کۆرۆنا: تێكشکانی سیستەم... گفتوگۆیەک لەگەڵ ئێڕنست ڤۆلف
  2020-03-25       860       

ئامادەکردنی لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

 

ئەم دیمانەیە لەگەڵ ئێڕنست ڤۆلف لە 20.03.2020 لە(eingeschenkt.tv) ئەنجامدراوە، ئێڕنست مامۆستای فەلسەفەیە لەزانکۆی بریتۆریا - باشوری ئەفریقیا، ئەو نوسەری چەندین کتێبی گرنگە دەربارەی پەیوەندی نێوان ئابوری‌و سیاسەت، کە بەناوبانگترینیان دەربارەی "سندوقی دراوی نێودەولەتی"یە کە رۆڵێکی گەورە لەبەهێزکردنی سەرمایەداری جیهانی‌و ئیدارە کردنی قەیرانەکاندا دەبینیت، ئێڕنست ڤۆلف لەم گفتوگۆیەدا دەڵێت "مرۆڤ پێویستە لەوە بکۆڵێتەوە کە بۆچی لەپشتی هەموو هەواڵەکان و ڕەوشەکانی نەخۆشکەوتنەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) خۆی دەبینێتەوە، ئێستاش گەرەکە بپرسین کە کێ لە پشتی ئەم ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانییەوەیە".   



- ئێرنستی هێژا، تۆ کتێبەکەت بەم ناونیشانە نووسیوە: "سونامی ی دارایی بەڕێوەیە". ئایا هەنووکە خۆمان لە کوێدا دەبینینەوە؟ لە سەرەتای یان لەنێو جەرگەی سونامیەکەداین؟
- ئێمە لەنێو جەرگەی سونامیەکەداین. ئەوەی هەنووکە دەیبینین دوایەمین گەورە شەپۆلی سونامیەکەیە. ئێمە پێشتر دوو گەورە شەپۆلی دیکەی سونامیەکەمان ئەزموون کردووە، یەکەمیان ساڵی 1998 بوو، ئەو دەمە سیستەمی دارایی هێندەی نەمابوو تێکبشکێت، پاشان ساڵی 2007/2008 کە سیستەمی دارایی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە ڕزگار کرا، ئەوەش بە ڕژاندنی زۆری پارە بۆ نێو سیستەمەکە و دابەزاندنی بڕی سوو. لێ ئێستا پێدەچێت شەپۆلی کۆتاییمان هەبێت، چونکە ئێستا دەبێت لە پاشخانی تێکچوونی بۆرسەکاندا کە ئەم ماوەیە لە بازاڕانی پشکەکاندا یان لە بازاڕەکانی قەرزپێداندا بینیمانن، بۆمبی دیرێڤاتەکە (*) تەقیبێتەوە. کەواتە ئەم سیستەمە تازە تیاچوو. ئەوەی ئێمە هەنووکە دەیبینین، بریتییە لە تێکشکانی تەواوەتی و سەرجەمییانەی سیستەمی دارایی، واتا ئەو سیستەمە کە ماوەی 70 ساڵ لەگۆڕێ بوو.

- ئێمە هەردووکمان دەزانین کە لە تیۆریدا سیستەمەکانی سوو تەمەنکورتن. لێ لە ڕابوردوودا بانکە ناوەندییەکان هەوڵیان دا بەڕێی دابەزاندنی بڕی سوو و لافاوی پارەوە هەموو ئەوانە لە ژیاندا بهێڵنەوە کە لەژێر مەترسیی مەرگدا بوون. ئایا ئەوە ئەمجارەش سەردەگرێت؟

