سەرۆك وەزیرانی به‌ریتانیا هۆشداریدا کە لە رۆژانی ئایندەدا دۆخەكە خراپتر دەبێت
  2020-03-29       515       
سەرۆك وەزیرانی به‌ریتانیا كە توشبوی كۆرۆنایە و خۆی كەرەنتینە كردوە، هۆشداری داتە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كە لە رۆژانی ئایندەدا دۆخەكە خراپتر دەبێت، تەندروستی ئەو وڵاتەش پێشبینیدەكەن كەرەنتینەكردنی وڵاتەكەیان و راگرتنی دەوام و چالاكییەكان تا هاوینی داهاتو درێژبكرێتەوە.

ئاوێنه‌: بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی ستاندارد، ئەمڕۆ یەكشەممە بۆریس جۆنسن، سەرۆك وەزیرانی به‌ریتانیا پەیامێكی ئاراستەی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كردوە و تێیدا هۆشداری داوە كە رۆژانی ئایندە دۆخەكە خراپتردەبێت، تەندروستی ئەو وڵاتەش پێشبینیدەكەن كەرەنتینەكردنی وڵاتەكەیان و راگرتنی دەوام و چالاكییەكان تا هاوینی داهاتو درێژبكرێتەوە.

سەرۆك وەزیرانی بریتانیا ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەر پێویستبكات رێكاری توندتر لەدژی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا دەگرنەبەر.

ئەم پەیامەی سەرۆك وەزیرانی به‌ریتانیا لەكاتێكدایە ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لەو وڵاتە لە هەڵكشانی بەردەوامدایە و تائێستا ١٧ هەزار و ٨٩ حاڵەتی توشبون تۆماركراوە لەنێوانیاندا شازادە ئەلیزابێز و سەرۆك وەزیران و وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە، هەزار و ١٩ كەسیش بەهۆی نەخۆشییەكەوە گیانیانلەدەستداوە.

كۆرۆنا نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسیی كوشنده‌یه‌ و رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی وه‌ك په‌تای جیهانی پۆڵێنیكردوه‌، ئه‌و ڤایرۆسه‌ تا ئێستا له‌ ١٩٢ وڵاتدا بڵاوبوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، ٦٧٢ هه‌زار و ٨٩ حاڵه‌تی توشبون تۆماركراوه‌، ٣١ هه‌زار و ١٩١ كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ مردون.

تاكه‌ ڕێگای خۆپارێزی له‌و نه‌خۆشییه‌ تائێستا دوركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مانه‌وه‌یه‌ له‌ماڵه‌وه‌، هاوكات شوشتنی ده‌ست و ده‌موچاو به‌سابون و خۆبه‌دورگرتن له‌ته‌وقه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنی راسته‌وخۆ.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×