دیاردەیەک بەناوی مامۆستا "خدر بێگەڵاسی"..
  2020-06-07       2891       

محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ


"یەک فاکتەر ڕۆڵ دەبینێ لەوەی مرۆڤ شکست بێنێت، ئەویش نەبوونی متمانە بەخۆبوونە"."ویلیام جەيمیز"دەروونناسی ناسراوی ئامریکایی.

خدر بێگەڵاسی، لە کوێرە گوندێکی دورە دەستی ناوچەی پشدەر لەدایک بووە، بەڵام ھەنووکە ناو و ناوبانگی ئەو لەسەر زمانی زۆربەی خەڵکی کوردستانە.

بەجل و بەرگ و پێڵاوێکی سادە، بە ستایلێکی تایبەتی سەر و قژ داھێنانەوە، زۆرجار بە سواری دوچەرخەیەک بەناو بازاڕی قەڵادزێدا دێت و دەچێت، لەیەک کاتدا چەند کەسێک بە"مامۆستا"بانگی دەکەن و وێنەی لەگەڵ دەگرن.

ئەو بەھۆی ھونەری گۆڕانی گوتن و شێوەی قسەکردنییەوە، لەناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە بانگھێشتی کۆڕ و کۆبوونەوەی تایبەتی ھەوادارەکانی دەكرێت، بە گۆرانی و مۆسیقاوە کۆڕی دۆست و ھەوادارەکانی گەرم دەکات و ھەوادارەکانیشی خۆشەویستی و پشتیوانی خۆیان بۆی دووپات دەکەنەوە.

ئێستا مامۆستا"خدر بێگەڵاسی" تەنھا ناوێکی لۆکاڵی نییە لەچوارچێوەی گوندەکەی خۆیدا، بەڵکوو ناو و ناوبانگی ناوبراو بووەتە ناوێکی کوردستانی و بەناو پانتایی و جوگرافیای وڵاتدا بڵاو بۆتەوە!.

خدر بێگەڵاسی دەیگوت:
"ناوبانگ پەیداکردن چێژی خۆی ھەیە، ھەرکەسێک ئەگەر متمانەی بەخۆی بێت دەتوانێ ناوبانگ پەیدا بکات، بەڵام بۆ ھەموو شتێک ھەوڵ و کۆشش و ھەنگاونانە".

مامۆستا خدر بێگەڵاسی جیا لەوەی کاری ھونەری دەکات و لەو نێوەشدا ئەستێرەی بەختی بەرەو ھەڵکشانە، ھاوکات لە قسەکردنیشدا زۆر ورد و شارەزایە.
ھەمیشە بەدوای ووشەی تەواو کوردیدا دەگەڕێ و زمان پاراو و شیرینە.

ئەو دەیگوت:
"چەندین گەنج دەناسم خەونی جۆراوجۆریان ھەیە، بەڵام بەشێوەی عەمەلی بەدوای بەدیھێنانی خەونەکانیانەوە نین و تەنھا خەون دەبینن!، خەون و خەیاڵ ئەگەر ماندوبوونی بۆ نەچێژیت ناتوانی بەدەستیان بێنیت".

"ناوبانگ بە خەون و خەیاڵ و دانیشتن پەیدا نابێت، دەبێ بۆی ماندوو بیت و متمانەی تەواوت بەخۆت ھەبێت". خدر بێگەڵاسی وایگوت.

قسەکانی "خدر بێگەڵاسی" بۆمن جێی سەرنج بوون، لێرەدا قسەیەکی بەناوبانگی گەورە دەرونناسی ئەمریکی"ویلیام جەیمیز"م بیرکەوتەوەوە. جەیمیز دەڵێت:
"یەک فاکتەر ڕۆڵ دەبینێ لەوەی مرۆڤ شکست بێنێت، ئەویش نەبوونی متمانە بەخۆبوونە".
بەڵێ، متمانە بەخۆبوون ھەنگاوی یەکەمە، شکست و سەرکەوتنەکانت بە"متمانەبەخۆبوون"ەوە گرێدراوە.

خدر بێگەڵاسی تەنھا خۆیەتی و ھیچ لەشکر و خێڵ و عەشیرەتی بەدەورەوە نییە، حیزب و کۆمپانیاشی نییە بۆ ئەوەی پارەی خەیاڵی و موفتەی لەبەردەمدا ھەڵڕێژن!.
ئەو تەنھا ھەستی متمانە بەخۆبوونی ھەیە و باوەڕی بەخۆیەتی.

مامۆستا خدر لەوبارەوە دەیگوت:
"ئەمن ناڵێم خاوەنی ناو و ناوبانگم، بەڵام ئەگەر قەراربێ خەڵکانێک لە کوردستان بمان ناسن، ئەوە پەیوەندی به دوو شتی سەرەکییەوە ھەیە، یەکەم متمانەم بەخۆم ھەیە و دووەمیش پشتیوانی مەعنەوی خەڵکە".

ناوبراو ئەوەشی گوت:
"متمانە بەخۆبوون و پشتیوانی خەڵک، دوانەیەکی لێک گرێدراون لاى من، ھیواکانیشم بۆ داھاتوو لەسەر ئەو دوو کۆڵەکەیە ھەڵدەچنم".

لەکۆتاییشدا، مامۆستا خدر بێگەڵاسی سپاسی ئەو لەشکرە زۆر و زەوەندەی لایەنگرانی دەکات کە لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوەشدا، پشتیوانی کارەکانی دەکەن و ھانی دەدەن.

ئەو دەڵێت:
"بەھەموو شێوەیەک پارێزگاری لەو متمانەیە دەکەم کە لایەنگرەکانم بەمنیان ھەیە، بەشێکی گەورەی بوونی من ئەو جەماوەرەیە کە وەکوو کێوێک لەپشتمەوە وەستاون".

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×