- من وای بۆ دەچم کە ئەوە ئەمجارە سەرناگرێت. ئێمە لە دیسەمبەری ڕابوردوودا تێکشکانێکی گەورەمان هەبوو. پێشتر بڕی یەکجار زۆری پارە خرایە نێو سیستەمەکەوە، بڕی سووەکان بەردەوام زۆرتر دابەزێنران، ئەوجا بەدوویدا هەوڵ درا سیستەمەکە ڕێکوپێک بکرێتەوە، واتا بگەڕێنرێتەوە بۆ شێوە ئاساییەکەی. لێ ئەو هەوڵە دیسەمبەری ڕابوردوو شکستی هێنا. لە دیسەمبەری ڕابوردووەوە سەرلەنوێ دەبینین کە بڕی سووسەندن بەردەوام پتر دادەبزێنرێت، ئەوە بە شێوازێکی یەکجار زۆر. لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوو کەمکردنەوەی بڕی سوو ئەنجامدران، بە ڕێژەی یەکجار زۆر، جارێک بە بڕی0,5%، جارێکی دیکەش وا بزانم 1,5% یان 1,25%.


- بە هەر حاڵ کتوپڕ دابەزێنرا بۆ سەر ئاستی سفر. وابزانم ئەوە شەوی یەکشەممەی ڕابوردوو بوو. خۆی دەبوو دابەزاندنەکە ڕۆژی چوارشەممە ڕووبدات، لێ ئەنجامدانی دابەزاندنەکە لە یەکشەممەدا سیگنالێک بوو بۆ بازاڕەکانی دارایی کە پێی گۆتن: بەڕێزان ئیمە ناتوانین تا ڕۆژی چوارشەممە ڕابووەستین...


- دروستە. ئەوەش پێشانی دەدات کە بانکە ناوەندییەکان چیدی دەرفەتیان نەماوە بۆ ئەوەی ئەم سیستەمە ڕزگاربکەن. ئەوان تەنیا ئەم دوو دەرفەتەیان هەیە: یان بەردەوام پارەی زیاتر دەرخواردی سیستەمەکە بدەن یان بڕی سووەکان دابەزێنن هەتا ئاستی ژێر سفر. لێ ئەو دابەزاندنانەی بڕی سوو نەیانتوانی مەبەست بپێکن. هەموو وەبەرهێنەرانی پارە پشکەکانیان فرۆشت، ئەوان بەکۆمەڵ چوون بۆ بۆرسەکان و شێتانە دەستیان کرد بە کڕینی ئاڵتون و زیو. بە هەر حاڵ، هەنووکە سیستەمەکە لە تێکشکاندایە، بە دیدی من تازە هیچ شتێک فریای ناکەوێت. بێگومان ئێستا دەبێت تاوانبارێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەو تێکشکانە. من باوەڕ دەکەم ئێستا ئەو تاوانبارە دۆزراوەتەوە، ئەوەش لە فۆرمی ڤایرۆسێکدا.


- لێ ئەو دوژمنە نادیارە.


- بێگومان وایە. من پزیشک نیم، شارەزاییم لە پزیشکیدا نییە، لێ من دەزانم هەندێکی ئەوە ڕاست نییە کە بە ئێمە دەگۆترێت. منیش سەرەتا پەیوەند بە ڤایرۆسەکەوە ترسام، دوای ئەوەی یەکەم هەواڵەکانمان لە چینەوە یان هەواڵە ترسێنەرەکانمان لە ئیتالیاوە پێگەیشتن. لێ مرۆڤ پێویستە لێرەدا ئارام بێتەوە و بە تەواوەتی لەوە بکۆڵێتەوە کە ئەو هەواڵانە لەکوێوە دێن. لە پشتی هەموو هەواڵەکان و ڕەوشەکانی نەخۆشکەوتنەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) خۆی دەبینێتەوە، ئێستاش گەرەکە بپرسین کە کێ لە پشتی ئەم ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانییەوەیە. ئەم ڕێکخراوە ساڵی 1948 لە لایەن چەندین دەوڵەتەوە دامەزرێنرا، هەر ئەو دەوڵەتانەش لە یەکەمین دە ساڵەکانی تەمەنیدا بە تایبەتی پارەکەیان بۆ دابین دەکرد. لێ ئەوە لە میانەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێسا و ڕێنوماکانی پەیڕەویدا لە هێز خرا، ئەمەش دیاردەیەکی زۆر گرنگ بوو لە کایەی سیستەمی داراییدا، کە پێکەوە لەتەک شەپۆلێکی زەبەلاحی بە ئەهلیکردنی کەرتی دەوڵەتیدا ئەنجام درا، کە هەروەها ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیشی گرتەوە. ئەوە بوو لە حەفتاکانەوە باربووییە دەوڵەتییەکان هەمیشە کەمتر کرانەوە، بەرانبەر ئەوەش باربوویی ئەهلی چوونە نێوییەوە، ئەو دامەزراو و فیرمایانەش بریتین لە فوندەیشنەکان و پیشەسازیی دەرمان کە هەنووکە 85%یان لەدەستدایە.


