عەبدولناسر قارداش، جێگرەکەی ئەبوبەکری بەغدادی کێیە؟
  2020-05-22       1627       

هیشام ئەلهاشمی
لەعەرەبیەوە: هێمن مەحمود



ئەبو عەبدولرەحمان شامی ئەبو عەبدولرەحیم، ناوی تەواوی تەها عەبدولرەحیم عەبدوڵا بەکر غەسانییە، لەناو داعشدا بە حاجی عەبدولناسر قارداش و ئەبو محەمەد بەناوبانگبوە، لەساڵی 1967 لە تەلەعفەر لەدایکبووە، لەگەڕەکی مەشیرفە لەموسڵ دانیشتووە، دەرچوی کۆلیژی ئەندازیارییە، فیکری تەکفیری لەسەر دەستی ئەبو عەلی ئەنباری ناسراو بە ئەبوعەلای عیفری وەرگرتووە، لەساڵی 2003 پەیوەندی کردووە بەئەنساروئیسلامەوە.

ساڵی 2007 بەیعەتی بەقاعیدە داوە، بەڵام ئەبو عومەری بەغدادی و ئەبو حەمزە موهاجری نەبینیوە، بوەتە یاریدەدەری ئەبوقسورەی مەغریبی و لەپارێزگای نەینەوا وەک ئیداری لەویلایەتی جەزیرە تا کۆتایی ساڵی 2007 کاریکردووە، کراوەتە والی جەزیرەو بەرپرسی چەندین کوشتارگە بووە.

بەتەزکیەی ئەبو موسلیم تورکمانی لەساڵی 2010، لەلایەن ئەبوعومەری بەغدادی بوەتە والی ویلایەتەکانی باکور( باشوری موسڵ و موسڵ و جەزیرەو کەرکوک).
دوای کوشتنی ئەبوعومەری بەغدادی لەنیسانی 2010 پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئەبوموسلیمی تورکمانی دروستکردوە، هەر ئەویش لەکۆتایی 2011 چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەبوبەکری بەغدادی لەدەوروبەری بەغدا بۆ رێکخستووە، بەهۆی ئەوەی ئەندازیاربووە، بەغدادی دوای ئەو چاوپێکەوتنە کردویەتیە ئەمیری پیشەسازی و گەشەپێدان.

 لەتەموزی 2011، لەگەڵ حاجی بەکر خلێفاوی و ئەبو محەمەدی جۆلانی و ئەبو محەمەدی عەدنانی لەپێشەنگەکانی بڵاوکردنەوەی فیکری قاعیدەبوون لەشام، هاوکات لەگەڵ ئەبو محەمەدی عەدنانی دەستێکی باڵای هەبووە رێکخستن و راکێشانی خەڵکی بۆ رێکخراوەکەیان لەرۆژهەڵاتی سوریادا و چەندین کارگەی چەک و تەقەمەنی و چەکی بێدەنگی دروستکردووە.

دەیان جار ئەبوبەکری بەغدادی بینیوە، هەر ئەمیش خاوەنی فیکرەی یەکگرتنی هەردوو لقی سوریاو عێراقی قاعیدە بووە کە دواتر داعشی لێ بەرهەمهاتووە، ئەویش دوای ئەو جیابونەوانەی کە لەرێکخراوی قاعیدەدا رویاندا. دوای جیابونەوەی بەرەی نوسرەش لەداعش، عەبدولناسر قارداش کراوەتە والی شەرقیە (حەسەکەو دێرئەلزورو رەقە).

لەساڵی 2014 بوەتە والی بەرەکە، دوای راگەیاندنی خەلافەتیش کراوەتە جێگری ئەمیری لیژنەی دانوستان و دواتریش ئەمیری لیژنەکە، بەهۆی ئەوەی مشتومڕکردنی لەگەڵ ئەبوبەکری بەغدادی لەلایەن بەغدادیەوە سزادراوە.دواتر تا ساڵی 2017 سەرپەرشتیاری مەلەفی گەشەپێدان و پیشەسازی بووە، دوای کوژرانی عەدنانیش تاساڵی 2019 بوەتە جێگری ئەبوبەکری بەغدادی.
لەگرنگترین ئەو شەڕانەی سەرپەرشتیکردون: کۆبانی وتەدمور و حەڵەب و ریفی حمس و شەڕەکانی باب بووە، فەرماندەی دواین شەڕی داعش بووە لەرۆژهەڵاتی سوریا لەنیسانی 2019 (شەڕەکانی باغوز).

 لەدانوستانەکانی داعش لەگەڵ زۆربەی گروپ و لایەنەکانی تردا رۆڵێکی گرنگی هەبووە. بەتایبەت ئەوانەی بەسەفقەی پاسە سەوزەکان ناسران، شەوی 20ی ئایاریش حکومەتی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنەکەی بڵاوکردەوە.


٭ هیشام ئەلهاشمی/ لێکۆڵەرو نوسەری بواری ئەمنی و گروپە توندڕەوەکانەو خاوەنی کتێبی (جیهانی داعش)کە لەلایەن وەرگێڕی ئەم وتارەوە لەساڵی 2015 کراوەتە کوردی.

٭بەپێی زانیارییەکان عەبدولناسر قارداش لەلایەن شەڕڤانانەوە لەباغوز دەستگیرکراوەو رادەستی عێراق کراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×