌باڵاكان، تەواوی پاسەوان‌و فەوجەکانی سەرۆککۆمارو سەرۆک وەزیران‌و سەرۆکی پارلەمانی پێشو سەرجەم کەسایەتیە سیاسیه‌کان وەردەگیرێتەوە، ئەوانەی لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە دامەزراون.

هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئەمشەوی‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق كراو بەگوێرەی یاساكەش سلێمانی 14، هەولێر 11، كەركوك 10 و دهۆك 8 كورسیان لەپەرلەمانی داهاتوی عێراق دەبێت.


لەپرۆژە یاسا نوێكەدا، ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەی پەرلەمانتارەكانی لە 329 پەرلەمانتارەوە بۆ 242 ئەندام كەمكراوەتەوەو بەغدای پایتەختی عێراقیش بە 57 كورسی زۆرترین نوێنەری لەپەرلەمانی داهاتو دەبێت، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە هیچ كورسییەكی بۆ دیاریی نەكراوەو وەك پارێزگا ئاماژەی پێنەكراوە.

بەگوێرەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن ژمارەی کورسیەکان بۆپارێزگاکان بەمشیوەیە دەبێت:
بەغداد 57، موسل 23، بەسرە 18، سلێمانی 14، زیقار 13، بابل 12، هەولێرو ئەنبارو دیالە هەریەکەیان 11، کەرکوک 10، سەلاحەدین‌و نەجەف هەریەکەیان 9، دهۆک‌و واست‌و دیوانیە‌و کەربەلا هەریەکەیان 8، میسان 7، موسەننا 5 . کۆی گشتی دەکاتە 242 کورسی پارلەمان.

یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمتیازاته‌ داراییه‌كانی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت:







زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×