- کەواتە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئۆرگانێکی لۆبیی پیشەسازییەکانی دەرمانە؟



- من وای دەبینم. ئاخر گەر مرۆ تەمویلە داراییەکە لە پاشخاندا ببینێت، ئەوا ناچارە ببێژێت کە ئێستا نەک دەوڵەتان، بەڵکو فوندەیشنەکان و پیشەسازیی دەرمان کاریگەرییان بە سەرییەوە هەیە. ئەو دامەزراوانەش هیچی دیکە نین جگە لە ڕێکخراوی ئەوتۆ کە تێیاندا کەسانی دەوڵەمەند پارەکانیان لە دەستپێڕاگەیشتنی زەریبە بەدووردەگرن. لەم پەیوەندییەدا گەورەترین فوندەیشنی نێو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بریتییە لە (bill and miranda gates foundation)، کە خۆی وەک ڕێكخراوێکی خەیری دەردەخات، لێ ئەوەندە بەسە کە تەماشای پاکەتی پشکەکانن فوندەیشنەکە بکەین. ئەو پشکی زەبەلاحی لە کۆکا کۆلا و پێپسی کۆلادا هەیە، کەواتە لە بەرهەمهێنەری ئەتۆدا کە هێندە مەبەستیان تەندروستیی گەل نییە. ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەوجا پیشەسازیی دەرمانیش بە هەمان شێوە ئەو کاریگەرییەی لەسەر ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەیە. با بڕوانین کە لە پاندێمییەکانی ڕابوردوودا چی ڕووی داوە، بۆ نموونە کاتێک ساڵی 2005 ئەلفلۆنزای باڵندە بڵاوبۆوە. ئەو دەمەش وەک ئەمڕۆ لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پەرچەکرداری هاوشێوە نوێنرا. ئەو دەمە بەڕێوەبەرێکی ڕێکخراوەكە گۆتی، کە بەهۆی ئەو ئەلفلۆنزایەوە چاوەڕوانی 7 ملیۆن مردوو دەکەن. ئەو دەمەش هیستریایەکی یەکجار گەرە وروژێنرا، حکومەتەکان ناچار بوون بە ڕێژەی خەیاڵی دەرمان لە پیشەسازیی دەرمان بکڕن، لێ لە سەرەنجامدا کەمێک زیاتر لە 150 کەس بەهۆی ئەو ئەلفلۆنزایەوە مردن، لە ئەڵمانیا یەک تاکە کەس نەمرد. لێ تیجارەتەکە بە ڕێژەی خەیالی ئەنجام درا. ئەوجا هەمان ئەو بەڕێوەبەرە ساڵی 2007 گواستییەوە بۆ لای یەکێک لە گەورەترین پیشەسازییەکانی دەرمان بە ناوی نۆڤارتیس (Novartis). ئەو هەموو بەرژەوەندییە لە پاشخاندا کاران. گەر مرۆ ڕەچاوی ئەمانە بکات، ئەوا ئەمڕۆ پێویست ناکات بخزێتە نێو هیستریاوە.


