داوای دەکرێت لێكۆڵینەوە لە كوژرانی خۆپیشاندەرانی ناسرییە بکرێت
  2020-05-18       217       
كەسوكاری ئەو خۆپیشاندەرانەی كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق كوژراون، داوایان لە سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی كرد كە لێكۆڵینەوە لە كوژرانی رۆڵەكانیان بكات.

ئاوێنە: لە میانی مانگی تشرینی یەكەم تا مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو لەسەر پردی زەیتون ناوەڕاستی شاری ناسرییە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە، ٤٥ خۆپیشاندەر كوژران و ١٠٠ی دیكەیش برینداربوون.

هاوکات كەسوكاری خۆپیشاندەرە كوژراوەكان لە بەردەم پردی زەیتون خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لەمیانیدا داوایان لە سەرۆكوەزیرانی نوێ كرد كە لێكۆڵینەوە دەست پێ بكات لە كوژرانی خۆپیشاندەران و ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران.

لەوبارەیەوە یەكێك لە خۆپیشاندەران بە ناوی حیكمەت سەعدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە لە میانی خۆپیشاندانەكەیاندا، داوایان كردووە لێكۆڵینەوە لە كوژرانی خۆپیشاندەران بكرێت.

ئاماژەی بەوەیش دا كە داواشیان كردووە، دادوەرێكی دانیشتوی زیقار راسپێردرێت بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو دۆسیە بكات و باسی لەوەشكرد كە لە میانی خۆپیشاندانەكەیاندا، هەروەها داوایان كردووە كە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەو كەسانەی كە بەرپرسن لە كوژرانی خۆپیشاندەران دادگایی بكرێن.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×