100 بەندكراو چاوەڕوانی ئیمزای دادوەرێکن بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن، دادوەرەکە دەوام ناکات
  2020-03-28       1666       

ئا: ئاوێنە


 رێكخراوێكی مافی مرۆڤ داوا دەكات ئەنجومەنی دادوەری‌و دەزگا پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بەئەنجومەنی دادوەریی بۆ ماوەی كاتژمێرێكیش بێت دەوام دەستپێبكەنەوە، چونكە نزیكەی 100 بەندكراو هەن لەڕووی یاساییەوە مافی خۆیانە دۆسیەكانیان ببینرێت بەتایبەتی ئەوانەی ناو چاكسازیەكان كە سزا دراون، بەڵام دادوەرەكان دەوام ناكەن.



كارزان فازیل، بەڕێوەبەری رێكخراوی پەرەپێدانی مافی مرۆڤ بەئاوێنەی راگەیاند نزیكەی 100 بەندكراو ماوەی دو هەفتە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەن دۆسیەكانیان ببرێتە بەردەم دادوەر تەنها بۆ ئەوەی بۆیان ئیمزا بكات، بەڵام هیچ دادوەرێك نییە بۆ ماوەی كاتژمێرێك بچێتە دادگا تا دۆسیەكانیان ببینێت، ئەو وتی "ئەم بەندكراوانە ئێستا مافەكانیان پێشێل دەكرێت بەبێ‌ ئەوەی هیچ یاسایەك هەبێت ئەم مافەی لێسەندبنەوە".


وتیشی "دەوام راگیران نابێت ببێتە هۆی پێشێلكاری مافی مرۆڤ‌و پەكخستنی جێبەجێكردنی یاسا، دادوەر ئەگەر لەخۆی ببورێت دەتوانێت بچێت كاتژمێرێك دەوام بكات".


كارزان ئەوەی رونكردەوە كە بەپێی یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەكان، ئەم كەسانە بەپێی مادەكانی 331 تاوەكو 337 بنەمای دادگایی كردن دەیانگرێتەوەو مافی یاسایی خۆیانە كە ماوەی یاسایی سزادانیان كۆتایی هاتوەو ئازاد بكرێن‌و كەس ناتوانێت ئەم هەقەیان لێبسەنێتەوە، ئەو وتی "ئەم كەسانە ئێستا مافیان پێشێل دەكرێت، بۆیە داوا لەئەنجومەنی دادوەری دەكەم كە دەستبكەنەوە بەدەوام‌و ئەوراقی ئەو بەندكراوانە ببینن".


سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەوە دەربڕی كە تا ئێستا دادوەر دەوام ناكات‌و دادوەرێك نییە ئیمزایان بۆ بكات، ئەو وتی "بەندكراو هەیە زیاتر لە 2 هەفتەیە دەبێت ئازاد بكرێت بەڵام ئازاد نەكراوە".


وتیشی "25 بەندكراو لەسلێمانی هەن كە چاوەڕوانی ئیمزایەكن، لەهەموو هەرێمی كوردستانیش 100 بەندكراوی بەوجۆرە هەن، رەنگە تا 16 / 4 ئەم ژمارەیە زیاتریش بێت".


كارزان ئاماژەی بەوەش كرد كە قسەیان لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ كردوەو ئەوان وتیانە تەنها دادوەر بچێت كاتژمێرێك لەدادگا دابنیشێ‌ یەچن ئەوراقەكانیان بۆ دەبەن ئیمزای بكات، ئەو وتی "ماقوڵ نییە لەهەر شارەو دادوەرێك نەبێ‌ بچێت كاتژمێرێك دەوام بكات لەدادگا‌و ئیمزا بۆ ئازاد كردنی 100 بەندكراو بكات كە ماوەی سزادانەكەیان تەواو كردووە".


وتیشی "جگە لەمەوەش هێشتنەوەی ئەوان لەبەندیخانەدا لەم كاتەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایەدا جێی مەترسی‌و نیگەرانی ئەو بەندكراوانەو كەسوكاریانە".


ئەمە لەكاتێكدایە كە سەردان كردنی بەندكراوان بەهۆی كەرەنتینە كردنی شارەكان‌و قەدەغە كردنی هاتوچۆوە راگیراوە.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×