- کەسان هەن کە بە ترساندن پارە پەیدا دەکەن، ئێمە لە لایەکی دی ئەم قۆناغەی دێریڤاتمان هەیە، کە کۆرسەکانی بۆرسە دادەبەزن. ئێستا سەرەتای ئیفلاسکردنی چەندین فیرما دەستی پێکردووە، دەوڵەتەکانیش بە هەمان چارەسەری ڕابوردوو وەڵام دەدەنەوە، کە لە خودی ڕابوردووشدا سوودی نەبووە، واتا ڕشتنی زۆرتری پارە، یان ڕێکخستنی کاری کورتخایەن و هتد. ئەوجا بەهۆی هیستریای کۆرۆناوە دەوڵەتان لە ئاستی جیهاندا بواری ئابوورییەکەی خۆیان لەکاردەخەن، لێرەشدا بڕی پارە هەڵدەئاوسێنرێت، لێ بەرانبەر ئەوە هەنووکە دەرخستەکانی شمەک و کاروباری خزمەتگوزاری بچووکتر دەبنەوە. ئایا ئەوە ئامادەسازییەکی تەواوەتی نییە بۆ هیوپەر ئینفلاسیۆنێک (گرانبوونی بەزری شمەک)؟


- بێگومان وایە. وابزانم هۆنگ کۆنگ یەکەم دەوڵەت بوو کە "هێلیکۆپتەر مۆنی" (helicopter money)ی بەگەرخست، واتا پارەی هێلیکۆپتەر کە بەو پێیە هەر هاوڵاتییەک بڕێک پارەی لە لایەن حکومەتەوە یان بانکی ناوەندییەوە بۆ حەواڵە دەکرێت. هەروەها ئەمەریکا هەمان پلانی ڕاگەیاند، حکومەتانی دیکەش لەم پەیوەندییەدا تێبینیی خۆیان دا. لێ پارەی هێلیکۆپتەر دوایەمین هەوڵدانی هیوابڕاوە بۆ ڕزگارکردنی ئەوە کە چیدی ڕزگار ناکرێت. ئاخر ناشێت تەنیا یەکجار پارەی هێلیکۆپتەر بدرێت، بەڵکو دەبێت ناوبەناو لە میانەی دیاریکراودا بدرێت، لێرەشدا ئاشکرایە گەر دەست بنرێتە بینی بواری ئابوورییەوە، ئەوا دەبێت شتێک پارە بەو خەڵکە بدرێت تاکو خۆیان لە ژیاندا بهێڵنەوە. ئەوجا خەڵک بەو پارەیە شت دەکڕێت، کە کاریگەریی لەسەر نرخەکان دەنوێنێت، بۆیە دەتوانین ببێژین کە ئەوە هیوپەر ئینفلاسیۆنی بەدوودا دێت.

