جه‌بار یاوه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ نزیك خورماتو ره‌تده‌كاته‌وه‌
  2019-02-11       850       

فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌واڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ نزیك خورماتو و هه‌روه‌ها جوڵه‌پێكردنی دو فه‌وجی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و فه‌لوجه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ئاوێنه‌ كه‌وتوه‌ رایگه‌یاند"له‌هەندێ لەهۆکارەکانی راگەیاندن و لەسەر زمانی فەرماندەیه‌کى هێزەکانی پێشمەرگەو کەسانی تر هەواڵی گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ نزیک دوزخورماتو  یان جوڵەپێکردنی دو فەوجی هێزەکانی پێشمەرگە بەرەو فەلوجە بلاوکراواتەوه‌."

وتوشیه‌تی"ئێمە وەکو وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵانە بەگشتی رەت دەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە کە نەهیچ یەکەیه‌کی هێزەکانی پێشمەرگە جوڵەی پێکراوە و نە فەرمانی جوڵه‌کردنیش هەیە بۆ هیچ یەکەیەک و گشت هێزەکانی پێشمەرگە لەبنکەو بارەگاو هێڵى سەرەکى بەرگرى و شوێنەکانی خۆیانن."

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ حاجی عوسمان، فەرماندەی لیوای 136ی هێزی پێشمەرگە بەئاوێنەی ڕاگەیاندبو بەیانی ئەمڕۆ دوشه‌ممه‌ هێزەکانی پێشمەرگە لە دو سەنگەری نێوان قەزای کفری و قەزای خورماتو جێگیر بون ئه‌وه‌ش بۆ پاراستنی ناوچه‌کە لەچەکدارانی داعش و جمو جوڵەکانیان.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردبو كه‌ هێزی پێشمەرگە ڕۆشتونەتە ئەو ڕەبایانەو ئێستە پێشمەرگەی تێدایە، وتیشی" لیژنەی هاوبەشمان لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەگەڕێن تاکو بزانن بۆشایی نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزی عێراق لەکوێدایە هەتاوەکو هێزی هاوبەشیان بۆ دروست بکەن بۆ ڕێگەگرتن لەچەتەی داعش و جموجوڵیان."

فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاشکراشیکردبو ئێستا هێزی پێشمەرگە لەتەنیشت پردی قۆری چای-یەو پردەکەی قۆری چای سوپای عێراقی تێدایە ئەم دیوی پێشمەرگەی تێدایە.

به‌ڵام جه‌بار یاوه‌ر له‌ كۆتایی رونكردنه‌وه‌كه‌یدا وتویه‌تی"هەرهەواڵێک لە هەر سەرچاوەیەک بڵاوبکرێتەوە، فەرمی نەبێت و لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە رێگاپێدراو نەبێت، هەواڵی ناڕاستە و بێ بنەمایە و پەسەند نىیە."



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×