دژە تیرۆری عێراق: داتا و زانیاری تیرۆرستانمان لایە
  2020-02-17       811       
دەزگای دژە تیرۆری عێراق بڵاویکردەوە کە داتا و زانیاری سەبارەت بە پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لایە کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی سوودی لێ دەبینن.
 
ئاوێنه‌: لەوبارەوە سەباح نوعمان، وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق (هێزەکانی بژاردە لە سوپا) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە ''ستراتیجییەت و دیدی دەزگای دژە تیرۆر بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، خۆی لە چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە هەوڵی وەزارەتەکان و دەزگاکانی دیکەدا دەبینێتەوە لە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و هۆشیاری بۆ خۆپاراستن لە تاوانی تیرۆر''.

سەباح نوعمان ئەوەشی وتووە ''دەزگای دژە تیرۆر داتا و زانیاری سەبارەت بەو تیرۆریستانەی لایە کە لە عێراق بوونیان هەیە''.

وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، سەباح نوعمان باسی لەوەشکردووە، ئەو داتا و زانیارییانە بوونەتە سەرچاوەیەک کە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی سوودی لێ دەبینن.

سەباح نوعمان جەختی لەوەشکردەوە کە لەمیانی رۆژانی داهاتوودا، ئۆپەراسیۆن بۆسەر حەشارگەکانی تیرۆریستان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت.

رۆژی شەممەی رابردوو، دەزگای دژە تیرۆر عێراق کوژرانی ١٠ چەکداری داعشی لە ناوچەی حەمرین باکووری پارێزگای دیالە راگەیاندبوو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×