ئەوجا پەیوەند بە نرخی نەوتەوە نێوەندێکی دیکەی گرنگمان هەیە. ئێمە هەنووکە تەنیا تێکشکانی سەرجەمییانەی سیستەمی داراییمان لە جیهاندا نییە، بەڵکو هەروەها خۆمان لە سەرەتای سەردەمی ڕێکخستنەوەیەکی ستراتیژیانەی نوێی ڕێکخراوی جیهاندا دەبینینەوە. لە مانگی سێی ئەم ساڵدا ڕووداوێکی گرنگ هەبوو کە لە نێوەندی گشتیدا ئەوەندە دانوستان نەکرا، واتا کۆنفرانسی ئۆپیک لە ڤیین. هاوکات لەپاڵ ئەودا ڕێکخراوێکی دیکە هەیە بە ناوی ئۆپیک پلوز (Opec plus)، کە روسیا و چەند دەوڵەتێکی دی سەر بە ئەمیانن. ئەم دوو ڕێکخراوە گەورەترین دەرهێنەری نەوتن لە جیهاندا. لەم ڕەوشەدا دەوڵەتی سعودی عەرەبی کە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک یەکێک بوو لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، تەواو ئاشکرا دژی ئەمەریکا وەستایەوە. بێگومان سەرجەمی مەسەلەکە کەمێک شاررایەوە، وا پێشان درا کە گۆیا سعودی عەرەبی و ڕوسیا ناتوانن ڕێکبکەون، لێرەشدا مەسەلەکە ئەوە بوو کە بڕی دەرهێنانی نەوت کەمبکرێتەوە، چونکە هەنووکە بەهۆی کەمیی ڕێژەی بەرهەمهێنانەوە زۆر کەم داخوازی لەسەر نەوت هەیە، بۆیە ویستیان بڕی دەرهێنانی نەوت سنووردار بکەن بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرز بمێنێتەوە، لێ لەسەر ئەوە وا پێشان درا کە گۆیا نەیانتوانیوە ڕێکبکەون، ئەوجا گۆیا ناکۆکی هەبووە لە نێوان سعودی عەرەبی و ڕوسیادا. لێ گەر بە وردی بڕوانین، ئەوا دەبینین کە گەورەترین دۆڕاوی ئەم مەسەلەیە ئەمەریکایە. ئەمەریکا لە ساڵانی رابوردوودا توانیی بەڕێی فڕێکینگ-ەوە (Fracking) خۆی لە ڕووی وزەوە سەربەخۆ بکات، لێ سەدان ملیۆن دۆلار ڕژێنرانە نێو ئەم ئیندوسترییەی (گەلە فیرما بەرهەمهێنەری) فڕێکینگەوە. کێشەکە ئەوەیە کە فڕێکینگ پێویستی بە نرخێکی تا ڕادەیەک بەرز بۆ نەوت هەیە، نزیکەی 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ...


- لێ ئەوان لە حاڵەتی نرخی هەنووکەی نەوتدا بە 20 یان 26 دۆلار زیانی زۆر گەورە دەکەن...


- بەڵی ئەو فیرمایانە لە تێکشکاندان. ئەوجا دەبێت هاوکات ئەوەش بزانین کە هەنوکە گەورەترین بڵقی قەرزمان لە ئاستی جیهانیدا هەیە. هەموو ئەو قەرزانە کە هەن و دەبێت بدرێنەوە، هەنووکە توانا بۆ دانەوەیان نییە، بۆیە ئێستا بڕی قەرزی تەمەڵ (**) چەند جا زیاد دەکات، لەم ڕوانگەیەشەوە سیستەمی دارایی لە چەند لاوە فشاری لەسەرە کە ئیدی ناتوانێت خۆی بهێڵێتەوە. کێشەکەی دی بریتییە لە بڵقی دێریڤات. بەڵێ تەنیا دابەزینی نرخی نەوت بۆ ژێر 30 دۆلار لە توانایدایە بڵقی دێریڤات بتەقێنێت، چونکە نەوت لە ئاستی جیهاندا گەورەترین بابەتی بازرگانییە، سەرجەمی بازرگانیەکانیش لە بواری نەوتدا بەڕێی دێریڤاتەوە مسۆگەر دەکرێن، ئەم مسۆگەرکردنەش کاری خۆی پێ بەدیدەهێنرێت گەر نرخی نەوت تا ڕادەیەک لە ئاستێکدا ڕابگیرێت.


(*) دێریڤات: ئامرازەکانی دارایی کە نرخەکەیان یان کۆرسەکەیان لە بابەتێکی بازاڕەوە وەک بەهایەکی زەمینەیی دیاریدەکرێت.
(**) قەرزی تەمەڵ بەو جۆرە قەرەزە دەگۆترێت، کە لە لایەنی قەرزدەرەوە ڕیسکێکی گەورە لە خۆ دەگرێت، کە دەشێت قەرزوەرگر توانای دانەوەی نەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×